کوردستان دەیەوێت سوود لە ئەزموونی ژاپۆنی وەرگرێت

مەسرور بارزانی پێشوازى له شاندێکی ئاژانسی هاریکاریی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی ( JAICA) بە سەرۆکایەتی هێرۆشی سوزوکی، بەڕێوەبەری نووسینگەی جایکا لە عێراق کرد.

شوبات 23, 2025 - 19:05
کوردستان دەیەوێت سوود لە ئەزموونی ژاپۆنی وەرگرێت

رۆژی یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "گفتوگۆ لەبارەی پێشنیارێکی سەرۆکی حکومەت بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموون و سیستەمی خوێندن و پەروەردەی ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان کرا، بە مەبەستی پێگەیاندنی نەوەیەکی پابەند و بەرپرسیار و بە دیسپلین و بەرهەمهێنەر و داهێنەر." بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاریکاریی و هاوئاهەنگیی لە نێوان هەردوولادا بە تایبەتی لە بواری خوێندن و پەروەردە دا کرا. لەمبارەیەوە "بەوردی، پێشنیارێکی سەرۆکی حکومەت لەبارەی سوودوەرگرتن لە ئەزموون و سیستمی خوێندن و پەروەردەی ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا، بە مەبەستی پێگەیاندنی نەوەیەکی پابەند و بەرپرسیار و بە دیسپلین و بەرهەمهێنەر و داهێنەر کە ڕێز لە کۆمەڵگە و دایک و باوک و مامۆستاکانی و بەرامبەرەکەی بگرێت و ژینگەپارێز بێت." شاندی جایکا ئاماژەیان بە نموونەیەکی سیستمی پەروەردەی ژاپۆنی کرد کە ئێستا لە چەند قوتابخانەیەکی کۆماری میسر جێبەجێ دەکرێت. لەم رووەوە، "پرۆفیسۆر سوگیتا، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە لە میسر، کورتەیەکی لەبارەی ئەزموونی پەروەردەی ژاپۆنی لە میسر خستەڕوو." شاندی جایکا خۆشحاڵی خۆیان بە پێشنیاری سەرۆکی حکومەت نیشاندا و ئامادەیی هەموو هاریکاری و پشتیوانیەکیان دەربڕی. سەرچاوە: ڕووداو