کچەمۆدێلێکی دیکە ئابڕووی لامین یامال دەبات
خانمە نمایشکارێکی جلوبەرگ بە لێدوانێکی ئاگرین ئابڕووی لامين یامالی ئەستێرەی بارسێلۆنا دەبات و دەڵێت "هەزارجار نامەی بۆ ناردووم و داوای کردووە لەگەڵیدا بچمە دەرەوە".

کلاودیا پاڤل، خانمە نمایشکاری جلوبەرگ چەندین نهێنیی شۆکهێنەری دەربارەی لامين یامال، ئەستێرەی یانەی بارسیلۆنای ئیسپانی ئاشکراکرد، کە لەماوەی دوو وەرزی رابردوودا بەهۆی درەوشانەوە بەرچاوەکەی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بووەتە یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی جیهانی تۆپی پێ.
کلاودیای تەمەن 29 ساڵ، لە لێدوانێکیدا بۆ بەرنامەی 'تیلیسینکۆ' رایگەیاند کە لامین یامال چەندین جار داوای لێکردووە چاویان بەیەک بکەوێت.
نمایشکارەکە گوتی "هاوڕێیەکی هاوبەشمان هەیە، یامال لە رێگەی ئەوەوە ویستی پەیوەندیم پێوە بکات و لە رێگەی واتسئاپەوە لە 8ـی ئەیلوولی رابردوودا نامەی بۆ ناردم".
ئەو خانمە زیاتر گوتی "هەزار نامەم لە لامینەوە پێگەیشتووە کە داوام لێدەکات بچم بۆ ئەو شوێنەی تێیدا دەژی، هەروەها بانگهێشتی کردووم بۆ ئەو ئاهەنگە تایبەتانەی کە رێکیاندەخات. هەروەها چەندین تۆماری دەنگیم لایە کە داوادەکات لەگەڵی بم، تەنانەت ئەگەر لە تەمەنی یاساییشدا نەبێت".
کلاودیا ئەوەشی ئاشکراکرد کە لەچەند بۆنەیەکی جیاوازدا لە بارسێلۆنا توانیویەتی چاوی بە یامال بکەوێت و ئاماژەی بەوەش کرد کە یاریزانەکە هۆشداریی پێداوە چیرۆکەکەیان بۆ هیچ کەسێک باس نەکات.
کلاودیا پاڤل وەڵامی لامین لەلایەکی دیکەوە، هەمان ئەو بەرنامەیەی کە نمایشکارەکە تێیدا قسەی کردووە، وەڵامێکی ئەستێرەکەی بارسێلۆنا لەسەر ئەو بابەتە خستەڕوو. بەگوێرەی ئەوەی بەرنامەکە خستییەڕوو، یامال بەتەواوی قسەکانی کلاودیا رەت دەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەگەڵ دایکیدا لەماڵەوە دەژی و دایکی رێگە نادات هیچ خانمێکی دیکە بچێتە ماڵەکەیانەوە.
لامین هەروەها هۆکاری ئەو قسانەی کلاودیا بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە خۆی ئەوەی رەتکردووەتەوە و دەڵێت "پێموایە لێم تووڕە بووە، چونکە رۆژێک رەتمکردەوە بیبینم".
بەبێ کەپڵ ناژی
خاڵێک کە لەوانەیە کاریگەری نەرینی بەسەر ئاستی لامینەوە هەبێت لەنێو یاریگاکاندا ئەوەیە کە ئەو بەبێ کەپڵ ناژیت و پەیوەندی زۆری بە کچانەوە هەیە. بەگوێرەی هەندێک لە نزیکەکانی لامین، ئەو کوڕە تاوەکو ئێستا لە چەندین خۆشەویستی جیابووەتەوە، بەڵام باکی بەوە نییە، چونکە ئێستا ئەو یەکێکە لە بەنێوبانگترین و پڕهەوادارترین یاریزانانی جیهان و هەر کاتێک حەزی لێبێت دۆست و خۆشەویستی دەبێت.
لامین سەرەتا بە ئەلێکس پادیلا دەستیپێکرد، بەڵام دواتر لێیجیابووەوە، پاش ئەوەی تۆمەتبارکرا بە خیانەتکردن لە لامین، کاتێک لە ڤیدیۆیەکدا لەباوەشی کوڕێکی دیکە دەرکەوت، بەڵام لامین هەرزوو خانمێکی دیکەی دۆزییەوە.
دوای پادیلا هاوڕێ نوێیەکەی لامین خانمە مۆدێلێکی بەڕەچەڵەک رووسی بوو بەناوی ئەلیسا، کە ئێستا لە بارسێلۆنا دەژیت و وەک مۆدێل کاردەکات، کە بەم دواییە تەمەنی بووەتە 20 ساڵ. دەگووترێت پێش ئەو مۆدێلە رووسییە و ئەلێکس پادیلا، ئایتانا ئۆکانا مۆرالێس هەبوو کە بە ئایتانا ناسراوە، گۆرانیبێژ و ئەکتەر و گۆرانیبێژی ئیسپانییە.
مۆرالێس بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2017 نێوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا، کاتێک لە زنجیرە نوێیەکەی پێشبڕکێی بەهرەمەندەکانی تەلەڤزیۆنی بەناوی Operación Triunfo پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
فاتی ڤاسکێز، نوێترین کچەهاوڕێی لامین یامالە، کە لە رۆژانی رابردوودا، وێنەی پێکەوەی ڤاسکێزی 30 ساڵان و لامینی 17 ساڵان لە میدیاکانی ئیسپانیادا بە فراوانی بڵاوبووەوە، پاشئەوەی پێکەوە لە گەشتێکدا دەرکەوتن.
دەرکەوتنی لامین و فاتی، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت کە یاریزانەکەی بارسێلۆنا هێشتا تەمەنی نەبووەتە 18 ساڵ و بەمێرمنداڵ دادەنرێت.
ڤاسکێز پێشتر خزمەتگوزاری نێو فڕۆکە بووە و خاوەنی منداڵێکە. لە دوای ئاشکراکردنی پەیوەندییەکەی لەگەڵ یامال، رایگەیاندبوو لە سۆشیال میدیاوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.
سەرچاوە: ڕووداو