ئەمڕۆ دووشەممە 29ی ئەیلوولی 2025 رەعد دەهلەکی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، "قورسە لەم دۆخەدا کە نزیکین لە هەڵبژاردن، رێژەی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان تەواو ببێت."
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "زۆربەی پەرلەمانتارانی حیزب و لایەنەکان سەرقاڵی ئامادەکاریی هەڵبژاردنن، لە کاتێکدا کۆمەڵێک یاسای گرنگ هەن کە پێویست دەکات لەم خولەدا دەنگیان پێبدرێت."
ئەمەش لە کاتێکدا، هەر لەم مانگەدا سێ دانیشتنی لەسەریەکی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی دواخران.
بەگوێرەی کارنامەکە، ئەم پڕۆژە و پێشنیازەیاسایانە دەخرێنە دەنگدانەوە:
یەکەم: دەنگدان لەسەر پێشنیازی هەموارکردنی سێیەمی یاسای قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان تاوانەکانی رژێمی پێشوو، ئەوانەی کە بەشێک لە جەستەیان لەدەستداوە.
دووەم: دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای یەکەمی دەسەڵاتی نیشتمانی بۆ رێکخستنی وزەی ئەتۆمی، تیشک، کیمیایی و بایۆلۆجی.
سێیەم: دەنگدان لەسەر رەشنووسی یاسای رێکخستنی وزەی نوێبووەوە.
چوارەم: دەنگدان لەسەر رەشنووسی یاسای تەندروستی دەروونی.
پێنجەم: دەنگدان لەسەر رەشنووسی یاسای پەسندکردنی رێککەوتننامەی هاندان و پاراستنی وەبەرهێنان لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی سعودیە.
شەشەم: دەنگدان لەسەر رەشنووسی یاسای کۆماری عێراق بۆ بەشداریکردن لە رێککەوتننامەی پێشانگە نێودەوڵەتییەکان کە لە ساڵی 1928 لە پاریس واژۆ کرا و بە پرۆتۆکۆڵەکانی ساڵی 1948، 1966، 1972 و هەموارکردنیان لە ساڵی 1982 و 1988.
حەوتەم: دەنگدان لەسەر رەشنووسی یاسای هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی بۆ کەرتی تایبەت و گشتی ژمارە 20ی ساڵی 1998.
هەشتەم: دەنگدان لەسەر رەشنووسی یاسای هەموارکردنەوەی یەکەمی یاسای بەرگریی شارستانی ژمارە 44ی ساڵی 2013.
نۆیەم: دەنگدان لەسەر رەشنووسی یاسای مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری.
دەیەم: دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای رێکخستنی سەندیکاکانی کرێکاران و فەرمانبەرانی پیشەسازی و لیژنەی کار و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
یازدەم: دەنگدان لەسەر رەشنووسی یاسای رێکخستنی مافی قوربانیانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب و قوربانیانی ناوەندی ئەلنەقاع و قوربانیانی رووداوی ئەلحەمدانییە.
سەرچاوە:ڕووداو