وەزیری نەوتی عێراق: دەمانەوێ هەناردەی نەوت لە رێگەی سووریاوە دەستپێبکەینەوە
وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، پلانیان بۆ بەگەڕخستنەوەی هێڵی گواستنەوەی نەوتی خاو لەگەڵ سووریا هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ هاوتا سووریاییەکەی لەسەر دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش رێککەوتن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12-08-2025، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە بەغدا لەگەڵ محەممەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا کۆبووەوە و رایگەیاند، عێراق کار بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان دەکات و پێویستی بە دەروازەی هەناردەکردنی زیاتریشە.
وەزیری نەوتی عێراق گوتی: "هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراق-سووریا لە دەیان ساڵی رابردوودا رۆڵێکی گرنگی هەبوو و بەگەڕخستنەوەی لەم کاتەدا گرنگە". گوتیشی: "جگە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، لە پێشنیازی هەناردەکردن لە رێگەی هێڵی بانیاسی سووریا و هێڵی تەرابلووسی لوبنان دەکۆڵینەوە."
حەیان عەبدولغەنی باسی لەوەش کرد، عێراق لە بەرهەمهێنانی گازوایل و نەوتی سپیدا گەیشتووەتە خۆبژێوی و "تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵیش دەگەینە خۆبژێوی لە بەنزین و ئیدی هاوردەکردنی رادەگرین."
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، هەردوو وەزیر رێککەوتوون لەسەر دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی بۆرییەکە و تاوتوێکردنی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن؛ هەروەها پێشنیازکراوە راوێژکارێکی نێودەوڵەتی بەشداری بکات بۆ دیاریکردنی دۆخی تەکنیکی و کارایی بۆرییەکە.
وەزیری وزەی سووریاش ئاماژەی بەوە کرد، پیشەسازیی نەوتی وڵاتەکەی پێویستی بە هاوئاهەنگیی هەرێمییە و جەختی لە گرنگیی بەگەڕخستنەوەی بۆرییەکە کردەوە کە بەهۆی کاری تێکدەرانە و کۆنبوونییەوە زیانی بەرکەوتووە.
لە کۆبوونەوەکەدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنانی عێراق، گفتوگۆ لەبارەی وەبەرهێنان کرا؛ هەروەها بە ئامادەبوونی عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق باسی پرسی ئاو کرا.
بۆریی نەوتی کەرکووک-بانیاس لە ساڵی 1952 دروستکراوە و درێژییەکەی 800 کیلۆمەترە. بۆرییەکە لە ساڵی 2003ـەوە لەکارکەوتووە و ئەگەر چاک بکرێتەوە، توانای هەیە رۆژانە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات.
لە نیسانی ئەم ساڵ دا، حکومەتی عێراق دانوستاندنی لەگەڵ سووریا دەستپێکرد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەرەکەوە بۆ گەیاندنی نەوتەکە بە دەریای نێوەڕاست و شاندێکی باڵای عێراق سەردانی دیمەشقی کرد بۆ گفتوگۆ لەسەر پلانەکانی بەگەڕخستنەوەی ئەو هێڵە.
سەرچاوە: ڕووداو