سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئیستۆنیا كۆبووه‌وه

هه‌ر لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، ئێواره‌ى ئەمڕۆ هەینی 2025/2/14 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیا کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان ئیستۆنیا و عێراق و هەرێمی کوردستان بوو، هەروەها باسيان له چۆنيه‌تيى بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بوارەکانی ئاسایش، تەکنەلۆژیا و پەروەردەدا كرد. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی ئیستۆنیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانيه‌تیی نێودەوڵەتیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەربڕی، هه‌روه‌ها ستایشی دەرفەتەکانی هاوکاریی لە بواری تەکنەلۆژیا و خوێندنی باڵای نێوان هەردوولادا کرد. لاى خۆیەوە، سەرۆک ئالار کاریس خواستی ئیستۆنیای بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی بانگهێشت کرد بۆ سه‌ر‌دانی ئیستۆنیا، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی هاوبەشی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییە هەرێمایەتییەکاندا، كرد. هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان و هه‌وڵه‌کانی پێکهێنانی حکوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی کوردستان، پێشهاتەکانی عێراق و سووریا، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبه‌ش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.