عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان 50 هەزار بەرمیل بۆ نێوخۆ بەکاردەهێنێت. ئاماژەی بەوەش کرد، دانوستاندنەکان لەبارەی نەوت زیاتر لە 30 مانگیان خایاند.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، کۆمپانیاکانی نەوت چاوەڕێی ئەم رێککەوتنە بوون و "ئەورووپاش بۆ جێگرەوەی نەوتی رووسیا پێویستی بەم نەوتەیە."
عەلی نزار دەڵێت، رێککەوتنەکە پیشانی دا "عێراق لە باکوورەوە بۆ باشوور یەکگرتووە." سەبارەت بە پارەی نەوتیش گوتی، "پارەی نەوت دەخرێتە سەر هەژماری عێراق لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا."
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداو لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ تورکیا بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ گوتی، "بەپێی رێککەوتن لەگەڵ تورکیا تاوەکو مانگی تەممووزی 2026 هەناردە بەردەوام دەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد، سۆمۆ سەرپەرشتیی هێڵی عێراق - تورکیا دەکات.
عەلی نزار زیاتر لە وەڵامی پرسیارەکە قسەی کرد و گوتیشی، "کار بۆ ئەوە دەکەین بەرهەمی نەوتی کوردستان بگاتە 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا."