ئوردن ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی عێراقییەکان دەکات

حکومەتی ئوردن بێ ڤیزە رێگە بە هاووڵاتییانی عێراق دەدات بچنە نێو خاکی وڵاتەکەی. باڵیۆزی عێراق لە عەممان دەڵێت، دەبێت هاووڵاتییان لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی ئوردنییەوە بچنە ئەو وڵاتە تاوەکو ئاسانکاری گەڕانەوەیان بۆ بکرێت.

حوزەیری 18, 2025 - 18:07
ئوردن ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی عێراقییەکان دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025، عومەر بەرزنجی، باڵیۆزی عێراق لە ئوردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هاووڵاتیی عێراقی لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، دەتوانێت لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی ئوردنییەوە بێ ڤیزە بگەڕێتەوە ئوردن و لەوێشەوە بۆ عێراق."

 باڵیۆزی عێراق لەو وڵاتە گوتی، "ئەو ئاسانکاری و بڕیارە تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی ئوردنی دەگەڕێنەوە، نەوەک هێڵی دیکەی ئاسمانی. ئوردن دەیەوێت بزانێت ئەوەی دەگەڕێتەوە کێیە، ناخوازێت بەشێوەیەک دەرگا واڵا بکات کە هەر کەس بیەوێت بچێتە نێو خاکەکەی." ئەو کەسە کە دەگاتە ئوردن لە فڕۆکەخانە ڤیزەی پێ دەدرێت، دوای چاوپێکەوتنێکی کورت و وەرگرتنی رسوماتی پێویست.

عومەر بەرزنجی گوتی، "ئەم ڤیزەیە بۆ ئەوە نییە کە هاووڵاتی بچێت لە نێو ئوردن نیشتەجێ بێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە راستەوخۆ لە رێگەی وشکانییەوە بگەڕێتەوە بۆ عێراق." بە گوتەی باڵیۆزی عێراق لەو وڵاتە، ئەم بڕیارە بە هاوئاهەنگی وەزارەتی ناوخۆی ئوردن دەرچووە و رێکارێکی کاتی و تایبەتە.

دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی، بەهۆی داخستنی ئاسمانی عێراقەوە گەشتیاران لە بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە گیریانخوارد.

رۆژی 14ی ئەم مانگە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای لە وەزارەتی گواستنەوە کرد، هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئوردن، کوێت و تورکیا بکات بۆ ئەوەی بەپەلە هاووڵاتییانی گیرخواردوو بگەڕێنێتەوە.

سەرچاوە: ڕووداو