خەرجیی وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە دوو هێندەی پشکی هەرێمی کوردستانە

روانگەی (ئیکۆ عێراق) ئاماری خەرجیی وەزارەتەکانی عێراقی تاوەکو کۆتایی مانگی ئابی ئەم ساڵ بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، تەنیا وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە دوو هێندەی تەواوی پارەی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان خەرجیی هەبووە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق ئەو زانیاریانە پشتڕاست دەکاتەوە.

تشرینی یەکەمی 23, 2025 - 09:43
خەرجیی وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە دوو هێندەی پشکی هەرێمی کوردستانە
روانگەی ئیکۆ عێراق، وا خۆیان دەناسێنن کە تیمێکن لە گەنجان و شارەزایانی بوارەکانی وزە و ئابووری، ئەو روانگەیان دامەزراندووە بۆ ئەوەی ببێتە سەکۆی پێشەنگ بۆ چاودێریکردن و شیکردنەوەی داتاکانی ژینگە و ئابووری لە عێراقدا. ئامانجیان پێشکێشکردنی زانیاریی ورد و متمانەپێکراوە، کە پشتیوانی لە بڕیاردان بکات و برەو بە گەشەپێدانی بەردەوام و ئابووری بدات.
 
روانگەی ئیکۆ عێراق، ئاماری خەرجیی وەزارەتەکانی عێراقی تاوەکو کۆتایی مانگی ئابی 2025 بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە:
 
• خەرجیی وەزارەتی دارایی عێراق: گەیشتووەتە 16,222,206,035,523 (زیاتر لە 16 ترلیۆن) دینار.
• پارەی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان: بڕەکەی 7,288,620,874,667 (زیاتر لە 7 ترلیۆن) دینار بووە.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق و بەربژێری دەرچوو بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان، رۆژی شەممە 22-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو داتا و ئامارانە راستن تەنیا لە بودجەی سێ ساڵەدا زیاتر لە یەک ملیۆن خێزان مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە، وەزارەتی دارایی نزیکەی 10 تریلیۆن دیناری بۆ چاودێریی کۆمەڵایەتی خەرج کردووە. بەگوتەی جەمال کۆچەر، تاوەکو دێت خەرجی بەکاربردن و لەوانەش مووچەخۆران روو لە زیادبوونە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئێستا لە  عێراق زیاتر لە 11 ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر هەیە. سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە بودجەی سێ ساڵەدا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس دامەزراون.
 
بەگوێرەی ئاماری روانگەی ئیکۆ عێراق، خەرجیی تەنیا یەک وەزارەت لە بەغدا، زیاتر لە دوو هێندەی پارەی تەرخانکراوە بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان.
 
خەرجییەکان تەنیا مووچە نین
 
کۆی خەرجیی بەکاربردنی وەزارەتەکانی عێراق لە 8 مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 58 ترلیۆن دینار. ئەم خەرجییە زۆرانە تەنیا مووچە نین، بەڵکو خەرجیی دیکەی وەک کڕینی کەلوپەل، خزمەتگوزاری و ئیفادکردن (گەشتی شاندەکان) دەگرێتەوە.
 
روانگەکە هۆشداریی داوە لە بەردەوامیی خەرجکردنی پارەی ناپێویست لە دەرەوەی چوارچێوەی مووچە، کە گوشارەکان لەسەر بودجەی گشتی زیاد دەکات، لە کاتێکدا بودجەکە خۆی تووشی کورتهێنانی گەورە بووەتەوە.
 
ریزبەندیی ئەو وەزارەتانەی زۆرترین خەرجییان هەبووە (تاوەکو کۆتایی ئابی 2025):
 
1. وەزارەتی دارایی: 16,222,206,035,523 دینار
2. وەزارەتی ناوخۆ: 8,889,453,826,753 دینار
3. وەزارەتی پەروەردە: 7,849,890,573,104 دینار
4. وەزارەتی بەرگری: 5,563,491,761,998 دینار
5. وەزارەتی تەندروستی: 4,814,088,863,274 دینار
6. وەزارەتی کار: 4,216,415,226,176 دینار
7. وەزارەتی بازرگانی: 3,438,115,022,802 دینار
8. وەزارەتی کارەبا: 3,362,849,238,010 دینار
9. وەزارەتی خوێندنی باڵا: 2,024,460,885,734 دینار
10. وەزارەتی داد: 580,600,616,986 دینار
11. وەزارەتی پیشەسازی: 559,629,436,806 دینار
12. وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: 190,292,463,884 دینار
13. وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو: 188,947,992,007 دینار
14. وەزارەتی کشتوکاڵ: 124,999,797,889 دینار
15. وەزارەتی دەرەوە: 122,413,456,274 دینار
16. وەزارەتی ڕۆشنبیری: 74,170,760,547 دینار
17. وەزارەتی وەرزش و لاوان: 64,033,424,332 دینار
18. وەزارەتی گواستنەوە: 45,902,334,624 دینار
19. وەزارەتی پلاندانان: 37,761,353,035 دینار
20. وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران: 36,951,027,705 دینار
21. وەزارەتی نەوت: 33,947,856,299 دینار
22. وەزارەتی ژینگە: 30,263,724,104 دینار
23. وەزارەتی گەیاندن: 7,038,662,437 دینار
 
روانگەی ئیکۆ عێراق، کار لەسەر کۆکردنەوە و شیکردنەوەی داتاکان دەکات بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی راپۆرتی وەرزی و هەواڵی نوێ، تاوەکو خزمەت بە توێژەران، وەبەرهێنەران، داڕێژەرانی سیاسەت و دەزگاکانی راگەیاندن بکات.
سەرچاوە:رووداو