سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەغدا گوتی، "دەبوو رۆژی یەکشەممە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراق فەرمانی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانى عێراقى دەربکردایە، بەڵام ئەگەری هەیە ئەو بڕیارە بکەوێتە ئەمڕۆ دووشەممە."
بڕیارى وەزارەتى دارایی عێراق وایە، دواى دابەشکرنى مووچەى فەرمانبەرانى وەزارەت و دامەزراوەکانى حکومەتى فیدراڵى، پارەى مووچەى هەرێمى کوردستان بنێرێت.
ئەو سەرچاوەیەی رووداو ئاماژەی بەوە دا، جگە لەوەی کێشەی کەمیی پارەی نەختینە هەیە؛ بەگوێرەی روونکردنەوەی دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەی حکومەتی کاربەڕێکەر، ئەو حکومەتە ناتوانێت قەرز لە بانکەکان بکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی پارەی نەختینە.
لەبارەی چارەنووسی دوو مووچەی کۆتایی ئەم ساڵی هەرێمی کوردستان، د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "لە کۆتایی ساڵدا بودجە دادەخرێت و ئەوەی پەیوەندیدارە بە خەرجیی وەبەرهێنان، کە خەرج نەکرابێت، دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت؛ بەڵام مووچەی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی لە پشکی بودجەکەی جیاکراوەتەوە و ناگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت، دەبێتە ئەمانەت لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی دا، کە دەبێت بیدات."