سەرچاوەیەک: لە دوو رۆژی داهاتوودا داهاتی نانەوتی دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە دوو رۆژی داهاتوودا داهاتی نانەوتی دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.

رۆژی یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشی زۆری رێکارەکانی تەرازووی پێداچوونەوە (داهات و خەرجی) تەواو بوون، تەنیا هەندێک وردەکاری ماون کە ئەگەر ئەویش تەواو بوو، پشکی بەغدا لە داهاتی ناوخۆ دیاری دەکرێت و دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق."
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، ئەگەر هەیە سبەی داهاتی ناوخۆ بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق کە بڕەکەی نزیکەی 50 ملیار دینار دەبێت. بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، پێویستە ئەو کارە بکرێت و ئینجا لیستی مووچەی مانگی نیسان دەنێرن، تاوەکو بەغدا هیچ بیانوویەکی نەبێت و کێشە بۆ لیستی مووچە دروست نەکات.
17ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕی 48,722,239,000 دیناری بە شێوەی کاش خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
رۆژی 26ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە و لە سێ رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشکرا.
سەرچاوە: ڕووداو