چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆک نییە لەسەر بەربژێری سەرۆکوەزیران؛ 'رەنگە پەنا بۆ بەربژێری سێیەم ببەین'

سەرەڕای چەندین کۆبوونەوە، لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران. ئەندامێکی دەوڵەتی یاسا دەڵێت ئەگەری هەیە پەنا بۆ "بەربژێری سێیەم" ببرێت بۆ ئەوەی رێگری لە لێکترازان بگرن.

نیسان 23, 2026 - 11:58
چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆک نییە لەسەر بەربژێری سەرۆکوەزیران؛ 'رەنگە پەنا بۆ بەربژێری سێیەم ببەین'
ئەو کۆبوونەوەیەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە بڕیارە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بکرێت، یەکلایی نەبووەتەوە، هەرچەندە بڕیاردراوە سبەی شەو بکرێ، بەڵام قسە هەیە بۆ دووشەممەی داهاتوو دوابخرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 23-04-2026، سەلاح بووشی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "بڕیار بوو رۆژی چوارشەممە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە بکات، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی دۆخەکە و جیاوازیی بۆچوونەکان لەسەر میکانیزمی هەڵبژاردنی بەربژێرەکە، کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی هەینی دواخرا."
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، ئێستا دوو بژاردە لەبەردەم سەرکردەکانی چوارچێوەدایە؛ یان پەسندکردنی بەربژێرێک بە دەنگی دوو لەسەر سێی سەرکردایەتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، یان خستنەدەنگدانی ناوەکان لەنێو دەستەی گشتیی چوارچێوە، کە 164 پەرلەمانتار لەخۆدەگرێت.
 
سەلاح بووشی هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر پەنا بۆ دەستەی گشتی ببرێت، ئەوا "بڕیاری ناوەندی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لاواز دەبێت و پێگەی پەرلەمانتاریش لە چاودێریکردنی حکومەتدا بچووک دەبێتەوە."
 
بەربژێرێکی نوێ لە "پشت پەردە"یە؟
 
ئەو ئەندامەی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند تاوەکو ئێستا هیچکام لە بەربژێرەکان (باسم بەدری و ئیحسان عەوادی) نەیانتوانیوە دەنگی تەواو بەدەستبهێنن و کێبڕکێیەکی تووند لە ئارادایە.
 
بووشی گوتیشی: "دوور نییە لە کاژێرەکانی کۆتاییدا، ئەگەر هاوسەنگیی دەنگەکان وەک خۆی بمێنێتەوە، پەنا بۆ بەربژێرێکی سێیەم ببرێت کە ناوی لە پشت پەردەکانەوەیە، بۆ ئەوەی رێگری لە هەر لێکترازانێکی ناوخۆیی بگیرێت."
 
لەلایەکی دیکەوە، سەیف مەنسووری، ئەندامی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان (هاوپەیمانییەکەی سوودانی) بە رووداوی راگەیاند، پێشبینی دەکات رۆژی دووشەممە بڕیاری کۆتایی بدرێت و گوتی: "رێککەوتن لەسەر میکانیزمێکی روون، یارمەتیدەر دەبێت لە خێراکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی بەربژێرەکە."
 
هاوکات، محەممەد حوسێنی، سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی رەوتی حیکمە روونی کردەوە، دواخستنی کۆبوونەوەکان بۆ ئەوەیە کاتی زیاتر بدرێتە هێزە سیاسییەکان بۆ خوێندنەوەی قووڵتری بژاردە پێشنیازکراوەکان.
 
بەگوێرەی دەستوور، تەنیا چەند رۆژێکی کەم لەبەردەم چوارچێوەی هاوئاهەنگیدایە بۆ ئەوەی بەربژێرەکەی رادەستی سەرۆککۆمار بکات، بەوپێیە رۆژی شەممە 25-04-2026 دوا وادەی دەستووری دەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە.