'ترس لە جەنگ' نۆ رۆژ هەناردەى نەوتى عێراقى لە بەسرەوە راگرت
نۆ رۆژ نەوتى عێراق بۆ هەناردەکردن لە بەسرەوە بارنەکرا. بەگوتەى پسپۆڕێکى بوارى نەوت، ئەو ماوەیە لە راگرتن "زۆرە و پەیوەندى بە مەترسیی جەنگەوە هەبوو".

بە گوێرەى ئامارى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ)، بەر لە هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و ئێران دوایینجار نەوت لە رێگەى بەسرەوە هەناردەکرابێ، لە 5ـی حوزەیران بوو کە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت بوو لە رۆژێکدا. ئەو ئامارە کە تایبەتە بە گواستنەوەى نەوت لە رێگەى کەشتییەوە دەریخستووە، هەناردەکردن تاوەکو 16ى حوزەیران نەبووە، واتە بۆ نۆ رۆژ.
د. گۆڤەند شێروانى، پسپۆڕى بوارى نەوت بە رووداوى گوت: "9 رۆژ راگرتنى هەناردەى نەوت زۆرە و پەیوەندى بە ترسى کۆمپانیاکانەوە هەبووە لەو جەنگە. عێراق کەشتیى گواستنەوەى نەوتى زۆرى نییە و کۆمپانیا بیانییەکان نەوتەکەی دەگوازنەوە".
13ى حوزەیران جەنگى نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستیپێکرد.
بڵاوکراوەکانی سۆمۆ دەریدەخات کە نۆ رۆژ هەناردە نەبووە ئامارى کۆمپانیاى سۆمۆ دەریخستووە لە هەفتەى رابردوودا تەنیا سێ رۆژ نەوت هەناردەکراوە کە رۆژانى 16 و 17 و 18ى حوزەیران بوون.
16ى حوزەیران پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەکراوە، 17ى حوزەیران دوو ملیۆن و 950 هەزار بەرمیل و 18ى حوزەیران چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەکراوە کە هەمووی 11 ملیۆن و 950 هەزار بەرمیل نەوت دەکات.
د. گۆڤەند شێروانى گوتى: "بەگوێرەى رێککەوتنى عێراق لەگەڵ ئۆپێک، ئەگەر بڕى نەوتى کەمتر هەناردە بکات ناتوانێت قەرەبووى بکاتەوە، بەڵام ئەگەر نەوتى زیاتر هەناردە بکات پێویستە دواتر قەرەبووى زیادەى هەناردەکە بکاتەوە".
بە گوێرەى رێککەوتنى عێراق و ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەى بڕى بەرهەمهێنانى نەوت، دەبێت رۆژانە 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات، لە کاتێکدا بە گوێرەى یاسای بودجە پێویستە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت بۆ ئەوەى پارەى بودجە دابین بکات.
ئامارى سۆمۆ ئەوەى دەرخستووە کە بەر لە دەستپێکردنى جەنگەکە لە سەرەتاى مانگى حوزەیران، پێنج رۆژ هەناردەى نەوتى عێراق تۆمارکراوە کە نۆزدە ملیۆن و 850 هەزار بەرمیل نەوتى لە رێگەى بەندەرەکانى بەسرەوە هەناردە کردووە.
سەرچاوە: ڕوودوا