هەڵسەنگاندنێک بۆ فیدڕاڵیزمی شکستخواردوو لە عێراق

تشرینی یەکە 7, 2025 - 23:54
تشرینی یەکە 8, 2025 - 00:05

 فیدڕاڵیزم تەنیا بە ناو

 ئەم کتێبە لە لایەن د. هێمن ئاکرەیی-ەوە نووسراوە و لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٤ لە لایەن دەزگای بڵاوکردنەوەی ڕاوتلیج، یەکێک لە بەناوبانگترین دامەزراوەی چاپ و بڵاوکردنەوەی بەریتانیا، بڵاو کراوەتەوە. کتێبەکە لە دوو سەد و بیست و دوو (٢٢٢) لاپەڕە و (٩) بەش پێکدێت. بۆ نووسینی ئەم کتێبە، نووسەر زیاتر لە بیست و شەش (٢٦) چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرکردە و بڕیاربەدەستانی کورد، عێراق (عەرەبی شیعە و سوننە)، تورکمان، دیپلۆماتکارانی بیانی و پسپۆڕانی کاروباری عێراقدا، ئەنجامداوە. ئەم کارە هەستیار و پڕ بایەخە، بە گەڕانەوەی ورد بۆ زیاتر لە چوار سەد (٤٠٠) سەرچاوە وەکوو کتێب و گۆڤاری زانستی و ئەکادیمی، ڕاگەیەندراوی فەرمی و چەندین سەرچاوەی دیکەی پەیوەندیدار، دەوڵەمەند کراوە. تێكەڵکێشکردنی ڕوانگە سەرەکییەکان و لێکۆڵینەوەی گشتگیر، قووڵایی ئەکادیمی و گرنگییەکی پراکتیکیی بە کتێبەکە بەخشیوە و گۆڕیویەتی بۆ کارێک کە لە تێگەییشتن لە ئەزموونی ئاڵۆزی فیدڕاڵیزمی عێراقدا بەشدار بێت. دەربارەی نووسەر د. هێمن ئاکرەیی، ئوستادی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی کوردستان-هەولێرە. بواری پسپۆڕییەکەی فیدڕاڵیزم-ە و شارەزایی لە بوارەکانی: سیاسەتی دەرەوە، نەوت، ئاسایش، حوکمڕانی و سیاسەتی گشتیدا هەیە؛ پێشتریش بەشداریی لە نووسینی بەشێک بە ناونیشانی: "پارادۆکسی فیدڕاڵیزم و فیدراسیۆنی عێراق"، لە کتێبێکدا دەربارەی فیدڕاڵیزم و جیابوونەوە، کردووە کە لە لایەن دەزگای بڵاوکردنەوەی ڕاوتلیج-ەوە، لە ساڵی ٢٠١٨ بڵاوکراوتەوە.

 خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆ هەر کەسێک کە خوازیارە لە عێراقی هاوچەرخ، سیستمە فیدڕاڵییەکان یاخود بەڕێوەبردنی ململانێ نەژادییەکان تێبگات، کارێکی پێویستە. چونکە نووسەر سەرنجی ئەکادیمییانە تێکەڵ بە وردەکاریی زانستی دەکات و چەمکە ئاڵۆزە سیاسییەکان بۆ خوێنەری ئاسایی سادە دەکاتەوە، هاوکات، کتێبەکە شرۆڤەی گرنگی بۆ پسپۆڕان و داڕێژەرانی سیاسەت تێدایە. بەشداریی کاریگەری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی پێشووی هەرێمی کوردستان، لە کۆی کتێبەکەدا کەرەستەیەکی ڕاستەوخۆ و پڕبایەخ سەبارەت بە شێوازی پاشەکشەی فیدڕاڵیزم لە کرداردا پێشکەش دەکات و ئەزموونەکانیشی وەک سەرۆکوەزیران و دواتریش وەک سەرۆکی هەرێم، تێڕوانینێکی تایبەت و کەسی لەسەر دەرهاوێشتە (پراکتیکییەکانی) پێشێلکارییە دەستوورییەکان دەخەنە ڕوو.

 سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە کتێبەکەدا، وەک شایەتحاڵێکی گرنگی ئەو گرژی و تەنگژانە دەردەکەوێت کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە. لێدوانەکانی، تێڕوانینە گرنگەکانی کەسێک دەردەخەن کە وەکوو سەرکردەیەک لەنێو ئەم ڕووداوانەدا ژیاوە. یەک لە گرنگترین بەشدارییەکانی بە کێشەی بودجەوە پەیوەستە و ئەو پێیوایە بەغدا وەکوو چەکێکی سیاسی سوودی لە گوشاری ئابووری وەرگرتووە. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە تەنانەت وڵات و حکومەتە ناوەندییەکانیش، بەشێوەیەکی ڕێکوپێک بودجە بۆ پارێزگاکانیان دەنێرن. شکستی عێراق لەم کارەدا، ئەمە دەردەخات کە نە وەکو دەوڵەتێکی فیدڕاڵ، تەنانەت وەکو دەوڵەتێکی ناوەندیی سەرکەوتوویش مامەڵە ناکات. سەرنەکەوتنی ئەزموونی فیدڕاڵی لە عێراق، وانەیەکی گرنگ سەبارەت بە ئاڵنگارییەکانی بنیاتنانی سیستمێکی حوکمڕانیی گشتگیر لە کۆمەڵگە فرەڕەنگەکاندا دەخاتەڕوو. (دکتۆر هێمن ئاکرەیی) لێکۆڵینەوە لە پەرەسەندنی پەیوەندییە فیدڕاڵییەکان لە عێراقدا دەکات، لە پەسەندکردنی دەستووری نوێی فیدڕاڵەوە لە ساڵی (٢٠٠٥)ـەوە تاوەکو ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧. یەک لە گرنگترین بەشدارییەکان و نوێگەرییەکانی کتێبەکە، خستنەڕووی ڕوانگە و شرۆڤەی جیاوازی گرووپ و لایەنە جیاجیاکانی عێراق دەربارەی فیدڕاڵیزمە کە ئەم ڕوانگە جیاوازانە گرفتی نوێیان دروست کرد. بەلای سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانەوە، فیدڕاڵیزم پارێزبەندییەکە لەهەمبەر دیکتاتۆریەتدا. کورد لەژێر سایەی حکومەتەکانی پێشووی عێراقدا، لەوانەیش حوکمڕانیی سەدام حوسێن، دووچاری چەندین کۆمەڵکوژی و ستەم بووەتەوە.

 لەبارەی فیدڕاڵیزمەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە ئاشکرا گوتوویەتی: "فیدڕاڵیزم بۆ ئێمە دوو واتای هەیە: یەکەمیان، بەشداری لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا وەک دامەزراوەکانی دارایی و سەربازیی و سیاسیی؛ دووەمیان، دابەشکردنی دەسەڵات بەگوێرەی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە. واتای ڕاستەقینەی فیدڕاڵیزمە''. زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی عەرەب، بە شێوەی جیاواز لە فیدڕاڵیزم-ەوە دەڕوانن. هەندێکیان وەکو مەترسییەک، کە دەشێت ببێتە هۆکاری دابەشبوونی عێراق، دەیبینن. ئەمانە نیگەرانن کە بەخشینی دەسەڵاتی زیاتر بە هەرێمەکان لەکۆتاییدا جیابوونەوە و کۆتاییهاتن بە یەکێتیی خاکی عێراق-ی لێبکەوێتەوە. لەنێو عەرەبەکاندا، حزبە شیعەکان ڕوانگەیەکی ناڕوون و ناجێگیریان سەبارەت بە فیدڕاڵیزم هەبوو. پێش ساڵی ٢٠٠٣ و تا ئەوکاتەی لە دەسەڵاتدا نەبوون، پارتە گەورەکانی شیعە پشتگریی فیدڕاڵیزمیان دەکرد، بەڵام کاتێک کۆنتڕۆڵی حکومەتی بەغدایان کەوتەدەست، ئارەزوویان بۆ دابەشکردنی دەسەڵات کەمبوویەوە. نووسەر لە بەشی دووەمدا، بەرچاوڕوونییەکی پێویست سەبارەت بە سیستمی فیدڕاڵی ناکارا دەخاتە ڕوو، ئەگەر فیدڕاڵیزم لە ووڵاتانی فرەنەتەوەدا بە دروستی کار بکات، دەتوانێت دیموکراسی بەهێز بکات؛ بەڵام ئەگەر ئەم کارە نەکات و ئۆتۆنۆمی و دەسەڵاتیش بە هەرێمەکان نەدرێت، سیستمەکە شکست دەهێنێت. لەلایەکی دیکەوە د. هێمن ئاکرەیی باس لە سیستمە فیدڕاڵییە کارپێکراوەکان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە شارەزایانی بواری فیدڕاڵیزم باس لە سیستمە فیدڕاڵییە سەرکەوتووەکانی وەکو ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کەنەدا و ئوستورالیا دەکەن کە سوود لە دیموکراسی و گەشەی ئابووری وەردەگرن و لە هەمان کاتدا "پارێزگاری لە ئاستێکی ئۆتۆنۆمیی هەرێمی یان ناوچەیی دەکەن". سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، بەڵام بوونی دامەزراوە دیموکراسییەکان لە سیستمە فیدڕاڵییەکاندا هەمیشە دەتوانێت هۆکارێک بۆ سەرکەوتنی سیستمەکە بێت. لەلایەکی دیکەوە، د. هێمن ئاکرەیی مشتومڕێکی ڕوون دەربارەی کۆنفیدڕاڵیزم دەخاتە ڕوو. بەهۆی ئاڵۆزی و ناجێگیریی سیستمی فیدڕاڵی لە عێراق و لە ئەنجامی توندبوونەوەی قەیرانەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، بیرۆکەی جۆراوجۆر لە لایەن سیاسەتمەدارانی عەرەب، کورد و عێراقییەوە بۆ چارەسەری پرسە هەڵپەسێردراوەکان، وەکو نموونەیش بیرۆکەی کۆنفیدڕاڵیزم، خرایە ڕوو. ئەگەر سیستمی فیدڕاڵی نەتوانێت وەکو ئەوەی هەیە جێبەجێ بکرێت، ئەوا دەوڵەتێکی نوێ یان بە شێوازی سەربەخۆ یان کۆنفیدڕاڵی لەدایک دەبێت. لە بەشی پێنجەمدا، پوختەی دەرئەنجامی ڕووداوەکانی عێراقی دوای ٢٠٠٣، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی داڕشتنی دەستوور، کۆتاییهێنان بوو بە دیکتاتۆریەت و حوکمڕانییە توند و ناوەندییەکەی بەغدا و دەستپێکی سیستمێکی سیاسیی نوێ، بە ئامانجی دەستەبەری دابەشکردنی دەسەڵات و داهات لە لایەن سیستمی فیدڕاڵەوە. دەستوور لە سەردەمێکدا داڕێژرا کە تەواوی حزبە سیاسییەکانی شیعە و کورد پشتگیرییان لە ڕەوت و پەسەندکردنی خێرای دەستوور دەکرد تا ئەنجوومەن و حکومەتێکی نوێ لە سەردەمی دوای سەددامدا هەڵبژێردرێت. دەستوور بە هێنانە ئارای سیستمی فیدڕاڵی کە ئاستێکی باڵای خۆبەڕێوەبردنی بە هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی دەبەخشی، پشتگیریی لە دۆخی تایبەتی هەرێمی کوردستان دەکرد. بەڵام کاتێک زۆرینەی شیعە لە بەغدا دەسەڵاتیان وەرگرت، وردە وردە کاریان بۆ بەناوەندیکردنی دەسەڵات کرد و بنەماکانی فیدڕاڵیزمیان پێشێل کرد. پێش ئەمە، شیعەکان سکاڵایان لە حوکمڕانیی دەسەڵاتخوازانەی سوننەکان دەکرد کە نزیکەی هەشتا ساڵ درێژەی هەبوو، بەڵام سەیرەکە ئەوەیە، وا دەرکەوت کەڵکەڵەی دووبارەکردنەوەی هەمان سیستمیان لەسەردایە. ئەوکاتەی بەرپرسانی عێراقی، کە نوێنەرایەتیی زۆرینەی شیعەیان دەکرد، هەژموونی خۆیان لە بەغدا جێگیر کرد، بۆیان دەرکەوت هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی خۆی سوود لە دەستوور و بەتایبەتیش دۆخی فیدڕاڵ وەردەگرێت، ئەوەبوو دەستیان بە گومان و ترس لە جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان کرد. هەر بۆیە، حکومەتی عێراق ڕێگەی نەدا دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت. لە ساڵی ٢٠١٧، نزیکەی ١٢ ساڵ دوای پەسەندکردنی دەستوور، حکومەتی هەرێمی کوردستان و زۆرینەی شارەزا و چاودێران ئاماژەیان بە ٥٥ ماددە لە کۆی ١٤٤ ماددەی دەستوور کرد کە لە لایەن بەغداوە پێشێلکراون. هەندێک لە ماددەکان گرنگ و سەرەکی بوون، هاوشێوەی ئەو ماددانەی کە باس لە پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی و پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز دەکەن. هەنگاوەکانی عێراق بەرەو حکومەتێکی فیدڕاڵ، بەدرێژایی ماوەی حوکمڕانیی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، ڕاگیرابوون.

