ئەم جووڵە دیپلۆماسییە نوێیە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگ دێت، لەوانەش لووتکەی نێوان ترەمپ و پووتین لە ئەلاسکا و میوانداریکردنی زیلینسکی و 7 سەرکردەی ئەورووپی لە کۆشکی سپی.
ترەمپ: رەنگە پووتین نەخوازێت رێککەوتن بکات
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، چارەسەرکردنی ململانێکە "کارێکی قورسە" و دانی بەوەدا نا کە ئەگەری هەیە سەرۆکی رووسیا ئارەزووی کۆتاییهێنان بە کردەوە دوژمنکارییەکان نەکات.
ترەمپ گوتی: "لە دوو هەفتەی داهاتوودا لەبارەی سەرۆک پووتینەوە دەزانین. رەنگە نەخوازێت رێککەوتن بکات." ترەمپ بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک بخاتەڕوو، گوتیشی ئەگەر وابێت، پووتین رووبەڕووی "دۆخێکی سەخت" دەبێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی سەرەتا جەختی لەسەر لووتکەیەکی سێقۆڵی دەکردەوە، ترەمپ ئێستا پێشنیاز دەکات کە "باشتر وایە" سەرەتا دوو سەرکردەکە بەبێ ئەو کۆببنەوە و گوتی "ئەگەر پێویست بکات ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبم، بەڵام با بزانم چی روودەدات."
وەڵامی ساردی کرێملین
سەرۆکی رووسیا هەرچەندە رۆژی دووشەممە بە ترەمپی گوتبوو بۆ بیرۆکەی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئۆکراینا "کراوەیە"، بەڵام رۆژی دواتر سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوە، ئەو بەڵێنە ناڕوونەی زیاتر ساردکردەوە.
لاڤرۆڤ رایگەیاند، هەر کۆبوونەوەیەک پێویستە "قۆناخ بە قۆناخ لە ئاستی شارەزایانەوە ئامادەکاریی بۆ بکرێت،" ئەمەش دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵوێستی دوودڵانەی پێشووی کرێملین بوو.
گومانی ئەورووپا و هەنگاوی کرداری
لە کاتێکدا ترەمپ هێشتا هیوای بە گفتوگۆ هەیە، هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ئۆکراینا کەمتر گەشبینن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی سێشەممە پووتینی بە "ئاژەڵێکی دڕندە و دێوێک لە بەردەرگامان" وەسفکرد و گومانی خۆی لە ئامادەیی سەرۆکی رووسیا بۆ کارکردن بەرەو ئاشتی نەشاردەوە.
هاوکات ئەلێکساندەر ستوب، سەرۆکی فینلاند رایگەیاند، "پووتین کەمجار جێی متمانەیە" و گومانی لە کردنی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ زیلینسکی هەیە.
یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی گفتوگۆکانی واشنتن، پرسی گەرەنتیی ئەمنی بوو. ترەمپ رایگەیاند، ئەمریکا ئامادەیە "لە رێگەی ئاسمانەوە" یارمەتیی ئەورووپییەکان بدات ئەگەر ئەوان هێزی زەوینی لە ئۆکراینا دابین بکەن، هەرچەندە ناردنی هێزی ئەمریکی رەتکردەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە، هێرشەکانی رووسیا بەردەوامن. بەرپرسانی ئۆکراینا رایانگەیاند، لە دوو شەوی رابردوو هێرش کراوەتە سەر وێستگەیەکی دابەشکردنی گاز لە ئۆدیسا و لە هێرشێکیشدا بۆ سەر شارۆچکەیەک لە هەرێمی سومی 14 کەس بریندار بوون.
سەرچاوە: ڕووداو