ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ى تشرینى دووەمى 2025، سەرکردەى ئەو پێنج لایەنە سوننەیە لە بەغدا کۆبوونەوە و راگەیێنراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
ئەو لایەنانە پێکھێنانى ئەنجوومەنى سیاسیی نیشتمانییان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا "ئەنجوومەنەکە چەترى کۆکەرەوەى ئەو لایەنانە دەبێت و هەڵوێست، تێڕوانین و بڕیارەکانیان یەک دەخات بەرامبەر بە دۆسیە نیشتمانییە جیاوازەکان."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، "ئەو ئەنجوومەنە کارى هاوبەش لە نێوان سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان بەهێز دەکات، هەروەها جەختیان لە گرنگى یەکخستنى هەوڵەکان کردووە بۆ ئەوەى بە تێڕوانینێکى هاوبەش کار بکەن بۆ سەقامیگریى سیاسی و کۆمەڵایەتى و گەرەنتیکردنى مافە دەستوورییەکان و بەهێزکردنى نوێنەراتیکردن لە دامەزراوەکانى دەوڵەت."
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری، موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، بەدرە فەحل، پارێزگاری سەلاحەدین، سابت عەباسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی حەسم لەو کۆکوبونەوەیەدا بەشدار بوون.
ئەو لایەنانە بڕیاریاندا کۆبوونەوەى خولیی ئەنجوومەنى سیاسیى نیشتمانى بەشێوەیەکى رێکخراو لە ماوەى خولى شەشەمى پەرلەمانى عێراق بەردەوام بێت.
ئەو کۆبوونەوەیەى لایەنە سوننەکان بە دەستپێشخەرى خەمیس خەنجەر بوو، بەر لە کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەڤانانى گوت: "گفتوگۆیەکی راستەقینە و جیدیمان دەستپێکردووە، لەپێناو دانانی نەخشەڕێگەیەک بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی بەڵێنمان پێدابوو بۆ جەماوەرەکەمان، بۆ ئەوەی سەقامگیری بێنینە کایەوە و دیاریکردنی سەرۆکایەتییەکان خێرا بکرێت."
خەمیس خەنجەر ئاماژەی بەوەدا کە پلانێکی تەواویان دەبێت و لەسەر چەند پێوەرێک رێکدەکەوین، لەپێناو وەلانانی ناکۆکییەکانی نێوانیان بۆ خێرا پێکهێنانی پەیکەرى داهاتووی دەوڵەت.
لایەنە سوننەکان زیاتر لە 66 کورسی پەرلەمانیان لەم هەڵبژاردنە مسۆگەر کرد کە لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ کرا.
سەرچاوە:ڕووداو