نێوەڕاستی تەممووزی ئەم ساڵ رۆژانە درۆن ئاراستەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکران، کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان تێیدا چالاکن و کار دەکەن، ئەو درۆنانە مەترسییان لەسەر کەرتی نەوتیی کوردستان دروستکرد، درۆنەکان لەلایەن گرووپی چەکدارەوە ئاراستە کران، لە تۆڵەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، دەزگایەکی میدیایی بەریتانی ئەوەی راگەیاندووە.
یەکێک لەو کێڵگانەی کەوتە ژێر ئەو هێرشانە، کێڵگەی سەرسنگ بوو لە سنووری پارێزگای دهۆک، کۆمپانیای HKNی ئەمریکی لەو کێڵگەیە کار دەکات، کە کوڕی ملیاردێری ئەمریکی رۆس پێرۆت خاوەنیەتی.
هێرشە درۆنییەکانی تەممووزی رابردوو چوار رۆژ لەسەر یەک بەردەوام بوون، لە هەندێک کێڵگە بەرهەمهێنانیان راگرت، بەردەوامبوون و چڕیی ئەو هێرشانە، بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، "ئەمریکای تووڕە کرد." ئەمریکا لەو باوەڕەدایە، حکومەتی عێراق شتێکی ئەوتۆ ناکات بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان و کۆنترۆڵکردنیان، بۆیە دەستی بە گوشار کرد بۆسەر بەغدا، 9 سەرچاوەی جیاواز گوشارەکانی ئەمریکایان لەسەر حکومەتی عێراق بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە پشتڕاست کردەوە.
گوشارەکان لەسەر حکومەتی عێراق، بەپێی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، بوونە هۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە، کە ماوەی دوو ساڵ زیاتر بوو چەق و خاڵی زەقی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بوو.
سەرچاوەیەک لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، "بە بڕوای من، دروستە بڵێین مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە هەندێک پەیامی تووندی بە بەغدا راگەیاندن، بۆئەوەی روون بکرێتەوە کە چرکەساتی هەڵبژاردن (لەنێوان ئەمریکا و ئێران) نزیکە."
هەڕەشەی سزادان
واشنتن لە دوو ساڵی رابردوودا بەردەوام داوایکردووە و گوشاری کردووە هەناردەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان دەستپێبکاتەوە، هۆکاری گوشارەکەشی کاری کۆمپانیاکانی ئەمریکا بوو لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها لەپێناو دابەزاندنی نرخی نەوت. هۆکارێکی دیکەش ئەوە بوو، نەوتی خاو بەرەو باشووری عێراق دەڕۆیشت، سەرچاوەیەکی پڕ خێر و بێر بوو بۆ تۆڕەکانی بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق و پارە و داهاتەکەشی بۆ گرووپە چەکدارەکان دەچوو.
ئەو هۆکارانە لەگەڵ هێرشە درۆنییەکان، بەپێی راپۆرتە میدیاییەکانی بەریتانیا، وایان کرد ترەمپ گوشارەکانی بەرز بکاتەوە بۆ ئاستێکی دیکە، لە ماوەی دوو مانگی دوای هێرشەکاندا، نوێنەرانی ئیدارەی ئەمریکا و بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ 'هەڕەشە'یان لە بەرپرسانی باڵای نەوتی عێراق کردووە کە سزا دەدرێن، ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە دەستپێنەکاتەوە. بەرپرسێکی ئەمریکا ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، هەڕەشەی سزادان لە بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق کراوە، دوای ئەوە لە 17ی تەممووز راگەیێندرا کە رێککەوتنی سەرەتایی کراوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، دوو مانگ دواتریش گوشارەکانی ئەمریکا بوونە هۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە 27ی ئەیلوول دا.
هێرشە درۆنییەکان و ئاشکرانەکردنی هێرشکاران
رۆژی 26-11-2025 هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان، بەهۆیەوە زیان بە کێڵگە و تۆڕی کارەبا گەیشت، کە گازی سرووشتیی کێڵگەکە سەرچاوەکەی بوو. هەفتەیەک دواتر و لە شەوی 03-12-2025 حکومەتی عێراق لە رێگەی سەباح نوعمان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی راگەیاند. لە 6 خاڵ دا گوتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەختی لە رێکارەکانی پاراستنی کێڵگەکە کردەوە، لە خاڵی چوارەم دا فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان رایگەیاندووە، "گەیشتوونەتە ناوی هێرشکارانی ئەو دەستدرێژییە، لایەنی لە یاسا دەرچوو ئەو هێرشەیان کردووە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەشێکیان دەرچووە،" بەبێ ئەوەی ناوی هێرشکاران ئاشکرا بکرێت.
جگە لەوەی کۆرمۆر، هێرشە درۆنییەکانی دیکەش بکەرانی ئاشکرا نەکراون، بەڵام سەرچاوەیەکی ئەمنی لە عێراق رایگەیاندووە، "گرووپێکی چەکداری بەهێز" ئەو هێرشانە دەکات. بەپێی قسەی ئەو سەرچاوەیە، بەغدا هۆشداریی داوەتە ئەو گرووپە هەر هێرشێکی دیکە بکەن، حکومەت راستەوخۆ رووبەڕوویان دەبێتەوە.
ئەمریکا چاوەڕوانی گەڕانەوەی وەبەرهێنانیەتی لە عێراق
ئەو گوشار و داوایانەی ئەمریکا، کە نوێترینیان قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوون بۆ دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن؛ نیشانەی خواست و داوای واشنتنە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. ترەمپ بە رووداوی راگەیاند، "عێراق ئێستا بووەتە شوێنێکی زۆر هاوڕێیانەتر."
