ماکرۆن بۆ پووتین: لە درۆکردن بوەستە

سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، پێویستە سەرۆکی رووسیا بوەستێت لەو "درۆ"یەی کە دەڵێت، "ئاشتیی دەوێت،" لە کاتێکدا هێرش دەکاتە سەر ئۆکراینا.

نیسان 25, 2025 - 19:11
ماکرۆن بۆ پووتین: لە درۆکردن بوەستە

رۆژی پێنجشەممە 24-04-2025 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە سەردانی بۆ ماداگاسکار گوتی، "تاکە شت سەرۆک پووتین بیکات، ئەوەیە ئیدی لە درۆکردن بوەستێت." ماکرۆن پووتینی بەوە تۆمەتبار کرد کە بە شاندی دانوستاندنکاری ئەمریکا دەڵێت، "ئاشتیم دەوێت،" بەڵام "دواتر لە بۆمبارانکردنی ئۆکراینا بەردەوام دەبێت."

 بەیانیی رۆژی پێنجشەممە 24-04-2025 رووسیا بە مووشەک هێرشی کردە سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و لانیکەم 12 کەسی کوشت. لەو کاتەوەی رووسیا لە شوباتی 2022 هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، ئەمە یەکێک بوو لە خوێناویترین بۆردوومانەکانی شاری کیێڤ.

 هێرشەکان کۆسپی زیاتر دەخەنە بەردەم هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ رازیکردنی مۆسکۆ و کیێڤ بۆ راگرتنی جەنگ.

ماکرۆن گوتی، "لە ئۆکراینا، خەڵک تەنیا یەک وەڵامی دەوێت، ئایا سەرۆک پووتین بە ئاگربەستی بێمەرج رازی دەبێت یان نا؟" ماکرۆن گوتیشی، "پووتین تاکە کەسە ئەو پێشنیازەی ئەمریکا بۆ ئاگربەست، کە ئەورووپا پشتگیریی دەکات، رایگرتووە."

سەرۆکی فەرەنسا پێیوایە ئاگربەست لەسەر قسەی پووتین وەستاوە و گوتی، "ئەگەر سەرۆک پووتین بڵێت بەڵێ، سبەی چەکەکان بێدەنگ دەبن و گیانی خەڵک دەپارێزرێت."

 ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەلایەکی دیکە باسی ئەوە دەکات کە دەیەوێت نیمچە دوورگەی کریمیا، کە خاکی ئۆکراینا بوو و لە 2014 رووسیا کۆنتڕۆڵیکرد، بە خاکی رووسیا دان پێدا بنێت.

 دوێنێ چوارشەمە ترەمپ گوتی، کریمیا، نیمچەدوورگە سەوزەکەی دەریای رەش، کە بنکەی سەربازیی لەمێژینەی رووسیا و یەکێیتی سۆڤیەتی لێیە، "هیچ جێگەی گەنگەشە نییە و ساڵانێکە دۆڕاندوویەتی."

ماکرۆن گوتی، خاڵی لە پێشینە ئەوەیە بگەینە رێککەوتنی ئاگربەست، دواتر باسی کریمیا دەکرێت.

سەرچاوە: ڕووداو