 ئەنجوومەنی پارێزگاکانی دیالە و ئەنبار کە زۆرینە سوننین، لە مافە دەستوورییەکانیان بۆ پێکهێنانی هەرێمی تایبەت بە خۆیان بێبەش کران. هەروەها بەغدا-یش حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە پێشێلکردنی ماددەکانی دەستوور تۆمەتبار دەکرد. یەکێک لەو پرسانەی کە خودی سەرکردایەتیی کوردیش بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرن، نەبوونی دەستووری هەرێمی کوردستان-ە. بەڵام نووسەر لەسەر بنەمای توێژینەوەکانی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەگەر حکومەتی فیدڕاڵ تەواوی ماددەکانی دەستووری وەکو ئەوەی هەیە جێبەجێ بکردایە، حکومەتی هەرێمیش نەیدەتوانی تەنانەت یەک ماددەش پێشێل بکات. دواتر، چەندین داواکاری بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور پێشکەش کران تاوەکو دەسەڵاتی ناوەندی بۆ عێراق بگەڕێتەوە، تەنانەت دەسەڵاتی نوێی شیعە لە بەغداد باوەڕیان بە بنەماکانی فیدڕاڵیزم نەبوو ئەمەش هۆکاری سەرەکی بوو کە ڕێگەیان نەدا بەرنامەیبەفیدڕاڵکردن جێبەجێ بکرێت. ئەمەیش بووەهۆی کارکردن بە نیمچە کۆنفیدڕاڵیی دیفاکتۆ لە هەندێک لە بەشەکانی وەکو نەوت، پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاسایشدا. بەمجۆرە، هەولێر و بەغدا بە دوو ئاراستەی جیاوازدا کاریان دەکرد، سەرکردایەتیی کوردیش تەواوی هەوڵی خۆی دا تا ئەو فیدڕاڵیزمەی لە دەستووردا پێیدراوە لەدەست نەدات، لەکاتێکدا کە بەرپرسانی بە‌غدا هەوڵیان دەدا بەرەو دەوڵەتێکی ناوەندی بڕۆن. نووسەر لەسەر بنەمای توێژینەوە، پێیوایە کە کورد و عەرەبی عێراق لە ڕوانگەی مێژووییەوە ڕوانگەی جیاوازیان دەربارەی ئۆتۆنۆمی و فیدڕاڵیزم هەبووە. کورد پێیوابووە کە فیدڕاڵیزم بەربەستێکە لە بەرانبەر گەڕانەوەی دەسەڵاتخوازیدا بۆ بە‌غدا، لەکاتێکدا عەرەب بە ئامرازێکیان زانیوە کە کورد بۆ جیابوونەوە بەکاریدەهێنن. لە ئەنجامدا، فیدڕاڵیزم بەوجۆرەی کە چاوەڕێ دەکرا کاری نەکرد.

 سەبارەت بە ماددەی ١٤٠ کە پێوەستە بە ناوچە کێشەلەسەرەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە کەرکووک و چەندین ناوچەی تر دەگرێتەوە، بەرپرسانی عێراقی هەمیشە ترسیان لە لێکەوتەکانی هەبووە. پرسی کەرکووک هەمیشە پرسێکی ئاڵۆز و دژوار بووە، بەغدا ڕێگەی بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ نەدا کە بڕیاربوو لە ڕێگەی پرۆسەیەکی دیاریکراوەوە کە کام لە ناوچەکان سەر بە هەرێمی کوردستانن، ئەم کێشانە چارەسەر بکات. بەرپرسانی بەغدا بە گومانەوە سەیری ماددەی ١٤٠ـیان دەکرد و باوەڕیان وابوو ئەگەر بە دروستی جێبەجێ بکرێت دەبێتە هۆی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان، ئەوەش بەهۆی دەوڵەمەندیی شاری کەرکووک بە نەوت و غاز. هەستی گەلی کورد بریتی بوو لەوەی کە هەرێمی کوردستان دەبێت تێکڕای ئەو ناوچانەی عێراق لەخۆبگرێت کە زۆرینە کوردن تا دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە هەڵمەتەکانی ڕاگواستن و بەعەرەبکردندا کە پێشتر لە لایەن ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی بەغداوە لە دژی ئەنجامدرابوون، پارێزراوبن.

