عەجاج لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "سەباح"ی زمانحاڵی حکومەتی عێراق، نکۆڵیی لە بەرپرسیارێتیی ئەو تۆمەتانە نەکردووە، کە رووبەڕووی کراونەتەوە، بەڵکو دانی بەوەدا ناوە کە "بە بەرنامە رۆژانە هەڵمەتی برسیکردن و دەستدرێژیکردنە سەر زیندانییەکانیان وەکو ئامرازێکی کوشتنی بەکۆمەڵ هەبووە."
عەجاج باس لەوە دەکات کاتێک ئیدارەی بەندیخانەی نوگرەسەلمانی وەرگرتووە، 400 زیندانیی عەرەبی تێدابووە؛ ئەوانیان گواستووەتەوە و لە شوێنیان 3000 زیندانیی کوردی خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێریان هێناوەتە بەندیخانەکە.
عەجاج دانی بەوەشدا ناوە کە "برسیکردنیان وەکو چەکێکی جەنگیی وێرانکەر بەکارهێناوە، کە لە بۆردوومانی سەربازی کەمتر نەبووە و تەنیا لە ماوەی 10 مانگ دا یەک لەسەر سێی زیندانییەکان گیانیان لەدەستداوە."
عەجاج ئەحمەد حەردان عوبێدی، لە پارێزگای سەڵاحەدین لەدایکبووە و دەرچووی خولی 7ـی کۆلێژی ئاسایشی نیشتمانییە. لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیی هەولێر، رومێسە، نەجمی، بسیە و موسەننا کاری کردووە، تاوەکو بووەتە سەرپەرشتیاری گشتیی بەندیخانەی نوگرەسەلمان. لەگەڵ زیندانییەکان زۆر دڵڕەق بووە، بۆیە زیندانییەکان ناسناوی "حەجاج"یان لێناوە، وەکو ئاماژەیەک بۆ تووندوتیژی و دڵڕەقییەکەی.
رۆژی پێنجشەممە، 31-07-2025، نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق رایگەیاند، "تاوانبارێکی شاڵاوەکانی ئەنفال بە ناوی عەجاج ئەحمەد حەردان دەستگیرکراوە."
نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوا لە زیندانییان و کەسوکاری زیندانییان و بێسەروشوێنبووان دەکات، پەیوەندییان پێوە بکەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵا دژی ئەو "تاوانبارە".
دواتر هۆزی عوبێد رۆژی یەکشەممە، 03-08-2025، روونکردنەوەیەکیان لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو کەسە بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە عەجاجەکەی نوگرەسەلمان نییە و کەسێکی بێتاوانە.
هەمان رۆژ، یەکشەممە 03-08-2025، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، ناوی عەجاج ئەحمەد حەردانە و بە حەجاجی نوگرەسەلمان ناسراوە و ئێستا لەلایەن دەزگاکەیانەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
ئەرشەد حاکم گوتی: "ئەو کەسە لە لێکۆڵینەوەکاندا زۆر بەخێرایی دانی بە تاوانەکانیدا ناوە، بەتایبەتی ئەو تاوانانەی دژی کوردی کردوون." هەروەها گوتی: "پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لە قۆناخەکانی کۆتاییدایە."
عەبدولکەریم عەبد فازڵ (ئەبو عەلی بەسری)، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، پشتڕاستی کردەوە کە دەستگیرکردنی عەجاج دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و دانپێدانانی ئەفسەرانی پێشووی رژێمی بەعس بووە، کە ئاشکرایان کردووە عەجاج رۆڵی سەرەکیی لە تاوانەکانی کۆمەڵکوژی و راگواستنی زۆرەملێدا هەبووە.
سەرچاوە: ڕووداو