پرسی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران؛ ئایار رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان بەریتانیا و عێراقدا کراوە؟

هەرچەندە دانوستاندنەکان لەسەر پرسی کۆچبەران لەنێوان عێراق و بەریتانیادا بەردەوامن، بەڵام ئەو هەواڵانەی باس لە دەستپێکردنی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ لەم هاوینەدا دەکەن، دوورن لە راستییەوە.

تەمووزی 19, 2025 - 11:34
پرسی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران؛ ئایار رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان بەریتانیا و عێراقدا کراوە؟

لە چەند رۆژی رابردوودا، هەواڵێک نیگەرانییەکی زۆری لەنێو کۆچبەرانی کورد و عێراقی لە بەریتانیا دروستکردووە، گوایە حکومەتی بەریتانیا و عێراق رێککەوتنێکی کۆتاییان بۆ دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی پەنابەران واژۆ کردووە؛ بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی دیاسپۆرای رووداو، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی لەو شێوەیە لەئارادا نییە و هەواڵەکان تەنها لە چوارچێوەی گوشارەکانی میدیادان.

سەرچاوەی ئەو دەنگۆیانە بۆ راپۆرتێکی رۆژنامەیەکی بەریتانی دەگەڕێتەوە، کە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و متمانەپێنەکراو ناسراوە، هاوکات هەندێک لە میدیاکانی باشووری کوردستان هەواڵەکەیان بڵاوکردووەتەوە. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو، لە کۆتایی ئەم هاوینەدا، پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ بۆ عێراق دەستپێدەکات.

راستییەکە ئەوەیە کە حکومەتی بەریتانیا و عێراق لە کۆتایی ساڵی 2024ەوە لە دانوستاندندان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی.

هۆکاری سەرهەڵدانەوەی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەم لە فەرەنساوە دەگەنە بەریتانیا، کە لە هەفتەی رابردوودا ریکۆردێکی نوێی لە ماوەی یەک رۆژدا تۆمار کرد، ئەمەش گوشاری میدیایی و رای گشتیی لەسەر حکومەتی ئێستای بەریتانیا زیاد کردووە.

 لەنێو ئەو گوشارانەدا، میدیاکان قسەیەکی پێشووتری وەزیری نێوخۆی بەریتانیایان دووبارە هێناوەتەوە کە گوتبووی "لەگەڵ عێراق لە رێککەوتن نزیکین."

 ئەم لێدوانە کۆنە وەکو ئەوەی نوێ بێت، بۆ چەواشەکاری بەکارهێندراوەتەوە. بە کورتی، لە ئێستادا هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی کۆچبەران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن بەریتانیاوە نییە؛ ئەوەی هەیە تەنها دانوستاندنە و هێشتا هیچ ئەنجامێکی کۆتایی لێ نەکەوتووەتەوە.

سەرچاوە: ڕووداو