مێسی سزا دەدرێت؟
لیۆنێل مێسی بەشداری لە یاریی هەموو ئەستێرەکان (ئەستێرەکانی خولی ئەمریکی × ئەستێرەکانی خولی مەکسیکی) نەکرد و سزاش نادرێت، لەکاتێکدا ئەو یاریزانەی بانگهێشتی یارییەکە دەکرێت و ئامادە نابێت، بەپێی یاسای خولی ئەمریکی یارییەک سڕ دەکرێت.
لە یاریی هەموو ئەستێرەکان، کە بەبێ بەشداریی لیۆنێل مێسی بەڕێوەچوو، ئەستێرەکانی خولی ئەمریکی 3ـ1 لە ئەستێرەکانی خولی مەکسیکییان بردەوە، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا لیۆنێل مێسی سزا دەدرێت یان نا؟
ئەگەر مێسی سزا بدرێت مافی ئەوەی نابێت لە یارییە گرنگەکەی 27ـی ئەم مانگەدا بەشداری بکات، کە ئینتەرمەیامی لەخولی ئەمریکیدا میوانداریی یانەی سینسیناتی دەکات، بەڵام ئایا سزا دەدرێت؟ ئەگەر سزا نادرێت، هۆکار چییە؟
پێناچێت خولی ئەمریکی سزای مێسی بدات، چونکە پاساوی ئەوەی بۆ دێنێتەوە کە تیپەکەی بەشداری لە جامی جیهانی یانەکاندا کردووە و دواتر پشوویان وەرنەگرت و گەڕانەوە بەشداری لە خولی ئەمریکی و یارییە دواخراوەکاندا کرد، بۆیە ئەوان ماندوون و مافی ئەوەیان هەیە پشوو بدەن.
دۆن گاربەر، کۆمسیاری خولی ئەمریکی لەو بارەیەوە گوتی "میامی خشتەیەکی جیاوازی هەیە بەراورد بە تیپەکانی دیکە، زۆربەیان پشوویەکی 10 رۆژییان وەرگرت، بەڵام مەیامی ئەو پشووەی وەرنەگرت. لیۆ لە زۆربەی ئەو یارییانەی بەشداریی تێدا کردووە 90 خولەکی تەواو یاریی کردووە".
ئەو زیاتر گوتی "بەڕاستی پێمان خۆش بوو لیۆ لێرە بووایە، ئەمڕۆ بەیانی پێمگوترا کە مێسی و ئەلبا راهێنانیان نەکردووە، بۆیە بەشداری نەکردنیان لەم یارییەدا پاساوی خۆی هەیە".
لیۆنێل مێسی تاوەکو ئێستا لە هیچ یارییەکی ئەستێرەکانی MLSـدا بەشداری نەکردووە و ساڵی رابردووش بەهۆی پێکانەوە ئامادەنەبوو.
سەرچاوە: ڕووداو