وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتین
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئەمڕۆ رایگەیاند لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان رێککەوتن.

لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 23-2-2025)ـی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "دوای پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتین لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەپێی بڕی بەردەست." دوێنێ وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندبوو رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە تەواو بوون. هەمان شەو، شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند "پێویستە پێش دەستپێکردنی هەناردەکردنەوە، رێککەوتنێک لەسەر دیاریکردنی بڕێک نەوت بۆ مەبەستی بەکارهێنانی ناوخۆیی بکرێت." وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوەکەیدا جەخت دەکاتەوە لەوەی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، "تیمێکی تەکنیکیی هاوبەش بەمەبەستی پشکنینی بۆرییەکانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لەنێوان هەردوولادا پێک هێنراوە." لە ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەبەرژەوەندیی حکومەتی فیدرالیی عێراق، کاتێک رایگەیاند، تورکیا رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێلکردووە، چونکە لە ساڵی 2014ـەوە رێگەی بە فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوتی هەرێمی کوردستان داوە، بێ ئەوەی رەزامەندی لە بەغدا وەربگرێت. پێش راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەر ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند هەناردەکردنەوەی نەوت "بە گوێرەی ئەو بڕەی کە بەردەستە" دەبێت. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و شاندەکەش پابەندبوونی خۆیان بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی دووپات دەکەنەوە کە پەرلەمانى عێراق، رۆژی دووى شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسندکرد، هەموارەکە بڕگەى (ج) لە بەندى یەکەمى مادەى 12ـى یاساکەى هەڵوەشاندەوە و داڕشتەیەکى نوێى جێگیر کرد. رۆژی 18ـی شوباتی 2025، هەموارى یاسای بودجەى گشتى عێراق لە رۆژنامەى وەقائعیى عێراقى بڵاوکرایەوە و بەوەش بەفەرمى کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە. هەموارەکەی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە. تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری لە ماوەی 60 رۆژدا نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.
سەرچاوە: ڕووداو