سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و وەزیری شەهیدان کۆ بوونەوە

تەمووزی 1, 2026 - 00:11
سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و وەزیری شەهیدان کۆ بوونەوە

سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ، لایەنە پەیوەندیدارەکانیی ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆ سەر دەزگای زیندانیە سیاسییەکانی عێراق و هاوتاکردنی مووچە و دابینکردنی شایستە داراییەکان بۆیان..

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکران، ئەمڕۆ سێشەممە 30ی حوزەیران، عەبدوڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەئامادەبوونی ئەحمەدی مام ڕەسوڵ بەرێوەبەری گشتی خزمەتگواری کەسوکاری شەهیدان لە وەزارەت، سەردانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵی کرد و لەلایەن  عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانەوە پێشوازییان لێکرا.

ئاماژە بەوە دراوە، لەو کۆبوونەوەیەدا، د.وەلید ئەلسهلانی سەرۆکی دەزگای زیندانیە سیاسیەکانی عێراقی فیدڕاڵ ئامادەیی بوو،  عەبدوڵا حاجی مەحموود تیشکی خستەسەر ئامانجی سەردانەکەیان کە تایبەت بوو بە پرسی گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆ سەر دەزگای زیندانیە سیاسییەکانی عێراق و هاوتاکردنی مووچە و دابینکردنی شایستە داراییەکان بۆیان.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران، پشتیوانی خۆی دەربڕی و لایەنە پەیوەندیدارەکانیی ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆ سەر دەزگای زیندانیە سیاسییەکانی عێراق و هاوتاکردنی مووچە و دابینکردنی شایستە داراییەکان بۆیان..

جەخت کراوەتەوە کۆبوونەوەکانی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و شاندی یاوەری لەبەغدا بەردەوام دەبن بەمەبستی زیاتر خزمەتکردنی زیندانیکراو گیراوانی سیاسی هەرێمی کوردستان.

بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)بۆ هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازات و شایستەی دارایی زیندانیانی سیاسی و ڕاگیراوانی سیاسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لەمانگی ئازاری ئەمساڵ دەرچووە،
 

ئێستا مووچەی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان 500 هەزار دینارە، ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێ، مووچەکە دەبێتە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار و هەموو مافەکانی زیندانیانی سیاسیی عێراق، زیندانیانی هەرێمیش دەگرێتەوە.

 

25 هەزار و 618 زیندانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراونەتەوە. لەو ژمارەیەش: 5,216 کەسیان ئێستا لە مووچە سوودمەند بوون. 17 هەزار دۆسیەی دیکە ئامادەکراون، بەڵام هێشتا وردبینییان بۆ نەکراوە.