هەروەها دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق بە رووداوی راگەیاند، "ترەمپ دەیەوێت پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ عێراق دروست بکات.''
بە بڕوای ئەو بەرپرسەی پێشووی ئەمریکا لە عێراق، ئەوەی بۆ ئەمریکا گرنگە پاراستنی وەبەرهێنان و بازرگانییە لەگەڵ عێراق، هەروەها خاڵی لەپێشینە بۆ ترەمپ سەربەخۆیی عێراق و نەبوونی هەژموونی وڵاتانە.
بەپێی گوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی، "ئەمریکا وەبەرهێنانی زۆری لە عێراق کردووە، قوربانیی داوە لە عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ هاوبەشانی و شکستپێهێنانی تیرۆر، بۆیە ئەمریکا چاوەڕوانی ئەوەیە وەبەرهێنانی لە عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو بگەڕێتەوە."
هەنگاوەکانی داهاتوو
روون نییە حکومەتی نوێی عێراق چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە دەکات، هەناردەکردنەوەی نەوت بەردەوام دەبێت یان خاڵ و داوای دیکە دێنەپێش، هەروەها لە تەممووزی ساڵی داهاتوودا رێککەوتنی نەوت لەنێوان تورکیا و عێراق کۆتایی دێت، تورکیا پێشتر رایگەیاندووە هەمان رێککەوتن نوێ ناکاتەوە.
هەروەها بەغدا هێشتا دانی بە گرێبەستە گازییەکانی کوردستان دا نەناوە، کە لەگەڵ کۆمپانیاکانی HKN و وێستێرن زاگرۆس کراون.
کۆمپانیای HKN بەشێکە لە گرووپی Hillwood بۆ بیناسازی و وزە، کە لەلایەن رۆس پێرۆت جونیۆر، ملیاردێری ئەمریکی خاوەندارێتی دەکرێت. رۆس بازرگانێکی دیاری ئەمریکایە، باوکی رۆس پێرۆت دووجار بەربژێری سەرۆکایەتی بووە لە ئەمریکا.
پێرۆت و ماڵباتەکەی پشتیوانێکی زۆر بەهێزی کۆمارییەکانن، لە هەڵمەتەکانی 2024 و 2025دا زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلاریان بەخشییە ئەو پارتە.
گوشار و بەرژەوەندییەکان و وەبەرهێنان لەلایەک، قسەکانی ترەمپ و سوودانییش لە لایەکی دیکە عێراق و ئەمریکای بەرەو باشبوونی پەیوەندییەکان بردووە. ترەمپ لەنێو وەڵامەکەی دا بۆ پرسیاری رووداو، پەیامێکی ئەرێنیی بۆ سوودانی نارد لە بەرامبەر ئەوەی پشتیوانیی کردووە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ.
هەرێمی کوردستان بەشێکە لەو پەیوەندییە، وەکو دۆگلاس سیلیمان دەڵێت، "ئەمریکا پلانی هەیە بۆ ماوەیەکی درێژ لە هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە."
هەروەها مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە 3ی ئەم مانگە لەکاتی کردنەوەی گەورەترین کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە جیهان لە شاری هەولێر، گوتی، "ئەو کۆنسووڵخانە نوێیەی ئەمڕۆ ئاهەنگی بۆ دەگێڕین، زیاترە لە زنجیرەیەک باڵەخانە و ژێرخان؛ بەڵگەیە لەسەر بەهای ئەو پەیوەندییەی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق دا هەیە."
هەروەها ریگاس گوتیشی، "ئێمە شانازی بە هاوبەشیی قووڵ و درێژخایەنمان دەکەین لەگەڵ خەڵکی ئەم ناوچەیەدا و سوپاسگوزارین بۆ رۆڵی هەرێمی کوردستانی عێراق وەک هاوبەشێکی کاریگەر و بەتوانای ئەمنی و دەنگێکی متمانەپێکراو لە عێراق و سەرتاسەری ناوچەکەدا. هەرێمێکی کوردستانی عێراقی بەهێز، سەقامگیر و خۆڕاگر، پایەیەکی بنەڕەتیی ئەو پەیوەندییەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق دا هەیەتی."
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تیشکی خستە سەر بواری ئابووری و بازرگانی و هەرێمی کوردستانی وەکو "دەروازەیەک" بۆ ئەوە بەناو کرد و گوتی، "سەرۆک ترەمپ بازرگانیی خستووەتە پێش ململانێوە. ئێمە چالاکانە پشتیوانیی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکەین لە عێراق، هەرێمی کوردستانی عێراق وەکو دەروازەیەکی زیندوو بۆ بازاڕی عێراق بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەبینین. ئێمە سوپاسگوزارین کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەردەوامە لە بوون بە داکۆکیکارێکی بەهێز بۆ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا، لەوانە گێڕانی رۆڵێکی سەرەکی لە کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا، کە سوود بە کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکان دەگەیێنێت."
ئاماژە کردەییەکانی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ نێو کەرتی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر بە روونی و بە کردەیی دەرکەوتوون، ئێکسۆن مۆبیل گەڕاوەتەوە عێراق لە رێگەی کێڵگەی وێست قورنە و دەست بە کارەکانی دەکاتەوە.
دارن ودس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئێکسۆن مۆبیل دەڵێت، "هەنگاوێکی زۆر گرنگی سەرەتای کارکردنمانە، رێگەیەکی درێژمان لەپێشە و گەشبینین."
سەرچاوە: ڕووداو