 دوای نزیکەی (١٠) ساڵ لە پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە فەرمی داوای لە بەغدا کرد تا زەمینەی گشتپرسی سەبارەت بە ئایندەی شارەکە فەراهەم بکات، بەڵام داوکارییەکە ڕەتکرایەوە. دوابەدوای ئەوە، لە ساڵی ٢٠١٧، حزبە سەرەکییەکان، لەوانە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بڕیاریاندا کەرکووک-یش بخەنە نێو گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان-ەوە، زۆرینەی ئەنجوومەنیش لە بەرژەوەندیی بەشداریکردن دەنگیان دا و دواتریش زۆرینەی خەڵکی کەرکووک دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، بەڵام حکومەتی بەغدا کە لە لایەن زۆرینەی شیعەوە کۆنتڕۆڵ دەکرا، ئەم هەنگاوەی بۆ سەربەخۆیی بە نایاسایی لە قەڵەم دا و پەنای بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی برد. بۆ چارەسەری کردەیی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و کەمکردنەوەی گومانەکانی عەرەب، نووسەر لەو باوەڕەدایە کە کورد دەبێت واقیعیبینتر بێت و هەندێک سازشی سنووردار بکات؛ بۆ ئەوەی کێشە گەورەکە چارەسەر ببێت. لە بەشی شەشەمدا، بنچینەکانی فیدڕاڵیزم لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوون دەکرێنەوە و باس لەوە دەکرێت کە گواستنەوەی مۆدێڵێکی فیدڕاڵی لە ئەورووپا و کۆپیکردنی لە عێراق سەختە؛ چونکە هەر وڵاتێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە. سیستمی فیدڕاڵ دەبێت لەسەر بنەمای تایبەتمەندییەکانی عێراق دابڕێژرێت، کە کورد بەشێکی سەرەکیی پێکهێننەری ئەو وڵاتەیە و لە سەردەمی سەددامدا چەندین هەڵمەتی کۆمەڵکوژیی لە دژی ئەنجامدراوە.

