لە قوشتەپە 2036 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکرا
لە سنووری قەزای قوشتەپە تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا کرا؛ پارێزگاری هەولێر دەڵێت، 2036 فەرمانبەر سوودمەند دەبن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-07-2025، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە سنووری قەزای قوشتەپە دەست بە تیروپشکی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا کرا.
لە رێوڕەسمەکەدا ئومێد خۆشناو گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''2036 فەرمانبەر لە هەردوو راژەی سەربازی و مەدەنی لە بڕیارەکە سوودمەند دەبن.''
27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون. پارێزگاری هەولێر ئاماژەی دا، ''هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ کە پڕۆسەکە بە باشی بەڕێوەبچێت و هەفتانە بەپێی سنوورە دیاریکراوەکان، پارچە زەوییەکان دابەش دەکرێن.''
لە قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەویدا، کۆتایی پار لە هەولێر پێنج هەزار پارچە زەوی، لە سلێمانی 6 هەزار و 577 زەوی، لە دهۆک هەزار زەوی، لە زاخۆ هەزار و 241 پارچەزەوی و لە گەرمیان دوو هەزار و 474 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکران.
17ـی ئەم مانگەش، لە هەولێر تیروپشک بۆ ناوی نزیکەی 14,000 فەرمانبەر کرا و لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بە گوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.
سەرچاوە: ڕووداو