یانەی نەسڕ نزیکە لە جێبەجێکردنی یەکەم مەرجی رۆناڵدۆ

یانەی نەسڕی سعودی نزیک بووەتەوە لە جێبەجێکردنی یەکێک لە مەرج و داواکارییەکانی کاپتنە پۆرتوگالییەکەی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەبارەت بە بەهێزکردنی ریزەکانی یانەکە بۆ وەرزی داهاتوو.

حوزەیری 24, 2025 - 13:20
یانەی نەسڕ نزیکە لە جێبەجێکردنی یەکەم مەرجی رۆناڵدۆ

رۆناڵدۆ گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ نەسڕ بۆ وەرزێکی دیکە، لەکاتێکدا گرێبەستی ئێستای لە 30ـی حوزەیرانی ئەم مانگەدا کۆتایی دێت. میدیای سعودی ئاشکرای کردووە کە یانەی نەسڕ بۆ وەرزی نوێ نزیکە لە گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانی بەرازیلی کاسێمیرۆ، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە گفتوگۆکان گەیشتوونەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو، ئەمەش کاسێمیرۆ لە پەیوەندیکردن بە ریزەکانی یانە سعودییەکەوە نزیک دەکاتەوە.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی ماوەی رابردوو، رۆناڵدۆ ئارەزووی خۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کاسێمیرۆ دەربڕیوە بۆ بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاستی نەسڕ و دەڵێن "هێنانی کاسێمیرۆ لەلایەن نەسڕەوە یەکەم مەرجی رۆناڵدۆ بووە بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە".

دۆن کریستیانۆ بۆ ماوەی چەند ساڵێک شانبەشانی کاسێمیرۆ لە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی یارییکردووە، هەروەها بۆ ماوەی چەند مانگێکیش لە یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی هاوتیپ بوون، پێش ئەوەی رۆناڵدۆ لە تشرینی دووەمی 2022 دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەو یانەیە بڕوات.

 گرێبەستی کاسێمیرۆ لەگەڵ مانچێستەر یونایتد لە هاوینی 2026 کۆتایی دێت، لەگەڵ ئەگەری زیادکردنی وەرزێکی دیکە بەڕەزامەندیی هەردوولا.

 یاریزانە 33 ساڵانەکەی هێڵی ناوەڕاست، لە وەرزی رابردوودا لەگەڵ مانچێستەر یونایتد بەشداری لە 42 یارییدا کرد، 5 گۆڵی تۆمارکرد و 3 ئەسیستی هەبوو.

سەرچاوە: ڕووداو