 لەئەنجامدا، وێڕای جیاوازییەکانی هەردوو لایەنی کورد و عەرەب دەربارەی چەمکی فیدڕاڵیزم و ساڵانێکی زۆر دوای پەسەندکردنی دەستوور، هەندێک لە سەرکردەکانی ئێستای عێراق دان بە فیدڕاڵیزمی هەرێمی کوردستاندا دەنێن و هەندێکیشیان، تاکو ئێستاش نایانەوێت فیدڕاڵیزمی کورد کە لە لایەن بەرپرسانی بەغداوە لە ٢٠٠٥ تاوەکو ٢٠١٧ ڕێزی لێ نەگیراوە، بە فەرمی بناسن. هەر بۆیە، تا ئەو کاتەی بەرنامەی بەفیدڕاڵیکردن لە عێراقدا جێبەجێ نەکرێت و هەم سوننە و هەم شیعە دەستیان بە فیدڕاڵیزم نەگات، سیستمەکە بە شێوەیەکی دروست ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. قایلنەبوون بە فیدڕاڵیزم لە بەشەکانی دیکەی عێراقیشدا، زیان بە دۆخی فیدڕاڵیزمی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت. لە دەرئەنجامدا، نووسەر لە بنچینەکانی فیدڕاڵیزم لە عێراق، پێکهاتە و بنیاتی فیدڕاڵیزمی هەرێمی کوردستان و ئاڵنگارییەکانی دەکۆڵێتەوە کە لە لایەن کوردەوە خرایەڕوو و بەشێک لە شیعەکانیش، بەتایبەت دژبەرانی دەوڵەتی عێراقی پێش ٢٠٠٣، پشتگیری لێ کرا؛ بەڵام جێبەجێکردنی لە لایەن حوکوومەتی بەغداوە ڕێگری لێ کرا. سەرکردایەتیی کورد هەمیشە باوەڕی وابووە کە ئەگەر عێراقی نوێ وەک دەوڵەتێکی فیدڕاڵ مامەڵە نەکات، هەرێمی کوردستان ناتوانێت بەشێک بێت لێی؛ چونکە ڕێز لە مافەکانی ناگیرێت. سەرکردایەتیی کورد هەرگیز متمانەیان بە ڕژێمەکانی پێشووی عێراق نەبووە، ئاخر لەو سەردەمەی کە ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازار-ی ١٩٧٠ واژۆ کرا و ئۆتۆنۆمی بە کورد درا، بەغدا بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ نەکرد. هاوشێوەی ئەم ڕووداوە، سەرەڕای پەسەندکردنی دەستوور و فیدڕاڵیزم، بەرپرسانی عێراق نەیاندەویست دەسەڵات و داهات دابەش بکەن و هەوڵیان دەدا بژاردەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان سنووردار بکەن. ئەوەبوو ناوەندخوازی حوکمڕانیی دەکرد و هەست بە گۆڕانێکی گەورە نەکرا. هەندێک لە شرۆڤەکارە عەرەبە عێراقییەکان دان بەوەدا دەنێن کە کولتووری ناوەندخوازی لە عێراقدا شتێکی نوێ نییە، تەنانەت ئەو کاتەی بژاردەکان وەکو ڕێگەیەک بۆ پێدانی لامەرکەزی بە پارێزگاکان دران، بەرپرسانی بە‌غدا ڕێگرییان کرد. سەرکردایەتیی کورد مشتومڕی ئەوە دەکەن کە ئەوە هەڵەیە پێمانوابێت سەرکردە عێراقییەکان لە چەمکی فیدڕاڵیزم تێناگەن، چونکە هەمان ئەو دەستەبژێر و حزبانەی کە بە جێبەجێکردن و چەسپاندنی فیدڕاڵیزم لە دەستووردا قایل بوون، هەر ئەوانەن کە ئێستا لە دەسەڵاتدان. کاتێک پارتە سەرەکی و گەورەکانی شیعە فیدڕاڵیزمیان لە سەردەمی دوای سەددام-دا پەسەند کرد، دڵنیا نەبوون کە بتوانن سوننەکان لە دەسەڵات دووربخەنەوە و خۆیان دەسەڵات بەدەستەوە بگرن. بەڵام کاتێک ئەم دۆخە بوو بە ئەمری واقیع و هەژموونی خۆیان بەسەر دەسەڵاتدا سەپاند، ڕێگرییان لە هەوڵەکانی بەفیدڕاڵیکردن کرد و لەبری ئەوە، بەرەو دەسەڵاتخوازیی ناوەندیی چوون. لەسەر بنەمای دەستوور، پارێزگاکانی دیکە دەیانتوانی بۆ پێکهێنانی هەرێمی خۆیان پێکەوە پێوەست بن، بەڵام هەوڵەکانیان لە لایەن بەغداوە ڕێگری لێ کرا.

 ئەگەر عێراق لە دوو ناوچەی فیدڕاڵ پێکبهاتایە، بۆ سیستمی فیدڕاڵی باشتر دەبوو، بە سەرنجدان لەوەی کە فیدڕاڵیزم لانیکەم پێویستی بە دوو هەرێم و دوو ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی فیدڕاڵی هەیە. هەر بۆیە، بەرپرسانی عێراقی لە بەغدا دەبێت بەرپرسیاریی ڕێگەنەدان بە پێکهێنانی ئەنجوومەنی دووەم لە ئەستۆ بگرن. لێرەوە دەگەینە ئەوەی کە هیچ نیازێک لە لایەن بەرپرسانی عێراقەوە بۆ جێبەجێکردنی سیستمی فیدڕاڵی بوونی نەبووە. لە بەشی حەوتەمدا و بابەتی فیدڕاڵیزمی دارایی، نووسەر ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر یاسای نەوت و غاز و یاساکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردن و دابەشکردنی سامانەکان بوونییان هەبووایە، ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دروست نەدەبوون. ئەگەر سیستمێکی فیدڕاڵیی کارا لە عێراقدا بوونی هەبووایە، حکومەتی بەغدا بودجەی هەرێمی کوردستانی لە ساڵی ٢٠١٤ نەدەبڕی کە بەپێی دەستوور دیاری کرابوو، تەنانەت مامەڵەی هەرێمێکی سەر بە دەوڵەتێکی ناوەندی لەگەڵ کوردستان دا نەکراوە، چونکە دەوڵەتانی ناوەندی بەگشتی، بەشێوازێکی ڕێکوپێک بودجەی هەرێمەکانی خۆیان دەنێرن. بڕینی بودجە "توندترین گورزی لە سیستمی فیدڕاڵیی عێراق وەشاند و بووە هۆکارێک بۆ هاندانی کورد کە بەرەو ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەنگاو بنێت، چونکە نایەکسانیی ئابووری و ناڕەزایەتیشی دروستکرد".

