نێوەندگیرییەک لە جۆری باڵا.. نێچیرڤان بارزانی سەرلەنوێ کارتەکانی ململانێ رێکدەخاتەوە
خەیری بۆزانی
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گۆڕەپانەکاندا لێدوان نادات، بەڵکو بە گوێی پادشاکاندا دەچرپێنێت، ئەو تاڵە رایەڵەیەکی نەبینراوی لەنێوان ئەنقەرەی تورکیا و هەسەدەی رۆژاڤا درێژکردەوە و بە نەرمیی ئاوریشمی سیاسی و ئارامی و دانبەخۆداگرتنێکی لێزانانەوە کەوتە چنینی. ئەم سیاسەتە ملنانی تورکیای وەستاند وەک چۆن ئاگرێک بە تنۆکێک ئارامی خەفە دەکرێت، هەروەک واشنتنیشی قایل کرد بەوەی کە سووریا جوگرافیایەکی ناوەندی نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکی فرەچەشنە و کورد ترپەی دڵێتی. پاریسیش ئەو مۆمی دیدارەی پێیکردووە هیچ بایەک نایکوژێنێتەوە، هەمیشە وشەکان لە تفەنگەکان کاریگەرترن. کۆبوونەوەی پاریس دواخراوە، بەڵام هەر هەڵنەوەشاوەتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان شان بە شانی هەردوو لایەنی هاوکێشەکە رێ ناکات، بەڵکو سەرلەنوێ نەخشەی دەکێشێتەوە، دەستی راستی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان درێژ دەکات و بە دەستی چەپیشی ئەو ئەگەرانە واژۆ دەکات کە پایتەختەکان پڕکێشییان ناکەن، ئەو تەنیا نێوەندگیرێک نییە و بەس، بەڵکو سێبەری ئەو زریانەیە کاتێک رەشەبا واز لە سەرکێشی و خۆڕاگری دێنێ. قسەکردن لەبارەی نێچیرڤان بارزانییەوە باسکردنی رۆڵێکی سیاسیی تێپەڕ نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی شوێن پێی تارماییەک کە بە نێو هێڵە ئاگرینەکاندا تێدەپەڕێ بەبێ ئەوەی ئاگر زەفەری پێ ببات. بەپێی راپۆرتێکی (ئەلمۆنیتۆر)ی ئەمەریکی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لایەنی سێیەمی ململانێیەکە نەبووە، بەڵکو چاودێر و پارێزەری هاوسەنگییەک بووە کە لە بنەڕەتدا فشۆڵ و ناتۆکمە بووە، وەک هێلکەیەک لە دەمی مارێکدا.
تورکیا کە بەردەوام هەسەدەی وەک دووژمنێک و هەڕەشەیەک بۆ ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بینیوە، دەستیکردووە بە هێوربوونەوە، لە خۆشەویستی بۆ بەرامبەرەکەی نا، بەڵکو لە بانگەوازی نێچیرڤان بارزانییەوە کە دەزانێ چۆن بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دروست دەکات لەگەڵ ئەنقەرە: لە هەستیارییەکەیەوە، لە ئەجێندا ساردەکەی، لە سەقامگیری ویستییەوە، لە رایەڵەی گاز و تونێلەکانی بەرژەوەندییەوە. هاوکات، نێچیرڤان بارزانی دوای گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکە بەهێزەکەی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان وازی نەهێنا، بەڵکو لە دەرگای واشنتنیشی دەدا، تاوەکو بە دەربڕینێکی سادە، بەڵام بەهێزی لۆژیک و کەتوار(واقع)بینییەوە وەڵامی گوتاری ناوەندییانەی (ئەحمەد شەرع) بداتەوە: سووریا بە تاکە گۆچانێک بەڕێوەنابردرێت و بە مشتێکی ئاسنین بە بریقەی دەیان ساڵ لە سەرکوتکارییەوە فەرمانڕەوایی ناکرێت. ئەو دەیزانی کە فرەچەشنیی سووریا حەوسەڵەی دەسەڵاتی "مۆنۆگرافیای خۆسەپێن"ی نییە و ئەو مۆزایکە بە چەکوش پێکەوە نالکێنرێت.
نێچیرڤان بارزانی خۆی وەک پەیامبەرێک ناناسێنێت و ئامانجی پەرژینی پیرۆزی نییە بۆ خۆی، بەڵکو وەک راپۆرتەکە باسی لێوە دەکات، ئەو دانوستاندنکارێکی لێهاتووە. دەنگی بەرزناکاتەوە، بەڵام دەنگێکی بیستراوی هەیە. هەڕەشە ناکات، بەڵام لێی دەترسرێت، خۆی دەرناخات، بەڵام لەنێوان دێڕەکاندا دەخوێنرێتەوە. ئەو ویستی نەک هەر (هەسەدە) لەسەر مێزی دانوستاندن دابنێ و بەس، بەڵکو لە نێو جەرگەی هاوکێشەی سووریادا بێت، هاوبەشێک بێت نەک سواڵکەر، بەشێک بێت لە چارەسەر نەک لە گرێکان.
پاریس، کە هەمیشە بایەخێکی تایبەت دەداتە شانۆی سیاسیی رۆژهەڵات، چووە نێو بابەتەکەوە، بە ئەجێندای ئیمپریالیی کۆنەوە نا، بەڵکو وەک نێوەندگیر و ئەندازیاری رێککەوتنێک کە بشێت دیمەنێک بگۆڕێت کە لە مێژە تۆزی لەسەر نیشتووە. هەریەک لە مەزڵووم عەبدی و تۆم باراک دۆسیەی خۆیان پێیە، بەڵام ئەو گیانانەی کە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن نابینرێن: گیانی شەهیدانی سڤیل، شارە خاپوورکراوەکان، گوندە چۆڵکراوەکان، هەمووشیان چاوەڕێی بڕیارێکن کە کۆتایی بە دۆخی "کاتی"یان بهێنێت.
ناکرێ رەهەندی فەلسەفیی نێوەندگیریی نێچیرڤان بارزانی فەرامۆش بکەین: پیاوێکی کوردستانی، نێوەندگیری لە ململانێیەکی سووری دا دەکات، لە نێوان بەرامبەرێکی تورکی، سەرپەرشتیارێکی ئەمریکی و بە بەر چاوی فەرەنسییەوە، تاوەکو هەموویان قایل بکات بەوەی ناسنامە لەناونابرێت و پێکەوەژیان ناسەپێنرێت بەڵکو رێکدەخرێت. بەم شێوەیە، نێچیرڤان بارزانی تەنیا لە پێناوی (هەسەدە)دا دانوستان ناکات، بەڵکو لە پێناو بیرۆکەیەکدا کە لە مێژە نەخشەکانی خوێن بزریان کردووە: کورد شوێنێکی هەبێت بەبێ ویسایە، بەبێ کۆت و بەند، بەبێ مەزادکردن. خەونی کوردی، ئەگەر بەشێکیشی بێت، ببێتە هەقیقەتێک و بتوانێ لەسەر زەوی ڕێ بکات، گەرچی بە پیێ خاوسیش بێت. ئەمە هێشتا سەرکەوتن نییە، بەڵام رستەیەکە لە گوتارێک وای دەخواست کە تێکڕای هاوار بێت.
سەرچاوە: ڕووداو