دوای 92 ساڵ، ئەم ساڵ قورسترین وشکەساڵییە لە عێراق
نوێنەری رێکخراوی فاو لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وشکەساڵی کاریگەری لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان هەبووە و چاندنی بۆ نیوە دابەزاندووە. سەڵاح حاج بەراوردێک لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراقیش دەکات و دەڵێت، "دۆخی هەرێمی کوردستان باشترە، بەڵام هۆشداری لە گەورەیی و مەترسیی ئاڵنگارییەکان دەدات."

ئەمڕۆ شەممە 9ـی ئابی 2025، سەڵاح حاج، نوێنەری رێکخراوی فاو لە عێراق، میوانی بووڵتەنی ئابووری رووداو بوو و لەگەڵ بەختیار عەزیز گفتوگۆی لەبارەی وشکەساڵی، بەبیابانبوون، ئامادەکارییەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بەو بابەتە کرد.
سەڵاح حاج رایگەیاند، وشکەساڵی ئەم ساڵ لە خراپترین ئاستدایە لە ساڵی 1933ـەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم قەیرانە تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە بەڵام زۆرترین کاریگەری لەسەر عێراق هەبووە.
نوێنەرەکەی رێکخراوی فاو لە عێراق گوتی، ئەوەی قەیرانەکەی بۆ عێراق قووڵتر کردووە کێشەی خراپی ژێرخان، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، داربڕین و بەبیابانبوونە و گوتی: "ئامادەکارییەکانی عێراق و ژێرخانەکەی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵنگارییە گونجاو نییە. رەنگدانەوە نەرێنییەکان سەرەتا زۆنگاوەکانی گرتەوە و رێژەی وشکبوون لەوێ گەیشتووەتە سەرووی 70٪ و ئەمەش ئاستێکی زۆر مەترسیدارە".
نوێنەرەکەی رێکخراوی فاو لە عێراق راشیگەیاند، وشکبوونی زۆنگاوەکان خوێی زیاد کردووە و ئەوەش زیانێکی زۆر گەورە بە بەخێوکەرانی گامێشەکان دەگەیێنێ.
سەڵاح حاج گوتی، بەشێکی زۆری ئەو خێزانانەی لە نزیک زۆنگاوەکان دەژیان شوێنی خۆیان جێهێشتووە بۆ ئەوەی درێژە بە بەخێوکردنی گامێشەکان بدەن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، چاندن لە زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ نیوە دابەزیوە و ئەوەش جووتیاران ناچار بە کۆچکردن دەکات.
نوێنەرەکەی رێکخراوی فاو باسی لەوەکرد، پێویستە سیستمی ئاودێری، بەکۆگاکردنی ئاو، سیستمی چاندن و بوارەکانی دیکەی کشتوکاڵ لە کلاسیکییەوە بۆ شێوازی نوێ بگۆڕدرێت، بە پێچەوانەوە دۆخەکە زۆر خراپتر دەبێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە بودجەیەکی تایبەت و گەورە بۆ ئەم بابەتە تەرخان بکرێ و بەرنامەی تایبەتی بۆ دابڕێژرێ بۆ ئەوەی لانیکەم بەر لە وشکەساڵی و بەبیابانبوون بگیرێت.
سەڵاح حاج رایگەیاند، رێکخراوی فاو هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردن و خستنەڕووی چەندین بەرنامەی تایبەت بۆ ئاو و پرۆژەی جیاوازی پەیوەندیدار هەیە. بۆ نموونە، پرۆژەی وەگەرخستنی سیستمی تایبەتی هەستەوەری ئاو لە هەولێر جێبەجێ دەکرێ بۆ ئەوەی بزاندرێت چ کاتێکی رۆژ باشترینە بۆ ئاودێری.
سەڵاح حاج، گوتی، دۆخی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی عێراق باشترە، ئەوەش بەهۆی چەندین فاکتەرەوە.