ئەتلەنتی کوردی
تەنیا کوردی
ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژییەی پارتی و یەکێتی لە ڕابردوودا واژۆیان کرد، لە ڕووی دیپلۆماسییەوە قوڵایی رێککەوتنەکە هێڵێکی سووربوو بۆ تۆخکردنەوەی دوو ئیدارەیی، زۆر لۆژیکانە لەسەر یەک گوتار رێککەوتن و پارێزگاریان لە قەوارەی ھەرێم کرد، ئەوەبوو بەرھەمێکی پڕ دەسکەوتی لێکەوتەوە و قۆناغێکی زێڕینی ھەرێم دەستی پێکرد، بەڵام ئێستا کە ناکۆکی ھەیە ڕوونە کە بۆشاییەک ھەیە، ئەگەر بە یەکگرتووی پڕ نەکرێتەوە، رەنگە گۆڕەپانێک بۆ دەستوەردانی ھەرێمی بکرێتەوە.
کاتی خۆی، وینستۆن چەرچڵ و فرانکلین ڕۆزڤێڵت (بەریتانیا و ئەمریکا) ڕێککەوتنی ئەتلەنتیان واژۆ کرد، بۆ ئەوەبوو پێکەوە بچنە نێو سیستەمی نوێی جیھانی و ڕووبەڕووی ھەڕەشەکان ببنەوە.
بۆ ئەوان ئەگەر ھاوبەشی و رێککەوتن بەم شێوەیە زەرووریەت بێ، ئەی بۆ ھەرێمێک کە دەوڵەت نییە ئەی بۆ دوو حزب دەبێ بۆ پارێزگاری ھەرێم چەند زەرووریەت بێ، کە رێککەوتنی ستراتیژی نوێ بکەنەوە.
ئەمڕۆ، هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ یەکخستنی نێو ماڵی کوردی، دیپلۆماسیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، ئۆپەراسیۆنێکی بەهێزکردنی بەرگرییە، بۆ ئەوەی کاریگەریی ھەرێم لە ناوچەکەدا دووبارە دەرکەوێتەوە، دووبارە گوتارێکی کوردستانی لەدایکبێتەوە.
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە، لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، قەوارەیەک کە نەتوانێت لە ماڵی خۆیدا یەکڕیزیی سیاسی بسەپێنێت، ناتوانێت لە دەرەوەدا پشتیوانی بەھێزی ھەبێت، ڕێککەوتنی نوێی پارتی و یەکێتی راستە بۆ ھاوبەشی و دابەشکردنی دەسەڵات گرینگە کە کابینەی نوێی حکوومەت دروست دەبێت، بەڵام لەمە گرینگتر خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ئەم رێککەوتنە کۆدی کاریگەری ھەرێم دەداتەوە ناوچەکە.
بۆ ھەرێم گرینگە کە پارتی و یەکێتی لەم ئەتلەنتییە ناوخۆییەدا ببنە دەنگی بڕیاردان.
ئایا قورسە کە پارتی و یەکیتی لەپێناو سەروەریی هەرێمـدا، رێککەوتنی نوێ بکەن؟ ئەگەر ئیرادە ھەبێت شتێکی مەحاڵ نییە، چونکە لەم ساتەدا یەکڕیزیی سیاسی پارێزگارییە لە قەوارەی ھەرێم و کۆدی دووبارە ھەڵسانەوە و دووبارە دەسپێکردنەوەیە لەم گێژاوە سیاسییەی کە ڕووی لە ناوچەکە کردووە.