بێریڤان قسەی بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەڵمانیا کرد و گوتی، چەند رۆژێکی دیکە قۆناخی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانیی شاری کۆڵن لە رۆژئاوای ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، پارتی AFD رکابەریی دەکات بۆ سەرخستنی بەربژێرە سۆسیال دیموکراتە ئەڵمانییەکەی.
بێریڤان جەختی کردەوە، پێویستە مرۆڤ "بە هەڵوێستێکی روون" دژی کەمپینی پارتی AFD بوەستێتەوە، کە بە هەڵوێستە تووند و رەگەزپەرستەکانی ناسراوە. داوا لە هەموو دیموکراتخوازان دەکات کە لە قۆناخی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانییەکاندا بچنە سەر سندووقی دەنگدان.
لەسەر کارنامەکەی بۆ شاری کۆڵن، بێریڤان رایگەیاند، دەیەوێت خزمەتگوزارییەکان باشتر بکات، وەک سیستمی گواستنەوەی گشتی یان دابینکردنی نرخی گونجاو بۆ خانووبەرە.
گوتیشی، "سەرکەوتنەکەی لە قۆناخی یەکەمدا بەو شێوەیە، چاوەڕواننەکراو بوو."
لە 28ی ئەیلوول، قۆناخی دووەمی هەڵبژاردنە خۆجێییەکان لە هەرێمی نۆردراین-ڤێستفالن لە رۆژئاوای ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. لەو هەڵبژاردنەدا سەرۆکی شارەوانییەکانیش هەڵدەبژێردرێن. بۆ شاری کۆڵنیش سیاسەتمەداری کورد و ئەڵمانی بێریڤان ئایماز، کە لەسەر لیستی پارتی سەوزەکانە، لە کێبڕکێدایە لەگەڵ تۆرستن بومێستەر، بەربژێری پارتی سۆسیال دیموکرات.
دەقی پرسیار و وەڵامەکەی بێریڤان ئایماز لەگەڵ ئاڵا شاڵی:
رووداو: سڵاو بێریڤان، سوپاس کە لەگەڵمانیت. بێریڤان، لە 14ی ئەم مانگەدا زۆرینەی دەنگەکانت بەدەستهێنا. ئێستا بۆ قۆناخی دووەمی 28ی ئەم مانگە، لەو بڕوایەدایت زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنیت؟
بێریڤان: قۆناخی یەکەمی هەڵبژاردنەکان سیاسەتێکی کراوە و نزیک لە خەڵک نیشان دەدات و دەیەوێت هەموو ئەزموونەکان بۆ شارەکەی خۆی بهێنێت. هەمووان سەرسام بوون کە من بەو پێشەنگییە گەورەیەوە لەپێش بووم. بەڵام وەک سیاسەتمەدارێکی خاوەن ئەزموون کە لە چەندین هەڵبژاردندا بەشدار بوومە، دەزانم کە پێویستە مرۆڤ تاوەکو کۆتایی هەوڵی بەدەستهێنانی هەموو دەنگێک بدات. بۆیە من لەگەڵ هاوڕێیانی پارتەکەم و لایەنگرانی خۆم بۆ هەموو دەنگێک تێدەکۆشم.
