مەرسوومی کۆماری بۆ دەستبەکاربوونى دوو پارێزگاری نوێی عێراق دەرکرا

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق مەرسوومی کۆماریی بۆ دەستبەکاربوونی هەردوو پارێزگاری نوێى بەغدا و واست دەرکرد.

تەمووزی 29, 2025 - 17:36
مەرسوومی کۆماری بۆ دەستبەکاربوونى دوو پارێزگاری نوێی عێراق دەرکرا

ئەو دوو مەرسوومە بۆ دەستبەکاربوونی دوو پارێزگارەکە، ئەمڕۆ سێشەممە 29ى تەممووزی 2025 دەرکران.

مەرسوومێکیان بۆ دەستبەکاربوونی عەتوان عەتوانی، بەربژێری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بوو، تاوەکو بە فەرمی ببێتە پارێزگاری بەغدا.

عەتوان عەتوانی کە پێشتر سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بوو، رۆژی 27ى تەممووزی 2025 لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای بەغداوە وەکو پارێزگار هەڵبژێردرا. دوای ئەوەی لە 3ی تەممووز ئەو ئەنجوومەنە عەبدولموتەلیب عەلەویی لە پۆستی پارێزگار لادا و حەیدەر موحانیی لە شوێنی ئەو دانا، بەڵام هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دژی ئەو گۆڕانکارییە بوو.

سەرۆککۆماری عێراق هەروەها مەرسوومی کۆماریی بۆ دەستبەکاربوونی هادی کەزار وەکو پارێزگاری نوێی واست دەرکرد.

 لە 23ى تەممووز محەممەد مەیاحی، پارێزگاری واست لە فراکسیۆنی "واست ئەجمەل"، دەستی لەکارکێشایەوە و هەمان رۆژ هادی کەزار بۆ جێگەکەی هەڵبژێردرا، کە لە هەمان فراکسیۆنە.

دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگاری واست، بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری کوتەوە بوو لە 16ى تەممووز، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 60 کەس گیانیان لەدەستدا.

سەرچاوە: ڕووداو