عێراق و ئەمریکا دوو یاداشتى لێکتێگەیشتنى تایبەت بە کارەبا واژۆ دەکەن

وەزارەتى کارەباى عێراق و دوو کۆمپانیاى ئەمریکى، دوو یاداشتى لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا بە وزەى خۆر و وێستگەى گازی.

نیسان 9, 2025 - 19:39
عێراق و ئەمریکا دوو یاداشتى لێکتێگەیشتنى تایبەت بە کارەبا واژۆ دەکەن

ئەو دوو یاداشتە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ـی نیسان، بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق واژۆ کران.

یەکێک لە یاداشتەکان لە چوارچێوەى بنەماى هاریکاریى بووە لەگەڵ کۆمپانیاى جى ئى ڤیرۆنۆڤاى ئەمریکى بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەى تایبەت بە وێستگەى بەرهەمهێنانى کارەبا لە رێگەى گازەوە بە تواناى 24 هەزار مێگاوات، بە سوودبینین لە پارەدارکردنى دەرەکى لە بانکە جیهانییەکان.

 بە گوێرەى راگەیێنراوى نووسینگەى سەرۆکوەزیران، ئەو پڕۆژەیە "فراوانترین و نوێترینە" لە مێژووى عێراق دا. یاداشتێکی لێکێتگەیشتنی دیکە لەنێوان وەزارەتى کارەبا و گرووپى یو جى تى رینیوەبڵى ئەمریکی واژۆ کرا، بۆ دروستکردنى پڕۆژەیەکى بەرهەمهێنانى کارەبا لە رێگەى وزەى خۆرەوە بە تواناى سێ هەزار مێگاوات و دانانی سیستمى کۆگاکردنى وزە بە بڕى 500 مێگاوات لە کاژێرێکدا.

 بەگوێرەى ئەو رێککەوتنە، کۆمپانیا ئەمریکییەکە کارى نوێنکردنەوەى هێڵى گواستنەوە و دابەشکردنى کارەبا و دروستکردنى هەزار کیلۆمەتر ژێرخانى نوێ بۆ گواستنەوەى کارەبا بۆ ماوەی دوو ساڵ دەگرێتە ئەستۆ.

 تەکنەلۆژیاى تایبەت بە کەرتى کارەبا تەرخان دەکرێت و مەشق بە کارمەندانى کەرتەکە دەکات بۆ چاککردنەوە و کارپێکردن، پارەى پڕۆژەکە لەلایەن بانکى هەناردە و هاوردەى ئەمریکى و ئاژانسى هەناردەى بەریتانیا دەکرێت و بانکى جەى پى مۆرگان وەک بانکى رێکخەرى پڕۆژەکە دەبێت.

واژۆکردنى ئەو دوو یاداشتە هاوکاتە لەگەڵ سەردانى شاندێکى ژوورى بازرگانیى ئەمریکا بۆ بەغدا. محەممەد شیاع سوودانى، سەرپەرشتى واژۆکردنى پاداشتێکى دیکەى لێکتێگەشتنى کرد لە نێوان شاندەکەى ئەمریکا و یەکێتیى ژوورە بازرگانییەکانى عێراق ، کە لە نۆ خاڵ پێکدێت بۆ بەهێزکردنى پەیوەندى ئابوورى و هاریکارى زانستى و تەکنەلۆژی و هاوکاریى نێوان کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکانى عێراق و ئەمریکا.

 ئەو شاندەى ئەمریکا لە 101 کەس پێکهاتوون و نوێنەرایەتیی 60 کۆمپانیا دەکەن. شاندەکە 7ـی نیسان هاتوون و تاوەکو ئەمرۆ 9ـی نیسان لە عێراق دەمێننەوە.

سەرچاوە: ڕووداو