حکومەت مژدەی دڵخۆشکەری بۆ هاوڵاتیان ڕاگەیاند
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا دەرفەتێکی دیکە بداتە ئەو هاووڵاتییانەی تاوەکو ئێستا پێوەری ئاویان نەبەستووە و کرێی بەشداریکردن و قەرزەکانیان بۆ کەم دەکاتەوە. بڕیارەکە لە ئەمڕۆوە تاوەکو 1ـی نیسانی ساڵی داهاتوو کاری پێ دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ڕایگەیاند، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بە ئامانجی سوودمەندبوونی هاووڵاتییان بە بەستنی پێوەری ئاو و کەمکردنەوەی قەرزی کەڵەکەبووی کرێی ئاو، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو، ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی دەرکرد.
بەپێی بڕیارەکە، لە ڕێکەوتی (24-11-2025) تاوەکو (1-4-2026)، ئاسانکاری و داشکاندن بۆ هاووڵاتییان دەکرێت بەم شێوەیەی خوارەوە:
• بۆ دەرەوەی سەنتەری شارەکان: کرێی بەستنی ئاو لە 45 هەزار دینارەوە کەم دەکرێتەوە بۆ 10 هەزار دینار.
• بۆ سەنتەری شارەکان: کرێی بەستنی ئاو لە 45 هەزار دینارەوە کەم دەکرێتەوە بۆ 20 هەزار دینار.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، جگە لەو کەمکردنەوانە، داشکاندنی ڕێژەی %20 لەو بڕە پارانەش دەکرێت، بەو مەرجەی هاووڵاتییەکە پابەند بێت بە بەستنی پێوەری ئاو.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و ڕاشیگەیاندووە کە تیمەکانیان ئامادەن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان لەژێر ڕۆشنایی ئەم بڕیارەدا.