فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خاوەنی باڵەخانە سووتاوەکەى واست و هاوبەشەکەى دەرکرا
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خاوەنی ئەو باڵەخانەیەی پارێزگای واست و هاوبەشەکەی دەرکرا، کە بەهۆی گڕگرتنیەوە 63 کەس گیانیان لەدەستدا. هەروەها زنجیرەیەک فەرمانی دەستگیرکردنی دیکە دژی چەند کارمەندێک و بەرپرسی کارگێڕی و ئەمنی دەرکران.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رۆژی یەکشەممە 20ى تەممووزی 2025، وردەکاریی ئەو فەرمانی دەستگیرکردنانەى بڵاوکردەوە کە لەلایەن دەستەی لێکۆڵینەوەی سەر بەو ئەنجوومەنەوە دەرکراون. یەکێک لە فەرمانەکان بۆ خاوەنی باڵەخانەکە و هاوبەشەکەی بووە، بەگوێرەی بڕگەی 3ی مادەی 411ی یاسای سزادانی عێراق، کە تایبەتە بە کوشتن لە رێگەى هەڵەوە، ئەگەر ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە سێ کەس و سزاکەی لەنێوان سێ بۆ حەوت ساڵ بەندکردنە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ناوی چەند بەرپرس و فەرمانبەرێکی دیکەشی بڵاوکردووەتەوە کە لەسەر هەمان رووداو فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە، کە بریتین لە: سەرۆکی بەشی رێکخستنی شارەکان لە شارەوانیی کوت، بەرپرسی بەشی زیادەڕۆییەکان و یاریدەدەری بەڕێوەبەری شارەوانی، رووپێوێک لەو بەڕێوەبەرایەتییە، بەرپرسانی بەشی زیادەڕۆییەکان، بەرپرسی بەشی خۆپارێزی و سەلامەتی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی واست، ئەفسەرانی بنکەی بەرگریی شارستانی و بەڕێوەبەری پێشووتری شارەوانیی کوت.
ئەو کەسانە بەگوێرەی بڕگەی 3ی ماددەی 343ی یاسای سزادانی عێراق فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە، کە تایبەتە بە کەمتەرخەمییەک ببێتە رۆڵ بینین لە کەوتنەوەى ئاگرێک کە ببێتە هۆى گیانلەدەستدان و سزاکەی دەگاتە 10 ساڵ بەندکردن.
شەوی 16ی تەممووزی 2025 ئاگر لە هایپەرمارکێتی کۆڕنیش لە کوت کەوتەوە، بەهۆیەوە 63 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکە برینداربوون. ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەڵێت: "هەموو فەرمانەکانی دەستگیرکردن جگە لە خاوەنی باڵەخانەکە و هاوبەشەکەی جێبەجێ کراون."
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی پارێزگای واست بڕیاری دوورخستنەوەی بەڕێوەبەرانی پۆلیس و بەرگریی شارستانیی واست و دوو بەرپرسی دیکەی ئەو پارێزگایەی لەسەر هەمان رووداو دەرکرد، هەروەها بەڕێوەبەری شارەوانی و قایمقامی پێشووتری شارەکەش درانە دادگە.
سەرچاوە: ڕووداو