بانکی ناوەندیی عێراق زیادکردنی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران رەتدەکاتەوە
بانکی ناوەندیی عێراق رەتی دەکاتەوە پێدانی دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی فەرمی بۆ 5000 دۆلار بەرزکرابێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 25ی نیسان بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، ئەو نووسراوەی بڵاوکراوەتەوە، گوایە بڕی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە 3000 دۆلارەوە بۆ 5000 دۆلار بەرزکراوەتەوە، دوورە لە راستییەوە و دروستکراوە.
رۆژی 01-07-2024 بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری دا بڕی 3000 دۆلار لە فڕۆکەخانەکان بداتە گەشتیاران، کە دۆلار بە 132 هەزار دینار لە بەرامبەر 100 دۆلار بۆ گەشتیاران هەژمار دەکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی گەشتیاران دەبێت پێش گەشتەکەیان بەڵگەنامەی گەشتکردن و بڕی پارەکە بە دینار لە یەکێک لە لقەکانی بانکی TBI دابنێن، رۆژی گەشتەکەیان لە فڕۆکەخانە 3000 دۆلارەکە وەردەگرن.
27ی ئۆکتۆبەری 2024 بانکی تی بی ئای، بە فەرمی کردنەوەی دەروازەکانی پێدانی دۆلاری بە نرخی فەرمی لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی راگەیاند. هەر ئەمڕۆ، سەرچاوەیەک لە بانکی تی بی ئای بە رووداوی گوت، "رۆژانە لە هەرێمی کوردستاندا، نزیکەی 250 بۆ 300 گەشتیار دۆلاریان بە نرخی فەرمی پێدەدرێت." بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی تی بی ئای، "بۆ کەیسە تایبەتەکان و نەخۆشی، هەرکاتێک سەردانمان بکەن دۆلاریان بە نرخی فەرمی پێدەدەین و کارەکانیان دواناخەین."
بەگوێرەی تی بی ئای، گەشتیار دەبێت تیکت، ڤیزە، کارتی زانیاری و نیشتمانی پێشکێش بکات، لەگەڵ بڕی سێ ملیۆن و 960 دینار، ئەوەش جگە لە 250 هەزار دینار کە وەکو کرێی بانکی و پسووڵە لێی وەردەگیرێت، دواتر گەشتیار 3000 دۆلار لە فڕۆکەخانە وەردەگرێت.
دیارترین مەرجەکانی پێدانی دۆلار لەلایەن TBI:
- سەردانیکردنی یەکێک لە لقەکانی TBI
- - پێویستە کەسەکە گەشتیار بێت و 18 ساڵی تەواو کردبێت.
- - وڵاتینامەی عێراقی، پاسپۆرت، کارتی زانیاری، ڤیزە و تیکتی فڕۆکەی پێبێت.
- - تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە لە فڕۆکەخانەوە گەشت دەکەن.
- - نابێت گەشتیار گەشتەکەی بۆ ئەو وڵاتانە بێت کە لە لیستی سزادراوانی ئەمریکادان، لەوانە ئێران، رووسیا، سووریا و لوبنان.
سەرچاوە: ڕووداو