ئەمڕۆ شەممە، 1-11-2025، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق راگەیاند: "جێبەجێکردنی رێنمایی تایبەت بە ئۆتۆمبێل لە عێراق لە 1ی کانوونی دووەمی 2026ـەوە دەستپێدەکات و هەموو هاوردەکار و بەرهەمهێنەران ئاگادارکراونەتەوە ".
عەبدولزەهرە هینداوی گوتیشی: "چەندین پلاتفۆرممان هەیە کە رێنماییە نوێیەکانی ئۆتۆمبێلیان تێدایە و بە داواکاریی تەکنیکیی ژمارە (167) ناسراوە. سەرنجەکە لەسەر ئەوەیە کە ئۆتۆمبێلەکان لەگەڵ کەشوهەوای عێراق بگونجێن."
بە گوتەی هینداوی، ئەم رێنماییانە سەرنجیان لەسەر وزە و سەلامەتییە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئۆتۆمبێلی سەلامەت بێنە نێو عێراق.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند: "ئەمە تەنیا جۆرێکی دیاریکراوی ئۆتۆمبێل ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە دەهێندرێنە نێو عێراق. ئامانجەکە ئەوەیە کە دەبێت تایبەتمەندییەکانی عێراقیان تێدابێت، بەبێ رەچاوکردنی وڵاتی دروستکەر و جۆری ئۆتۆمبێلەکە."
سەبارەت بە رێکارەکان، عەبدولزەهرە هینداوی رایگەیاند: "لەدوای 1-1-2026 رێکاری دیاریکراو و روون لەوبارەیەوە دەگیرێنەبەر، بەڵام پێش ئەو کاتە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە رێگەی دەزگای ناوەندییەوە هاتوون، بە دەروازە فەرمییەکاندا تێپەڕیون، ئەگەر دەروازەی دیکەی نافەرمی هەبووبێت، ئەوە بەرپرسیارێتیی ئێمە نییە."
لەبارەی میکانیزمی هاوردەکردنەکە، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند: "کاتێک بازرگانێک خواستی خۆی بۆ هێنانی ئۆتۆمبێل دەردەبڕێ، داتاکانی لە سیستمێکی تایبەتدا تۆماردەکرێن و دەزگای ناوەندیی کۆنترۆڵی جۆری لە رێگەی بەشی تایبەتەوە بەدواداچوون بۆ سەرچاوە و دەروازەی سنووریی هاتنەژوورەوەی ئۆتۆمبێلەکان دەکات. دوای پشکنین و دڵنیابوونەوە لەوەی ئۆتۆمبێلەکە لەگەڵ رێنوێنییەکانی عێراق دەگونجێ، رێگەی پێدەدرێت بخرێتە بازاڕەکانەوە."
عەبدولزەهرە هینداوی گوتی، ئەو رێنماییانە تەنیا بۆ ئۆتۆمبێلی نوێ دەبن.
سەرچاوە:ڕووداو