لە دەرئەنجامی بەشی حەوتەمدا، نووسەر ئاماژە بە ئاڵنگارییەکانی بەردەم بەکردەییکردنی فیدڕاڵیزمی دارایی دەکات، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ بەغدا بۆ گێڕانەوەی بودجەکەی بە بنبەست گەیشت، لە کۆتایی مانگی ئادار-ی ٢٠١٤ دەستی بە هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوت کرد. ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمەی نەکردایە، تەواو لێکهەڵدەوەشا، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی داعش لە مانگی حوزەیران-ی ٢٠١٤، دابەزینی لەناکاوی نرخی نەوت، هاتنی نزیکەی (٢٠٠٠٠٠٠) ئاوارەی عێراقی و پەنابەری سووری کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون.

لە کۆتاییدا داتا بەردەستەکان دەریدەخەن کە کورد لە دەستپێکەوە هەوڵیداوە کە کارکردن لە سێکتەری نەوت لە سەرتاسەری عێراق-دا بە شێوەی ناوەندی نەبێت. ئەم پرسە لە بەرژەوەندیی شاری بەسرای-ش بوو کە زۆرترین ڕێژەی نەوت لە عێراقدا بەرهەم دەهێنێت. کورد نەیدەویست بەغدا کۆنتڕۆڵی بەسەر سێکتەری نەوت لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت، ئەمەش لە ترسی دووبارەبوونەوەی مێژوو کە دەسەڵاتی سەددام نەوتی دەفرۆشت و چەکی پێ دەکڕی و پاشان لە دژی کورد بەکاریدەهێنا.

 لەکۆتاییدا، لە بۆچوونی کورددا فیدڕاڵیزم کە پەیوەستە بە دابەشکردنی دەسەڵات و سامانەوە، لە سەرەتادا بۆ ڕێگری لە دیکتاتۆری و ناوەندخوازیی عێراقی دوای سەددام پێشنیازکرا. لەگەڵ ئەوەشدا، دەسەڵاتدارانی عەرەبی عێراقی، فیدڕاڵیزم وەک ئامرازێک دەبینن کە کورد بۆ جیابوونەوە بەکاریدەهێنن و هەربۆیە، هەوڵیاندا بنەما سەرەکییەکانی بەناوەندی نەکردن لە دەستووردا هەڵوەشێننەوە، لەکاتێکدا سەرکردەکانی کورد ئەم هەوڵانەیان وەکو بەڵگەیەک بۆ نیازی عەرەب بۆ دامەزراندنەوەی دەسەڵاتی ناوەندی و گەڕانەوەی دەسەڵاتی زۆرداری سەیردەکرد.

لە بەشی هەشتەمدا، ئەنجامگیریی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان بۆ فیدڕاڵیزم و هەڕەشەکانی بەردەم جیابوونەوە، ئەم بەشە لە سێ بابەتی سەرەکیی پێوەست بەیەک لەسەر سیستمی حوکمڕانی بەشێوەیەکی گشتی و فیدڕاڵیزم لە عێراق بەشێوەیەکی تایبەتی، دەکۆڵێتەوە. قۆناغە جیاوازەکانی توندوتیژی، یاخیبوون و سەرهەڵدانی داعش زیانیان بە فیدڕاڵیزم گەیاند و لەکۆتاییدا کوردیان بەرەو گشتپرسی برد.

 شەڕی تائیفی، یاخیبوون، حوکمڕانییەکی لاواز کە عێراقی دوای ٢٠٠٣ ئەزموونی کرد، کاریگەرییەکی خراپیان لەسەر تەواوی سیستمی سیاسیی عێراق بەجێهێشت. پێکدادانی گرووپەکان لەنێو شەقامەکاندا، ڕەنگدانەوەی لەسەر ململانێ سیاسییەکان لە حکومەت و پەرلەمانیشدا هەبوو، ئەم ناکۆکییانە کەشوهەوایەکی سیاسیی ناهەمواریان دروست کرد کە هیچ بۆ سەرکەوتنی پرسی فیدڕاڵیزم یارمەتیدەر نەبوو. بیناکردنەوەی عێراقی دوای ٢٠٠٣ بە توندوتیژی، یاخیبوون، شەڕی گرووپەکان و حوکمڕانییەکی لاواز دەستی پێ کرد، لەکاتێكدا کە هەرێـمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕاڵ و نیمچەدەوڵەت بەر لە ساڵی ٢٠٠٣، بە چاوپۆشی لە کورتهێنانەکان و کەموکورتییەکان، دەستی بە ئاستێکی بەرزی ئاسایش، خۆشگوزەرانی و ئاوەدانکردنەوە لە تێکڕای سێکتەرەکاندا گەیشتبوو.

