لەدوای دوو ساڵ و نیو قفڵی بۆریی نەوتی کوردستان کرایەوە

بە کلیلێک قفڵی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان لە پیشابوور کرایەوە، کاژێر حەوتی بەیانی، دوای دوو ساڵ و شەش مانگ و دوو رۆژ بە نزیکەی سێ خولەک بە زەحمەت و بەهێزەوە بۆرییەکە کرایەوە. نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە گەیشتەوە بازاڕەکانی جیهان.

ايلول 27, 2025 - 14:26
لەدوای دوو ساڵ و نیو قفڵی بۆریی نەوتی کوردستان کرایەوە
 
عامر خەلیل ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە رووداوی گوت: "ئێستا نەوت گەیشتووەتە بەندەری جەیهانی تورکیا، واتە پاڵەپەستۆکان دەستیان بە بەرزبوونەوە کردووە و ئاستی کۆگاکانیش بەرز دەبێتەوە، ئەمەش نیشانەی گەیشتنی نەوتە بە بەندەری جەیهانی تورکیا. تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەکمان نییە و رووبەڕووی هیچ کێشەیەک نەبووینەتەوە. پرۆسەی هەناردەکردن و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن و پاڵپێوەنانی نەوت لە رێگەی پەمپە سەرەکییەکانەوە بە بۆریی گواستنەوە لە وێستگەی FKMSـەوە بۆ PS3 زۆر ئاسان بوو و تاوەکو ئێستا رووبەڕووی هیچ کێشەیەک نەبووینەتەوە."
 
هەموو کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەشدارن، وەک قۆناخی دەستپێکی کە رێککەوتنی لەسەر کراوە، رۆژانە 240 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت، 190 هەزاری بۆ دەرەوە و 50 هەزاریش بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستانە.
 
د. غەزال هۆستانی، بەڕێوەبەری گشتیی گرێبەست و کاروباری ئابووری لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت: "بەرهەمی ئەوان کەمبووەتەوە، بەڵام ئەگەر پارە بە کۆمپانیاکانی نەوت بدرێت، حکومەتی فیدراڵی پارەیان پێبدات، کۆمپانیاکانی نەوتیش دەتوانن بەرهەمهێنان بەرز بکەنەوە."
 
هەناردەکردنی نەوت دەستپێکێکە بۆ قۆناخێکی نوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەناردەکردنەکە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆی حکومەتی فیدراڵییەوە بازاڕی بۆ دەکرێت و بژمێرەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور چاودێری و سەرپەرشتی هەناردەکردنەکە دەکەن.
 سەرچاوە: ڕووداو