ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕووی گەشتی فڕۆکەوانیدا کرایەوە

دوای ئەوەی عێراق دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی راگەیاند، بەرپرسانی فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتیی سلێمانی، هەولێر و کەرکووک دەڵێن، گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە.

حوزەیری 24, 2025 - 13:10
ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕووی گەشتی فڕۆکەوانیدا کرایەوە

دانا محەممەد، گوتەبێژی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە عێراقەوە ئاگادارکراوینەتەوە کە لە کاژێر 10:30ی ئەمڕۆوە ئاسمان کراوەتەوە."

گوتەبێژی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا چاوەڕوانی کۆمپانیاکانی هێڵە ئاسمانییەکان دەکەین کە خشتەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان رابگەیێنن."

هاوکات هەردی سەمەد، گوتەبێژی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی لە فڕۆکەخانەکەمانەوە رادەگەیێنین." گوتەبێژی فڕۆکەخانەی کەرکووک ئەوەشی خستەڕوو، "پێشبینی دەکرێت خشتەی ئاساییبوونەوەی گەشتەکان رۆژانی داهاتوودا رابگەیێنین."

 هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە رووداوی گوت، "ئاگادارکراوینەتەوە گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە."

 رۆژی دووشەممە 23-06-2025 دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای داخستنی ئاسمانی عێراق بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە، لە ماوەی 10 رۆژدا 1283 گەشت لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی هەڵوەشاونەتەوە."

رۆژی هەینی 13ی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و دواتر ئێران وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیلی دایەوە؛ 21ی حوزەیرانی 2025 ئەمریکایش هاتە نێو جەنگەکە و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردوومان کرد.

تاوەکو ئێستا جەنگەکە بەردەوامە و هەردوو وڵات بەردەوام بە درۆن و مووشەک هێرش دەکەنە سەر یەکدی.

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 1184 گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەو 10 رۆژەدا هەڵوەشاونەتەوە.

دیلان رەشاد گوتی، "لەو ماوەیەدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییش 99 گەشت هەڵوەشاونەتەوە."

سەرچاوە: ڕووداو