لیژنەی تایبەتمەند بە دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک: هیچ پۆستێکی پردێ دابەش نەکراوەتەوە

دەنگۆیەک لەبارەی پێدانی سێ پۆستی نوێ بە تورکمان لە پردێ بڵاوبووەتەوە، بەڵام ئەندامێکی لیژنەی دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای کەرکووک دەنگۆکە رەت دەکاتەوە.

تەمووزی 19, 2025 - 11:36
لیژنەی تایبەتمەند بە دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک: هیچ پۆستێکی پردێ دابەش نەکراوەتەوە

هۆشیار هیجران، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و ئەندام لە لیژنەی دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رۆژی پێکهێنانی لیژنەکەمانەوە تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کۆبوونەوەیەکمان نەکردووە."

 دوای زنجیرەیەک خۆپێشاندان، کە بەشی زۆری خۆپێشاندەران لە نەتەوەی تورکمان بوون لە ناحیەی پردێ لە پارێزگای کەرکووک و، داواکردنی پۆستی زیاتر، 03ی تەممووز لیژنەیەک لە پارێزگای کەرکووک بۆ دابەشکردنی پۆستەکان پێکهێندرا.

 18ی تەممووز دەنگۆیەک بڵاوکرایەوە کە گوایە سێ پۆستی نوێ لە پردێ بە بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بێ گەڕانەوە بۆ لیژنەی دابەشکردنی پۆستەکان دراون بە تورکمان. هۆشیار هیجران دەڵێت، "ئەو دەنگۆیە راست نییە و هیچ پۆستێکی نوێ دابەش نەکراوە و نەگۆڕدراوە، چونکە نە زانیاری بە ئێمە دراوە و نە کۆبوونەوەش کراوە."

 بەگوێرەی فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لیژنەکە لە 8 ئەندام پێکدێت: سێ کورد، دوو تورکمان، دوو عەرەب و تەنیا ئەندامەکەى کریستیان.

 لەبارەی هۆکاری کۆنەبوونەوەی لیژنەکەیان، هۆشیار هیجران گوتی، "برادەرانی تورکمان ناڕەزاییان هەیە." لیژنەکە لە کاتێکدا پێکهات، سەرەتای ئەم مانگە خۆپێشاندانی لایەنگرانی بەرەی تورکمانی و حەشدی شەعبی لە ناحیەی پردێ دژی دانانی هاونیشتمانییەک وەکو سەرۆکی شارەوانی بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی نووسراوی سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا، دەبێت لیژنەکە لە مانگێکدا و تاوەکو 03ی ئاب کارەکانی تەواو بکات.

سەرچاوە: ڕووداو