لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری ناردنی مووچە نەدرا

هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، تەیف سامی، وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران هیچ راپۆرتێکی نەخستووەتەڕوو، بۆیە هیچ بڕیارێک لەبارەی مووچەوە نەدرا.

ئاب 10, 2025 - 20:06
ئاب 10, 2025 - 20:07
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری ناردنی مووچە نەدرا

کۆبوونەوەکە دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستیپێکرد و نزیکەی کاژێرێکی خایاند. بڕیاربوو وەزیری دارایی عێراق راپۆرتی وەزارەتەکەی لەبارەی کاری لیژنەکانیان لەسەر داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بخاتەڕوو.

بەگوتەی پەیامنێری رووداو، "تەنانەت لەنێو کۆبوونەوەدا باسی هیچ پرسێکیش نەکراوە کە پەیوەندی بە مووچە و دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت".

هەڵکەوت عەزیز گوتی، شاندێکی هەرێمی کوردستان کە دوو رۆژ لە بەغدا بوون و کۆبوونەوەی زۆریان هەبوو و چەند کۆنووسێکیان هەبوو، لەگەڵ لیژنەکانی حکومەتی عێراق لەسەر کۆنووسەکان رێکنەکەوتوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو لە بەغدا، لە کۆبوونەوەکاندا شاندی هەرێمی کوردستان پێداگیربوون لەوەی 50%ـی داهاتە فیدراڵییەکان رادەست بکەن، بەڵام عێراق داوای نیوەی کۆی داهاتی هەرێمی کوردستانی کردووە.

بڕیاربووە لەسەر کۆنووسی لیژنەکانی هەولێر و بەغدا، تەیف سامی راپۆرتێک بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئامادە بکات، بەڵام پەیامنێری رووداو دەڵێت: "تەیف سامی هیچی ئامادە نەکردبوو بۆ کۆبوونەوەکە بۆیە باسی هیچ پرسێکی تایبەت بە مووچە و نەوتی هەرێمی کوردستان نەکرا".

بەهۆی چلەی ئیمام حوسێنەوە لە عێراق پشوو راگەیێندراوە و هەر بڕیار و کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی مووچە و نەوتی هەرێمی کوردستان هەبێت، دەبێت لە یەکشەممەی داهاتووەوە دەستپێبکات.

ئەوە لەکاتێکدایە، تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق مووچەی مانگەکانی شەش و حەوتی ئەم ساڵی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، لەبارەی هۆکارەکانەوە هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکەن بە پابەند نەبوون و بەپێچەوانەوە هەولێر تۆمەتی نەناردنی مووچە دەخاتە ئەستۆی بەغدا.