سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: دوای 15ـی نیسان لیستی مووچە بۆ بەغدا دەنێردرێت
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، تاوەکو 15ـی مانگ پێویستە لیستی مووچەی مانگی نیسان ئامادە بکرێت، دواتر بۆ بەغدا بنێردرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 09ـی نیسانی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان راسپێردراون تاوەکو لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە بکەن و دوای تەواوبوونی راستەوخۆ بۆ بەغدا دەنێردرێت".
ئەو سەرچاوەیە گوتی، "ئێستا خەریکی ئامادەکارییەکانن، تاوەکو 15ـی مانگ دەبێت لیستی وەزارەتەکان ئامادە بن، دواتر بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، هیچ کەموکوڕییەکی نەبێت لیستەکە بۆ بەغدا دەنێرین".
وەکو ئەو سەرچاوەیە گوتی، لیستەکە وەکو مانگی یەک، دوو و سێ لەلایەن شاندێکی وەزارەتەکە بۆ بەغدا دەبردرێت".
رۆژی 26-03-2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە، لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشکرا.