دۆخی ئازادیی ئایینی لە هەرێمی کوردستان
ستیڤن شنێک، ئەندامی لیژنەی ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتیی ئەمریکا - USCIRF لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان جیاوازە لە عێراقی فیدراڵ سەبارەت بە پرسی ئازادیی ئایینی و گوتی، "لە بەشی کوردستانی عێراقدا، پێمان وایە دۆخی ئازادیی ئایینی زۆر باشترە وەک لە عێراق بەگشتی، هەرچەندە، لەوێش هەندێک کێشە هەن."
کێشە سەرەکییەکان لە هەرێمی کوردستان، وەکو شنێک باسی کرد، پەیوەندییان بە چالاکیی "میلیشیاکانەوە" هەیە، کە "دەستدرێژی دەکەنە سەر کەمینە ئایینییەکان لەوێ و بێزاریان دەکەن." بەڵام جەختی کردەوە، ئەم کێشانە ناگەنە ئاستی ئەو مەترسییانەی لە ناوچەکانی دیکەی عێراقدا هەن، بە جۆرێک "ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەیبینین، زۆر کەمتر جێگەی نیگەرانیی ئێمەیە وەک لەوەی لە عێراق بەگشتی دەیبینین."
نیگەرانییە گشتییەکان لە عێراق و سووریا
شنێک نیگەرانییەکانی لیژنەکەی لەسەر عێراق خستەڕوو، بەتایبەتی سەبارەت بە "ئاساییبوونەوەی بوونی میلیشیاکان" و پەراوێزخستنی کەمینەکان لە ژیانی گشتی. هەروەها، لە سووریا، وێڕای دڵخۆشی بە رووخانی رژێمی ئەسەد، لیژنەکە نیگەرانە لەوەی حکومەتی راگوزەر وەکو پێویست کاری نەکردووە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە ئایینییەکان، بەتایبەتی مەسیحییەکان، درووزەکان و عەلەوییەکان. نموونەی دۆخی درووزەکانی سوەیدای هێنایەوە کە جێگەی نیگەرانیی زۆری ئەوانە.
پرسی داعش و گەڕانەوەی ئاوارەکان
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی داعش، شنێک ئاماژەی بەوە دا، سەرەڕای تێکشکانی داعش بەشێوەیەکی بەرچاو، هێشتا چالاکی و هێرشەکانیان بەردەوامن. هەروەها جەختی لەسەر دۆخی ئێزدییەکان کردەوە کە هێشتا ژمارەیەکی زۆریان لە کەمپی ئاوارەییدان و "توانای گەڕانەوەیان بۆ شنگال وەک ئامانجێکی دوور دەردەکەوێت، نەک نزیک." ئەو دۆخە لەگەڵ دۆخی کەمینە ئایینییەکانی دیکە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا، جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
رۆڵی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
لیژنەکە هانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەدات، "بەشێوەیەکی پتەوی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کار بکات" بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و پاراستنی مافی ئازادیی ئایینی. شنێک پێشنیازی ئەوەشی کرد کە ئەمریکا دەتوانێت سزای تاکەکەسی بسەپێنێت بەسەر سەرکردەی میلیشیاکاندا کە دەستدرێژی دەکەنە سەر کەمینە ئایینییەکان، ئەگەر خراپبوونی دۆخەکە بەردەوام بێت.
یەکێک لە گەورەترین نیگەرانیی لیژنەکە "سەلامەتیی جەستەیی کەمینە ئایینییەکانە لە ناوچەکەدا." شنێک نیگەرانیی خۆی دەربڕی سەبارەت بە داهاتووی پێکهاتەکان لە سووریا، بەتایبەتی لەژێر دەسەڵاتێکی ناوەندیدا، کە رابردوویەکی تووندوتیژی بەرامبەر بە کەمینە ئایینییەکان هەبووە؛ داوایشی کرد، رێز لە ئۆتۆنۆمیی ناوچەکانی وەک باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بگیرێت.
دەقی هەڤپەیڤینی ستیڤن شنێک، ئەندامی لیژنەی ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتیی ئەمریکا:
رووداو: سڵاوتان لێبێت، ئەم کاتەتان باش، پرسی ئازادیی ئایینی یەکێکە لەو پرسە گرینگانەی هەمیشە چاوی رۆژئاوا و ئەمریکای لەسەر بووە، بەتایبەتیش لە عێراق، سووریا، رۆژئاوا و باشووری کوردستان، ئەم پرسە لەدوای سەرهەڵدانی داعش و هێرشەکانی داعش بۆ سەر پێکهاتکان لە هەرێمی کوردستان، لە ناوچە جێناکۆکەکان، لە سووریا و لە عێراقیش باسێکی گەرمتر بوو لە واشنتن، ئەمە وایکرد کە سەرنجێکی زیاتر بخرێتە سەر ئەم پرسە و تاوەکو ئێستاش لێرە لە واشنتن داوای ئەوە بکرێت کە دەبێت مافی ئەو پێکهاتانە لە عێراق، سووریا، باشوور و رۆژئاوای کوردستان پارێزراو بێت، لە هەمان کاتدا ئێستا کە حکومەتێکی نوێ لە سووریا خەریکە پێکدێت و ئەو حکومەتە لەلایەن گرووپێک پێکدەهێندرێت کە پێشتر تووندوتیژیی زۆری کردووە بەرامبەر پێکهاتە ئایینییەکان لە سووریا، نیگەرانییەکانیش لێرە لە واشنتن زیاتر بوون، من دیار کوردەم، دەمەوێت ئەمڕۆ گفتوگۆ بکەم لەگەڵ کەسایەتییەک کە لە لیژنەی ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی ئەمریکایە، ئەویش کۆمسیار ستیڤن شنێک، دکتۆر شنێک زۆر سوپاس کە لە رووداویت.
ستیڤن شنێک: خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرەم، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە بۆ قسەکردن.
رووداو: دەتوانیت پێم بڵێیت هەڵسەنگاندنی کۆمیسیۆنی ئێوە چییە بۆسەر دۆخی کەمینە ئایینییەکان لەگەڵ هەبوونی گرووپە میلیشیاکان و هەروەها سیاسەتی تایفی؟ ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر ژیانی ئەوان هەبووە؟
ستیڤن شنێک: بەڵێ، ئێمە نیگەرانین لە دۆخی ئازادیی ئایینی لە عێراقدا، پێمان وایە ژمارەیەک لە کەمینە ئایینییەکانی نێو ئەو وڵاتە، وردە وردە پەراوێز دەخرێن و لە ژیانی گشتیی عێراقدا دوور دەخرێنەوە، بۆیە نیگەرانییەکی زۆرمان هەیە، بەتایبەتی، نیگەرانی ئاساییبوونەوەی بوونی میلیشیاکانین لەنێو وڵاتەکەدا و ئەو شێوازەی کە ئەم میلیشیایانە وا دەردەکەوێت کەمینە ئایینییەکانی نێو وڵاتەکە بێزار دەکەن، کەواتە، عێراق وڵاتێکە هێشتا ژمارەیەک نیگەرانیمان لەبارەیەوە هەیە.
رووداو: کاتێک باسی عێراق دەکەین، دەزانین کە حکومەتێکی دیکە هەیە لەناو عێراقدا کە هەرێمی کوردستانە، ئێوە هەڵسەنگاندنتان بۆ ئازادیی ئایینی لە هەرێمی کوردستان چییە؟ وەک عێراقە یان هەندێک جیاوازی دەبینن؟
ستیڤن شنێک: نەخێر، راستییەکەی من هەندێک جیاوازی دەبینم، لە بەشی کوردستانی عێراقدا، پێمان وایە دۆخی ئازادیی ئایینی زۆر باشترە وەک لە عێراق بەگشتی، هەرچەندە، لەوێش هەندێک کێشە هەن، بەڵام کێشەکان ناگەنە ئەو ئاستەی کە لە بەشەکانی تری عێراقدا دەیبینین.
رووداو: دەتوانیت باسی هەندێک لەو کێشانە بکەیت؟
ستیڤن شنێک: باشە، دەیڵێمەوە، میلیشیا هەن کە لە ناوچەی کوردستانی عێراقدا چالاکن و، بینیومانە ئەو میلیشیایانە، وەک گوتم، دەستدرێژی دەکەنە سەر کەمینە ئایینییەکان لەوێ و بێزاریان دەکەن، بەڵام نامەوێت زیادەڕەوی لە بەراوردەکەدا بکەم، چونکە وەک بەراوردی سێو و پرتەقاڵ وایە، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەیبینین، زۆر کەمتر جێگەی نیگەرانیی ئێمەیە وەک لەوەی لە عێراق بە گشتی دەیبینین.