رووداو: باشە بێریڤان، تۆ لە ناو گەرموگوڕی بانگەشەدا و بێ ماندووبوون، داوای چی لە دەنگدەرانی شاری کۆڵن دەکەیت و چی بۆ داهاتووی شارەکەیان دەکەیت؟
بێریڤان: تاوەکو قۆناخی یەکەمی هەڵبژاردنەکان من هەمیشە بابەتە سەرەکییەکانی ئەم شارەم خستووەتە رۆژەڤەوە، وەک خانوو بە نرخی گونجاو، باش بەڕێوەبردنی گواستنەوەی گشتی، شوێنە گشتییە سەلامەت و خاوێنەکان، هەروەها پرسی ئەو کەسانەی ئالوودەبوون یان نەخۆشن بە مادە بێهۆشکەرەکان. چۆن یارمەتییان بدەین؟ بۆ ئەوەی بتوانن کەمێک باری سەر شوێنە گشتییەکانیان سووک بکەن. ئەم هەموو بابەتانە بۆ خەڵک گرنگن. منیش چەندین چەمکم بۆیان دروست کردووە. هەروەها باش دەزانم لە کاتێکدا کە شتەکان زۆر جەمسەرگیر دەکرێن، پۆپۆلیزم زۆر بەرچاوە. دۆخی جیهان لە دیموکراسییەتەوە بەرەو دەوڵەتە ئۆتۆکراتییەکان دەڕوات. لەم کاتەدا خەڵک بۆ بەڕێوەبردنی شارەکەیان کەسێکیان دەوێت کە پشتیوانی لە پێکەوەژیان بکات و خەڵک بەیەکەوە کۆبکاتەوە نەک لێکیان جیا بکاتەوە.
رووداو: داوای چی لە دەنگدەرانی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە شاری کۆڵن دەکەیت، چونکە کۆڵن شارێکی فرەڕەنگ و فرە فەرهەنگە؟
بێریڤان: زۆر کەس لێیان دەپرسیم، ئایا کۆچبەرانیش دەنگتان پێدەدەن؟ بەڵێ، کۆچبەرانیش بە شێوەیەکی بەرچاو دەنگیان پێداوم. منیش هەمیشە دەڵێم، دەنگی پلەی یەکەم و دووەم نییە. هەموو هاووڵاتییانی شاری کۆڵن یەکسانن. ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە هەموویان یەکسانن. من دەمەوێت هەموو خەڵکی ئەم شارە بە هەموو ڕەنگەکەنیانەوە، بە بنەچە جیاوازەکانیانەوە، پێکەوە لەم شارەدا بژین. تاوەکو هەموو ئەم خەڵکە هەست بکەن کە سیاسەتی خۆجێیی لێیان تێدەگات و هەروەها مافی خۆیان وەک دیموکراسی بەکاربهێنن. شانازی بەوەوە دەکەم کە توانیم لەو گەڕەکانەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنم کە زۆرینەیان پێشتر بۆ پارتی سەوزەکان نەبوون. ئەمە بۆ من جەخت لەوە دەکاتەوە کە توانیم سەرنجی ئەو کەسانەی کە دووربوون لە سیاسەتی خۆجێیی بۆ لای سیاسەتی خۆجێیی رابکێشم. ئەمە بۆ من زۆر گرنگە.
رووداو: پرسیاری کۆتاییمان ئەوەیە، دووبارە پەیامت چییە بۆ دەنگدەرانی کورد لە شارەکەت و چەندە گرنگە کە رۆژی یەکشەممە بچنە سەر سندووقی دەنگدان؟ لەبیر مەکەن کە پارتی ADF لەم ناوچەیەدا زۆر دەنگی بەدەست هێناوە.
بێریڤان: بەدڵنیاییەوە پارتی AFD کەمپەینێکی دژی من بەڕێوەدەبات. داوا دەکەن دەنگ بە رکابەرەکەم بدرێت، بۆ ئەوەی رێگریم لێبکەن. بەڵام لە دیموکراسییەکاندا وایە کە مرۆڤ دەنگ دەدات بۆ ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ شتێک دەرببڕێت، مرۆڤ دەنگ نادات بۆ ئەوەی رێگری لە کەسێک بکات. لە دژی ئەوە پێویستمان بە هەڵوێست و یەکڕیزییەکی روونە. من داوا لە هەموو دیموکراتخوازان دەکەم کە باوەڕیان بە بەرنامە و کەسایەتیی من هەیە؛ لە 28ی ئەیلوول بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن بە من. بە باوەڕی ئێستا پێویستە ئەو کەسانە چالاک بکەین کە لە قۆناخی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا چالاکمان کردن.
رووداو: بێریڤان، زۆر سوپاس کە لەگەڵمان بوویت. هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازین و هیوادارین زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنیت.
بێریڤان: زۆر سوپاس.