بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ی ساڵی 2014، کە ساڵی 2024 لە هەرێمی کوردستان چووە واری جێبەجێکردنەوە، هەموو ئەو خانەنشینانەی لەنێوان ئەو 10 ساڵەدا خانەنشینبوون، لێبڕین لە مووچەکەیان لە مووچەی مانگی تەممووزەوە دەستپێدەکات. هاوکات یاساکە لە هەمان ماوەدا فەرمانبەرانیش دەگرێتەوە.
بەگوێرەی دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ رووداو، "هەموو خانەنشینان لە 01-01-2014 تاوەکو 30-06-2024 بەگوێرەی یاسای خانەنشینی قەرزدار بوون، چونکە لەدوای 30ی حوزەیرانی پارەوە راستەوخۆ 10%ی مووچەیان بۆ خانەنشینی لێبڕدراوە."
بڕی قەرزەکان
ئەوانەی لەدوای 01-01-2014وە خانەنشین بوون، یاساکەیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک 01-07-2014 خانەنشین بووبێت، 03%ی مووچەی 6 مانگ قەرزدار بووە و لێی وەردەگیرێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان پێشتر لێبڕین بۆ خانەنشینی 7%بوو، دوای جێبەجێکردنی یاساکەی عێراق بووە 10%، یاساکە لە 2014ـەوە لە عێراق کاری پێدەکرێت و دەبێت ئەوانەی یاساکە دەیانگرێتەوە لەو نێوانەدا 3% لە مووچەکەیان ببڕدرێت، بەڵام هەمووی لە مووچەی یەک مانگدا نابڕدرێت.
بەگوێرەی زانیاریی بەرپرسانی ئاگادار بۆ رووداو، ئەگەر کەسێک مووچەی خانەنشینییەکەی ملیۆنێک دینار بێت، لە ساڵی 2014وە خانەنشین بووبێت بە یاساکەی هەرێمی کوردستان 7%ی لێبڕابێت، هەموو مانگێک 70 هەزار دیناری لێبڕدراوە، بەڵام بە یاساکەی عێراق دەبێت 100 هەزاری لێببڕدرێت، کەواتە تاوەکو ساڵی 2024 نزیکەی 10 ساڵ 3 ملیۆن و 600 هەزار دینار قەرزدار بووە و دابەش دەکرێتە سەر 60 مانگ و هەر مانگێک 60 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێتەوە.
بە گوتەی بەرپرسانی خانەنشینی، ئەو بڕە پارەیەی لە مووچەی خانەنیشنیان دەبڕدرێت کە وەکو قەرزدار مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت لە 3%ـی مووچەی بنەڕەتییەکەیان دەبڕدرێت.
"لێبڕینەکە فەرمانبەرانیش دەگرێتەوە"
لەبارەی فەرمانبەرانیشەوە بەڕێوەبەرێکی گشتیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 01-01-2014ـەوە تەواوی فەرمانبەرانیش دەبێت 10%ـی مووچەیان بۆ خانەنشینی بێت، بەڵام لەو ماوەیەدا 7٪یان لێبڕدراوە، کەواتە هەمووی قەرزدارە، من خۆم 126 مانگ قەرزدارم و لەم مانگەوە لێبڕینی قەرزەکەم دەستپێدەکات کە دابەشکراوەتە سەر 36 مانگ و هەموویم لێوەردەگیرێتەوە."
لێبڕینی 3%ی قەرزی خانەنشینی لە 01-07-2024ـەوە لەسەر هیچ فەرمانبەر و خانەنشینێک جێبەجێ ناکرێت، چونکە لە دوای ئەو رێککەوتەوە هەموو مووچەخۆران راستەوخۆ بە یاسای عێراقی 10%ـی مووچەیان لێبڕدراوە.
لە 10 ساڵی رابردوودا بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانە داراییەکانەوە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چەند مووچەیەکیان وەرنەگرت، چەند مووچەیەکیشیان بە لێبڕینەوە وەرگرت، بەڵام وەکو بەرپرسان ئاماژەی پێدەکەن، "عێراق لێبڕینی تەواوی مانگەکانی دەوێت و پەیوەندی بەوەوە نییە فەرمانبەر لەو مانگانەدا مووچەی وەرگرتووە یان نا، نیوە وەرگیرابێت یان وەرنەگیرابێت، دەبێت 3%ـی قەرزی هەموو ئەو مانگانە بداتەوە."
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەگەر فەرمانبەرێک مووچەی مانگانەی یەک ملیۆن دینار بێت و بۆ خانەنشینییەکەی مانگانە 70 هەزار دینار لە مووچەکەی بڕدرابێت، 126 مانگ، واتا 126 سی هەزار دیناری قەرزدار بووە و بە 36 مانگ لە مووچەکەی دەبڕدرێت.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
سەرچاوە: ڕووداو