رووداو: باسی داعش و هەروەها پێکهاتەی ئایینیی ئێزدی و هەروەها کریستیانەکانیش دەکەم لە عێراق، بەڵام هەڵسەنگاندنتان بۆ ئازادیی ئایینی لە سووریا چییە؟ ئەوان تاوەکو چەند لاوازن لەگەڵ ئەم دۆخەی کە ئێستا هەیە؟
ستیڤن شنێک: بێگومان، هەموو جیهان خۆشحاڵە بە رووخانی رژێمی ئەسەد، لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتی راگوزەر لە سووریا، بە بڕوای ئێمە، بە شێوەیەکی پێویست کاری نەکردووە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و ئاسایشی هەندێک لە کۆمەڵگە ئایینییەکانی نێو وڵاتەکە، [شایەتحاڵی] رفاندن و دەستدرێژی و تەنانەت کوشتنی مەسیحییەکان، درووزەکان و عەلەوییەکان بووین، ئاشکرایە هەموومان ئاشناین بە دۆخی درووزەکان لە سوەیدا کە جێگەی نیگەرانییەکی زۆری ئێمەیە، جا بەگشتی، دەمانەوێت هەندێک گەرەنتی لە دەسەڵاتی راگوزەر لە سووریاوە ببینین کە ئازادیی ئایینی لە پێشینەی کارەکانیاندا دەبێت، کاتێک دەستوور و حکوومەتێکی نوێ لە ناوچەکەدا دادەمەزرێنن.
رووداو: ئێستا ئەمریکا، هەم لەسەر ئاستی حکومەت و هەم لەسەر ئاستی کۆنگرێسیش، زۆر لەگەڵ سووریا خەریکن گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی حکومەتێک دروست بێت کە خۆشگوزەران بێت بۆ هەموو لایەک، ئێوە خۆتان هیچ گفتوگۆتان لەگەڵیان هەیە کە دڵنیابن لەوەی کە پێکهاتە ئایینییەکان دەپارێزن و هەمان ئەو هەڵانە ناکەن کە حکومەتی پێشووی سووریا بەرامبەر بە پێکهاتەکانی دەکرد؟
ستیڤن شنێک: بەڵێ، ئەوە پرسیارێکی زۆر باشە، بێگومان، هەموو جیهان دەیەوێت ببینێت سووریا دەگەڕێتەوە بۆ جۆرێک لە ئاساییبوونەوە، بۆیە ئێمە ستایشی بەشداری و هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ دەکەین بۆ هاندانی سووریا بەو ئاراستەیەدا، لەگەڵ ئەوەشدا، هانی ئیدارەی ترەمپ دەدەین کە گرنگیی ئازادیی ئایینی لەبیر نەکات وەک بەشێک لە پێشکەوتن بەرەو ئاساییکردنەوەی ژیان لە سووریادا، بۆیە نیگەرانین کە رەنگە ئیدارەکە ئەوەندە جەخت لەسەر ئازادیی ئایینی نەکاتەوە کە پێویستە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ناسەقامگیرەی لە واقیعدا دەیبینین بۆ کەمینە ئایینییەکان.
رووداو: ئەوە راستە کە داعش لەسەر ئاستی زەوی تێکشکێنراوە، بەڵام تاوەکو سەر چالاکی و هێرشەکانی داعش بەردەوامن، ئەگەر ئێوە بەدواداچوونتان کردبێت، چ پێشکەوتنێک روویداوە بۆ هاوکاریکردنی رزگاربووانی دەستی داعش، وەک ئەوەی کە بێسەروشوێنەکان بدۆزرێنەوە و هەروەها شوێنەکانیان نۆژەن بکرێتەوە، وەک شنگال و دەشتی نەینەوا؟
ستیڤن شنێک: بێگومان هەندێک پێشکەوتن بەدی کراوە و دەبێت دان بەوەدا بنێین و ستایشی بکەین، لە هەمان کاتدا ئێزدییەکان بەتایبەتی هێشتا بە زۆری لە کەمپی ئاوارەیی ناوخۆییدان، توانای گەڕانەوەیان بۆ شنگال هێشتا وەک ئامانجێکی دوور دەردەکەوێت نەک نزیک و، ئەوە و دۆخی کەمینە ئایینییەکانی تریش لە ناوچەکەدا جێگەی نیگەرانیی ئێمەیە.
