گواستنەوەی عێراق بۆ رووداو: رۆژانە 10 بۆ 12 گەشت لە فڕۆکەخانەی بەسرە دەکرێن
هەرچەندە بەهۆی جەنگەوە ئاسمانی عێراق بەڕووی فڕۆکەوانیدا داخراوە، بەڵام وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، لە فڕۆکەخانەی بەسرە، رۆژانە 10 بۆ 12 گەشتی ئاسمانی دەکرێن.

مەیسەم سـافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی شەممە، 21ـی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 15ـی ئەم مانگەوە، هێڵی ئاسمانیی عێراقی رۆژانە نزیکەی 10 بۆ 12 گەشتی ئاسمانی بۆ شوێنی جیاواز لە چوارچێوەی پلانی بەپەلەی گەڕاندنەوەدا دەکات.
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە، لە 1945 دامەزراوە. هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە، کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیا، ئەفریقا و ئەورووپان.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، هێڵەکە سەرکەوتوو بووە لە کۆنترۆڵکردنی جەنجاڵی و گەڕاندنەوەی ئەو گەشتیارانەی کە خوازیاری گەڕانەوە بوون. زۆرینەی هاووڵاتییان لە فڕۆکەخانەکانی بەیرووت، تورکیا، جۆرجیا، کوالالومپور، قاهیرە، دوبەی و چەندین شوێنی دیکەوە، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرەوە گەڕێندراونەتەوە.
مەیسەم سـافی، روونیشی کردەوە، ئەو هاووڵاتییانەی لەو وڵاتانەن کە گەشتی راستەوخۆی هێڵی ئاسمانیی عێراقییان بۆ ناچێت، دەتوانن پەیوەندی بە نزیکترین شوێن یان نووسینگەی باوەڕپێکراوی کۆمپانیاکەوە بکەن لە شارەکانی وەکو: ئەنقەرە، قاهیرە، بەیرووت، ئیستەنبووڵ و دوبەی، بە مەبەستی بڕینی بلیت و گەڕانەوە بۆ وڵات.
داواش لەو هاووڵاتییانە دەکەن کە خوازیاری گەڕانەوەن، سەردانی نووسینگە فەرمییەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بکەن بۆ تۆمارکردنی ناوەکانیان، تاوەکو گەشتەکان رێکبخرێن.
فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بریتین لە بەغدا، بەسرە، نەجەف، کەرکووک، هەولێر و سلێمانی. لە 13ـی حوزەیرانەوە، بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و ئێران، گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق راگیران، ئێستا تەنیا فڕۆکەخانەی بەسرە بە سنوورداری کراوەتەوە. کاتی کردنەوەی فڕۆکەخانەکە سنووردارە و لە کاژێر 04:00ـی بەیانی تاوەکو 10:00ـی شەو کراوە دەبێت.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، باڵاترین دەسەڵاتی بەرپرس بووە لە چاودێریی ئاسمانی عێراق و مۆڵەتدان بە تیمی فڕۆکەوانی، رێگەدان بە نیشتنەوە و فڕینی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکانی عێراق. بەڵام 12ـی شوباتی 2024 دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق بە فەرمی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی رادەستی وەزارەتی گواستنەوە کرد.
سەرچاوە: ڕووداو