موفتیی نوێی سعودیە دەستنیشان کرا

سعودیە شێخ ساڵح فەوزانی بە موفتیی نوێی شانشینەکە دەستنیشان کرد.

تشرینی یەکە 23, 2025 - 12:49
موفتیی نوێی سعودیە دەستنیشان کرا
میدیای فەرمیی سعودیە رایگەیاند، شێخ ساڵح فەوزانی تەمەن 90 ساڵ، لە لایەن شا سەلمانەوە لەسەر پێشنیازی شازادەی جێنشین، محەمەد بن سەلمانی کوڕییەوە، بۆ ئەو پۆستە راسپێردراوە. 
 
 فەوزان لە 28ی ئەیلوولی 1935 لە پارێزگەی قەسیم لە سعودیە لە دایکبووە. دوای کۆچی دوایی باوکی، لای شێخەکانی ناوچەکەی، قورئان و زانستەکانی خوێندووە. 
 
بە پێشكێشكردنی بەرنامەی رادیۆیی "نورٌ على الدرِب" یاخود "رووناکیی سەر رێگا" و دواتر نووسینی چەندین پەرتووک و بەشداربوونی لە هەڤپەیڤینە تەلەڤزیۆنییەکان، ناوبانگی دەرکرد. 
 
فەتواکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە بەربڵاوی بڵاوکراونەتەوە. 
 
لەبەر قسە و فەتوا راشکاوەکانی، فەوزان چەندین جار کەوتووەتە بەر رەخنەی میدیای رۆژئاوایی. 
 
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە ساڵی 2017 راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لە وەڵامێکی فەوزان دەکات. 
 
کاتێک پرسیاری لێ کرا کە ئایا دەکرێت سوننەکان خەڵکی شيعە مەزهەب بە برای خۆیان بزانن، فەوزان لە وەڵامدا گوتبووی: "ئەوان برای شەیتانن. درۆ لە بارەی خودا و پێغەمبەر و موسڵمانانەوە دەکەن. هیچ گومانێک لە بێبڕوابوونی ئەواندا نییە." 
 
هەبوونی ئەم بۆچوونانە لە لایەن پیاوانی ئایینی سعودیەوە، شتێکی باوە، بەتایبەتی کاتێک گرژییەکانی نێوان شانشینەکە و ئێران زیاد دەبن. 
 
فەوزان هەروەها رەخنەی لە حووسییەکانی یەمەن گرتووە، بەتایبەتی کاتێک کە مووشەکیان بە ئاراستەی هەردوو مزگەوتی حەرام لە مەککە و پێغەمەر موحەممەد (د.خ) لە مەدینە هاوێشت. 
 
هەروەها فەتوایەکی ساڵی 2016 بۆ فەوزان دەگەڕێندرێتەوە، کە گوایە گوتوویەتی یاریی "پۆکیمۆن گۆو" حەرامە لەبەر ئەوەی جۆرێکە لە قومار. 
 
بەڵام لەو کاتەوە، سعودیە لە ژێر سەرکردایەتیی شازادەی جێنشین محەممەد بن سەلمان بە گۆڕانکاریی گەورەدا رۆیشتووە و ئێستا شانشینەکە خاوەنی بەشێکی بەرچاوی پشکەکانی نینتێندۆ و نیانتیکە، کە بەرهەمهێنەری یارییەکەیە. 
 
دەستنیشانکردنی فەوزان بە موفتی، دوای ئەوە دێت کە شێخ عەبدولعەزیز عەبدوڵڵای شێخ، موفتی چارەکە سەدەیەکی سعودیە، لە مانگی ئەیلوول کۆچی دوایی کرد. 
 
خێزانی موفتیی کۆچکردوو، لە نەوەی شێخ محەممەد عەبدولوەهابن و لە مێژەوە پۆستی موفتیی سعودیەیان بەدەستەوە بووە. 
 
شێخ عەبدولوەهاب لە سەدەی هەژدەیەمدا، شوێنکەوتووی رێبازی سەلەفیەت بوو. 
 
لێکدانەوەکانی شێخ عەبدولوەهاب و رێچکە ئایینییەکەی، کە زۆر جار بە وەهابییەت ناوەدەبرێت، بووەتە رێبەری ئایینی شانشینەکە.
 
بەتایبەتی لە کاردانەوەی شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979ی ئێران کە مەزهەبی شيعەی خستە ترۆپکی زلهێزێکی ناوچەکە، سعودیە رەوتێکی نەریتخوازتری گرتەبەر.