یەکشەممە 40 کۆچبەری کورد لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە هەولێر

دوای زیاتر لە دوو مانگ، بڕیارە رۆژی یەکشەممە 40 کۆچبەری کورد لە لیبیاوە بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.

تشرینی یەکە 24, 2025 - 12:40
یەکشەممە 40 کۆچبەری کورد لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە هەولێر
ئەحمەد سەحاف، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رێکارەکانی گەڕاندنەوەی کۆچبەرەکان و دابینکردنی بلیتی فڕۆکە بۆ گەڕاندنەوەیان تەواو کراوە."
 
محەممەد عەبدولڕەحمان، باوکی یەکێک لە کۆچبەرەکان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی ڕایگەیاند: "کوڕەکەم پەیوەندی کرد و گوتی، شەممە لە خاکی لیبیا بەڕێدەکەون و یەکشەممە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەبن".
 
16ـی ئەم مانگە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دڵنیایی بە کەسوکاری کۆچبەران دا لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی هەفتەیەکدا رێکارە پێویستەکان تەواو دەبن و ئەو گەنجانە دەگەیێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
 
 ئەوانەی لە لیبیا گیریانخواردووە 41 هاونیشتمانی بوون، بەڵام 16ـی ئەم مانگە یەکێکیان بەناوی هۆگر ئاسۆ خدر، بە جەڵتە گیانی لەدەستدا.
 
بەگوێرەی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، دوو گرووپی دیکەی کۆچبەری کورد لە لیبیا دۆزرانەتەوە، یەکێک لە 12-10-2025 بوو کە 12 کۆچبەرن، ئەوانی دیکە 23 کۆچبەرن و دوێنێ لە لیبیا دۆزرانەوە.
 
ئەم ساڵ چەند جارێک گرووپی دیکەی گەنجانی کورد لە لیبیا دەستگیرکراون و گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، کە دەیانەوێت لەو وڵاتەوە خۆیان بگەیێینە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
 
دوایین کاروانی کۆچبەران لە لیبیا 25 کەس بوون لە 10ـی ئەیلوولی 2025 گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
سەرچاوە: ڕووداو