رووداو: دەستووری عێراق بەڵێنی ئازادیی ئایینی داوە، بەڵام تاکو ئێستا ئێمە بە تەواوەتی جێبەجێکردنی ئەو دەستوورەمان نەبینیوە، ئەوەی کە لە دەستووردا هاتووە، تاوەکو ئەو یاسایانەشیان جێبەجێ نەکردووە کە لە پەرلەمان پەسەند کراون سەبارەت بە ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکە لە عێراق، ئێوە لەگەڵ عێراق هیچ کارێکتان کردووە کە ئەم بڕگانە جێبەجێ بکەن؟ دەستوور جێبەجێ بکەن؟
ستیڤن شنێک: لیژنەکەی من راستەوخۆ لەگەڵ حکومەتە بیانییەکاندا کار ناکات، ئەوە ئەرکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە، لەگەڵ ئەوەشدا، هانی وەزارەتی دەرەوە دەدەین کە بە پتەوی لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا کار بکات بۆ ئەوەی پێشکەوتنی بەرچاو لە بواری ئازادیی ئایینیدا بۆ هەموو خەڵکی نێو ئەو وڵاتە بەدەست بهێنرێت، وەک وەزیری دەرەوە روبیۆ لە هەندێک لێدوانی ئەم دواییەدا ئاماژەی پێداوە، حکوومەتی ئەمریکا زۆر بە روونی قسە لە بەرژەوەندیی ئازادیی ئایینیدا دەکات و، هیوادارم حکوومەتی عێراق دان بەوەدا بنێت و، وەک گوتم، هەنگاوی بەرچاو بنێت.
رووداو: ئەی ئەمریکا دەتوانێت زیاتر چی بکات بۆ پارێزگاریکردن لەو کەمینە ئایینییانە لە عێراق و لە سووریا و ناوچەکە؟
ستیڤن شنێک: جگە لە کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتی راگوزەر لە سووریا و لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا، ژمارەیەک سزای هەیە کە دەتوانرێت لەسەر ئاستی تاکەکەسی بسەپێنرێت، بۆ نموونە، بۆ هەندێک لە سەرکردەی میلیشیاکان کە ناسراون بەوەی دەستدرێژی دەکەنە سەر و کەمینە ئایینییەکان دەیانچەوسێننەوە، پێموایە حکوومەتی ئەمریکا دەبێت بیر لەو چارەسەرانە بکاتەوە بۆ دۆخەکە، بەتایبەتی ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت لە خراپبوون.
رووداو: ئەگەر ئێمە سەیری ژمارەی دانیشتووانی پێکهاتەکان وەکو کریستیانەکان بکەین، ئێستا ژمارەیان زۆر جیاوازە لەگەڵ دە ساڵ بۆ بیست ساڵ بەر لە ئێستا، ئەی ئێوە تاوەکو چەند نیگەرانن سەبارەت بەم پرسە؟ شتێک هەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بیکات تاوەکو دڵنیا ببنەوە ئەم خەڵکە دەتوانن بچنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ترسیان لەوە نەبێت کە کەسێک دێتە سەر ماڵیان و لە ماڵەکانیان دەریان ناکەن؟
ستیڤن شنێک: پێموایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕاستی بەرپرسیارێتیی هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخەی کەمیی پێشکەوتن کە لەبارەی کەمینە مەسیحییەکانەوە لە عێراقدا زۆر ئاشکرایە، راستییەکەی، دۆخی دەشتی نەینەوا شتێک نییە کە دەبێت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا پەسەند بکرێت، بۆیە هیوادارم رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەنگاو بنێن، هیوادارم وڵاتان لای خۆیانەوە هەنگاو بنێن، بەداخەوە، لە دۆخێکداین کە وڵاتانی جیهان پێدەچێت کەمێک پاشەکشە بکەن لە رووی پشتیوانیکردنی یارمەتییە مرۆییەکان و شتی لەو جۆرەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، پێم وایە ئەو جۆرە یارمەتییە مرۆییە، بۆ پاراستنی کەمینە ئایینییەکان لە شوێنەکانی وەک دەشتی نەینەوادا بەڕاستی چارەنووسسازە.
