سەرۆک نێچیرڤان، هەمیشە بەدوای ڕێککەوتنێکی پراکتیکی دا دەگەڕێت، نەک سەرکەوتنێکی خەیاڵی

ايلول 26, 2025 - 12:58
ايلول 26, 2025 - 13:27
سەرۆک نێچیرڤان، هەمیشە بەدوای ڕێککەوتنێکی پراکتیکی دا دەگەڕێت، نەک سەرکەوتنێکی خەیاڵی


​بۆتێگەیشتن لە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستە لە یەک شت تێبگەین: ناوچەکە وەک "سندوقێکی کارەبایی تێکشکاو" وایە، هەموو شتێک بە یەکەوە لکاوە و هەر شڵەژانێک لە تاران یان ئەنقەرە ڕاستەوخۆ کار لە هەولێر دەکات. لەم دۆخەدا، نێچیرڤان بارزانی وەک "ئەندازیارێکی هێمن" دەرکەوتووە، کە خەریکی پاراستنی دیواری ماڵەکەیە لە کاتێکدا لەناوچەکە وڵاتان خەریکی  وەشاندنی بەردن لە یەکتر.

پرسیارێکی سادە ھەیە لەناوچەکە دەکرێت ئەوە نییە کە کێ دەبێت تۆ بناسێت، بەڵکو کێ ناتوانێت پشتگوێت بخات. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی تەنیا پەیوەندی لەگەڵ حکومەتەکاندا نەکردووە، بەڵکو لە کۆڕبەندی داڤۆس و میونشندا، لە ھەموو ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و عێراقی و ئیقلیمیدا خەتێکی ئارامی کێشاوە کە زۆنێکی سەقامگیر و یەکتر قبوڵکردن ھەبێ، ئەمە وایکردووە هەرێم ببێتە یاریزانێکی نوێی ناوچەکە. ئەو هەرێمی گۆڕیوە بۆ "مەیدانێکی کراوە" کە تێیدا وەبەرهێنان و ئابووری دەبنە کارتێکی پارێزەری سیاسی، ئەمە وای کردووە هەرێم ببێتە ناوەندێکی  نێودەوڵەتیی کە لەھەر بارودۆخێکدا پشتگوێ نەخرێت.
کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا وەک "ماتۆڕێکی کۆنە کە بەردەوام دەوەستێت" وایە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی باش دەزانێت کە چارەسەری ناوخۆیی (بوودجە، نەوت، پێشمەرگە) تەنیا لە ڕێگەی یاسای دەستووریی عێراقی فیدڕاڵ لۆژیکیانە چارەسەر دەکرێت. بۆیە، ئەو هەمیشە وەک "کارەکتەری چاککردنەوەی پێوەندەکان" دەچێتە بەغدا، بە دوای رێککەوتنی پراکتیکیدا دەگەڕێت، نەک بە دوای سەرکەوتنێکی خەیاڵییدا. ئەو لە چوارچێوەی سنووری واقیعیی عێراقدا کار دەکات و بۆیەشە دیالۆگەکان لەپشتەوەی پەردە دەگەیەنێتە یەک.
​کاتێک دوای ڕووداوەکانی ٢٠١٧، هەرێم لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە ڕووبەڕووی "داخرانی دەرگاکان" بووەوە، دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی وەک "کارتی فریادرەس" کاری کرد و ئاسمان و زەوەی بەسەر ھەرێم کردەوە،  ئەو بە توانای خۆی توانی متمانەی ئەمریکا و ئەوروپا بگەڕێنێتەوە، و بە هێواشی گەمارۆکانی تێپەڕاند. ئەو پێگەی هەرێمی گۆڕی، نەک هەر لە "ناوچەیەکی جەنگ دژی داعش و بارگرژی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ"، بەڵکو وەک "هاوبەشێکی باوەڕپێکراو" لە سەقامگیریی هەرێمیدا، پێگەی ھەرێمی بە ئەرێنی خستەوە نێو ھاوکێشە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکانەوە.
​لەکۆتاییدا، دیپلۆماسیەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بریتییە لە: "فەلسەفەی زۆرترین دەرفەت لە گۆڕەپانی زۆرترین مەترسی". ئەمە تەنیا سیاسەت نییە، بەڵکو "چیرۆکی مانەوەی نەتەوەیەکە" لە دونیایەکی ڕەق و بێبەزەییدا، چیرۆکی سەرکەوتنی دیپلماسیەتی کارەکتەرێکە کە دەتوانێ لەھەموو زروفێکدا یارییەکان بۆ بەرژوەندی ھەرێمی کوردستان بگۆڕێت.