 لەئەنجامدا، تەواوی پرسەکانی پێوەست بە حوکمڕانیی لاواز، شەڕی گرووپەکان، دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠١١ و زیادبوونی دەسەڵاتی میلیشیاکان لە بەشەکانی دیکەی عێراق، هۆکاربوون بۆ ڕێزنەگرتن لە دەستوور و سیستمی فیدڕاڵی؛ هەر بۆیە، هەرێمی کوردستان هەنگاوی بەرەو ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هاوێشت.

دەرئەنجام و شیکاریی کۆتایی: ئەم کتێبە کە لە نووسینی د. هێمن ئاکرەیی-ە، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە عێراق وەک دەوڵەتێک لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٥ تاوەکو ٢٠١٧، هەرگیز سیستمێکی فیدڕاڵیی کارای نەبووە، چونکە بەرپرسانی بەغدا باوەڕیان بەم سیستمە نەبووە؛ بەڵکو تەنها چاویان لە دەسەڵاتێکی ناوەندی بووە. سیستمێکی فیدڕاڵیی کارا پێویستی بە کەسانێکە باوەڕیان بە فیدڕاڵیزم هەبێت و فیدڕاڵخوازبن، ئەم مەرجەش لە عێراقدا بوونی نییە. هەر بۆیە عێراق تەنیا بە ناو دەوڵەتێکی فیدڕاڵە. سەبارەت بە کوردستان، ڕێوشوێنە فیدڕاڵییەکان یارمەتیی هەرێمیان دا تا سەرچاوەی سیاسیی هەبێت و پێکهاتەیەکی دەوڵەتی دروست بکات، بەڵام ئەمانە هۆکاری سەرەکیی برەودان بە سەربەخۆیی نەبوون. بەڵکو جێبەجێنەکردنی دەستوور وەک خۆی و دابەشنەکردنی دەسەڵات و سامانەکان پاڵیان بە کوردەوە نا بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت. دۆخی گشتیی عێراق، بەتایبەت کێشەکانی پەیوەست بە حوکمڕانیی لاواز، ناسەقامگیری و زیادبوونی دەسەڵاتی میلیشیاکانیش فاکتەربوون بۆ ئەوەی هەولێر لە بەغدا دوور بکەوێتەوە. نووسەر پێیوایە ئەگەر لایەنە سەرەکییەکانی شیعە و سوننە دەیانەوێت عێراق یەکگرتوو و بەهێز بێت، سەرەتا دەبێت دووبارە پێناسەی فیدڕاڵیزم بۆ عێراق بکەنەوە و ڕێگە بدەن سیستمەکە، بەوجۆرەی لە دەستووردا جێگیرکراوە، لە سەرتاسەری ووڵاتدا جێبەجێ بکرێت. بە سەرنجدان لە ئەزموونی پێشووی نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٥ تاوەکو ٢٠١٧، دەبێت فیدڕاڵیەت بە دەسەڵاتی بەرفرەوانەوە بە کورد بدرێت. لەم نێوانەدا، بۆ هەبوونی سیستمێکی فیدڕاڵیی کارا، لایەنی کەم دوو هەرێمی فیدڕاڵ و دوو ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی فیدڕاڵ پێویستن؛ کە دووەمیان لە عێراقدا بوونی نییە. هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت ڕێز لە دەستوور بگرن و جێبەجێی بکەن و بە سازان هەمواری بکەنەوە. ئەگەر وا نەکەن، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت لەسەر بنەمای کۆنفیدڕاڵی ڕێکبخرێن؛ ئەگەرنا، عێراق و هەرێمی کوردستان بە ناسەقامگیری دەمێننەوە و هەرێمی کوردستان-یش، لانیکەم لە کورتخایەندا، وەکو قۆناغی پێش ساڵی ٢٠٠٣، کۆنفیدڕاڵیەتێکی دیفاکتۆ یان نیمچە دەوڵەتێک بە سنوورەکانی ئێستایەوە پەیڕەو دەکات.