رووداو: باشە، ئاماژەت بەوەدا کە هاوکاریی مرۆیی بەتەنیا بەس نییە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەو گرووپانە پارێزراون و دەتوانن بچنەوە شوێنی خۆیان، دەکرێت چی دیکە بکرێت زیاتر لە هاوکاریی مرۆیی لەلایەن حکومەتەکانی ناوچەکە؟
ستیڤن شنێک: بەڵێ، پێم وایە خودی حکوومەت پێویستە رێکار و سیاسەت دابنێت کە بتوانێت بە شێوەیەکی بێ گومان مافی کەمینە ئایینییەکان بپارێزێت و، من نابینم ئەو مافانە ئێستا بە شێوەیەکی پێویست پارێزراو بن، بۆیە پێم وایە جێگە هەیە بۆ سیاسەتی نوێ، جێگە هەیە بۆ یاسای نوێ، هەم لە عێراق و هەم لە سووریا، ئەوەیش بۆ باشتر دابینکردنی مافەکانی ئازادیی ئایینی بۆ ئەم کەمینانە.
رووداو: دوایین دوو پرسیارم دەکەم، گەورەترین نیگەرانییەکانی کۆمسیۆنی ئێوە بۆ پێکهاتە ئایینییەکان لە عێراق و سووریا و کوردستان چییە؟
ستیڤن شنێک: راستییەکەی، نیگەرانیی سەرەکیی ئێمە سەلامەتیی جەستەیی کەمینە ئایینییەکانە لە ناوچەکەدا، پێم وایە هێشتا شتەکان پارێزراو نین، ئەوە بەتایبەتی لە دۆخی درووز و عەلەوییەکان و هەندێک مەسیحیدا لە سووریا دەیبینین و، لە عێراقدا دەبینین مەسیحییەکان پاریزراو نین، بۆیە پێم وایە ئەو ئاساییشە جەستەییە دەبێت لە لیستی کارە لەپێشینەکانی ئێمەدا لە سەرووی هەموویانەوە بێت.
رووداو: دوایین پرسیار لەسەر سووریا، ئێمە دەزانین کە ئەو خەڵکانەی ئێستا سووریا بەڕێوە دەبەن رابردوویەکیان هەیە، ئەوان تەنانەت بەشدار بوون لە توندوتیژیی دژ بە پێکهاتە ئایینییەکانیش، ئێوە نیگەران نین لەوەی کە داهاتووی پێکهاتەکان لە سووریادا لە مەترسیدایە، کە حکومەتێکی ناوەندی هەبێت بەبێ ئەوەی ئازادیی زیاتر و ئۆتۆنۆمیی زیاتر بۆ پێکهاتانە بدرێت کە ئەوان دەیانەوێت خۆیان لەو حکومەتەدا ببیننەوە بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمیی زیاتر؟
ستیڤن شنێک: بەڵێ، من ئەو نیگەرانییانەم هەیە، دەزانیت، پێم وایە لە باکوور و رۆژهەڵات لە هەرێمی خۆبەڕێوەبەریدا پێویستە دان بە رادەیەک لە ئۆتۆنۆمیدا بنرێت، جا نیگەرانم کاتێک دەسەڵات لەنێو دەسەڵاتی راگوزەردا چڕدەبێتەوە، نیگەرانم کە ئەو جۆرە ئازادی و ئۆتۆنۆمییەی کە چەندین ساڵە لەو ناوچەیەدا زۆر بە باشی سەری گرتووە، لەدەست بچێت، بۆیە هانی دەسەڵاتدارانی سووریا دەدەم کە رێز لە جۆرێک لە پاراستن و ئۆتۆنۆمی بگرن و، لە راستیدا پەرەی پێ بدەن بۆ ناوچەکانی وەک باکوور و رۆژهەڵات.