عێراق گرێبەستێک لە بوارى وزە لەگەڵ کۆمپانیایەکى ئەڵمانى واژۆ دەکات

وەزارەتى کارەباى عێراق گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیاى سیمینز ئینێرجیى ئەڵمانى واژۆ دەکات کە بەشێکى تایبەتە بە چاککردنەوەی دوو وێستگەى کارەبا.

ئارەی 1, 2025 - 23:29
عێراق گرێبەستێک لە بوارى وزە لەگەڵ کۆمپانیایەکى ئەڵمانى واژۆ دەکات

گرێبەستەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ی ئایارى 2025، بە سەرپەرشتى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەنێوان نوێنەرانى وەزارەتى کارەبا و کۆمپانیا ئەڵمانییەکە واژۆ کرا.

 بە گوێرەى راگەیێندراوێکى نووسنگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، ئەو رێککەوتنەى کە واژۆ کراوە، بنەماى هاریکارییە لە بوارى وزە، هەروەها دوو گرێبەستى دیکە واژۆ کران بۆ چاککردنەوە لە هەردوو وێستگەى گازى بەرهەمهێنانى کارەبارى دووبس لە کەرکووک و مسەیب لە بابل.

ئەو چاککردنەوەیەى کە لە وێستگەى دووبس دەکرێت درێژخایەنە و دەبێتەهۆى خستنەوەکارى دوو یەکەى بەرهەمهێنانى کارەبا بە بڕى 340 مێگاوات، هەروەها گرێبەستەکەى تایبەت بە وێستگەى مسەیب بۆ ماوەى پێنج ساڵە و یەکەى بەرهەمهێنانى 750 مێگاواتى چاکدەکرێتەوە و 150 مێگاواتى دیکەى بۆ زیاد دەکرێت.

رێککەوتنى بنەماى هاریکاری لە بوارى وزە لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئەڵمانییە، 14 هەزار مێگاوات کارەبا لە عێراق زیاد دەکات.

 محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند: گرنگە بەهەمان پەرۆشى هاریکاریى نێوان عێراق و ئەڵمانیا بەردەوام بێت و کۆمپانیاى سیمینز ئینێرجى هاوبەشێکى بنەڕەتییە بۆ عێراق بۆ برەودان بە کەرتى وزە.

وەزارەتى کارەباى عێراق 28 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە وەرزى هاوین پێویستى بە 54 هەزار مێگاوات کارەبایە.

سەرچاوە: ڕووداو