ڕۆژی جیهانیی تەندروستیی ڕووەک: بانگەوازێک بۆ پاراستنی ژیان لە سایەی گۆڕانی کەشوهەوادا

د. سیروان عەبدولکەریم عەلی
١٢ی ئایاری هەموو ساڵێک، بە ڕۆژی جیهانیی تەندروستیی ڕووەک دانراوە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی و کشتوکاڵەوە. ئەم ڕۆژە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٢٢ یادکرایەوە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری مرۆڤ بۆ چادێریی ڕووەک تاکوو بەردەوامی بدرێ بە ژیان و پێویستیی بەپەلە بۆ پاراستنی ڕووەک لە ئافات و نەخۆشییەکان و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بخرێتە بەرباس و توێژینەوە.
ئاشکرایە ڕووەک ٨٠٪ ی خۆراک و ٩٨٪ ی ئەو ئۆکسجینە دابین دەکات کە هەناسەی پێ دەدەین، لەگەڵ ئەوەشدا، بە شێوەیەکی بەردەوام هەڕەشەکانی نەمانی ڕووەک زیاتر دەبن، ئەمەیش بەهۆی چالاکیی مرۆڤ و پیسبوونی ژینگە و تێکچوونی هاوسەنگیی کەشوهەواوە. بەگشتی ئەم کێشەیە جیهانییە؛ بەڵام لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاترە و دەستوبردی دەوێ، بەتایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی، و پشتگوێخستنی ژینگەیی بە شێوەیەکی مەترسیدار دەرکەوتوون.
ئەو هەرێمەی کە بە دەشتە بەپیتەکانی و ڕووبارە بەخوڕەکانی ناسرابوو، ئەمڕۆ ڕووبەڕووی وشکەساڵی دەبێتەوە و کەمبوونەوەی ڕێژەی باران و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، تەنگیان پێ هەڵچنیوە. ئاستی ڕووبارەکانی زێی گەورە، زێی بچووک و ڕووباری سیروان و تەنانەت دیجلە و فوراتیش بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیون و لەگەڵیشیاندا، زەوییە کشتوکاڵییەکان دەستیان بە بیابانبوون کردووە.
ئەم بارودۆخە بەهۆی زیادەڕەوی، فراوانبوونی شارنشینی و بڕینی دار و درەختەوە خراپتر بووە، کە وای کردووە زەوی ڕووت و تووشی ڕاماڵین ببێت و بەرەو بیابانبوون بچێت. لەم ساڵانەی دواییدا، هەرێمی کوردستان بارودۆخی کەشوهەوای بەرەو خۆڵبارین چووە و ڕەشەبای خۆڵ کە لە خوارووی وڵات و ناوچەکانی ترەوە هەڵدەکات، ژیانی دانیشتوانەکەی قورستر کردووە.
ئەم ڕەشەبایانە تەنها دیاردەیەکی وەرزیی بێزارکەر نین، بەڵکوو نیشانەی داڕمانی ژینگەیین. کاتێک پانتایی دار و درەخت و ڕووەکی کەم دەبێتەوە، خاک جێگیریی خۆی لەدەست دەدات و ئاسان دەبێت کە با هەڵیبگرێت، دواتر دەبێتە هۆی پیسبوونی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی کوالێتیی ژیان و زیانگەیاندن بە تەندروستیی مرۆڤ و ڕووەک و گیانلەبەرانیش. ئەمەش تەنها پرسێکی زانستی نییە، بەڵکوو قەیرانێکی مرۆیی گەورەیە کە ژیانی جووتیار و ئاژەڵدار و شار و گوند و کۆمەڵگەکان بەگشتی دەگرێتەوە.
لە ناوەڕۆکی ئەم قەیرانەدا، ڕاستییەکی سادە بەڵام بەهێز هەیە: "مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەک بازنەیەکی زیندەگیی تێکەڵکێش پێکدەهێنن." ئاژەڵ ڕووەک دەخوات، بەڵام مرۆڤ هەردووکیان دەخوات. لەکاتێکا بەرپرسیارێتیی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی مرۆڤ، چونکە خاوەن هۆشیاری و بەرپرسیارێتییە و ئەرکی پاراستنی ئەم هاوسەنگییە لە ئەستۆ دەگرێ.
کەواتە ئەگەر ئاژەڵ بەردەوام بێت لە زیادبوون، و مرۆڤ بەردەوام بێت لە خراپ بەکارهێنانی ژینگە، ئەوا سیستەمی ژینگەیی بە تەواوی دادەڕمێت. ئێمە ڕۆژانە چەندین تەن لە گۆشت و ڕووەک بەکاردەبەین، بەڵام زۆر پرسیار ناکەین لەوەی چی قەرەبوویان دەکاتەوە؟ چی ڕوودەدات کاتێک دارستانەکان نامێنن و هیچ هێزێک نامێنێت خاک جێگیر بکات؟ چی ڕوودەدات کاتێک ئاژەڵەکان برسی دەبن و زەوی وشک دەمێنێتەوە؟ بۆ پاراستنی ئەم هاوسەنگییە، پێویستمان بە پلانی فەرمی و حکوومییە تاوەکوو هەنگاوی خێرا بنرێت.
لە هەرێمی کوردستان، پێویستە درەختی زیاتر بچێنین، دارستانەکان بپارێزین، ڕاوکردن ڕێکبخەین، و هۆشیاری ژینگەیی لە پرۆگرامی خوێندن و قوتابخانەکان و وتاری هەینیی مزگەوتەکان و ڕێنمایی کەنیسە و پەرستگەکان و کۆمەڵگەدا ڕەنگبداتەوە. هەروەها پێویستە ئاو وەک گەنجینەیەکی پیرۆز مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، پلانی خۆجێیی پەرەپێبدەین کە پشتبەستنمان بە سەرچاوە دەرەکییەکان کەم بکاتەوە.
پێویستە جۆراوجۆریی بایۆلۆژی - واتە جۆراوجۆریی ڕووەک و ئاژەڵ بەشێک لە بەرنامەی کاری دەوڵەت بێت و پاکڕاگرتنی هەوا، تەندروستیی خاک، و جێگیریی کەشوهەوا پێشینەی کاری دەزگا پەیوەندیدارەکان بێت. ڕۆژی نێودەوڵەتیی تەندروستیی ڕووەک تەنها بۆنەیەکی ڕەمزی نییە، بەڵکوو بیرهێنانەوەیەکە کە داهاتوومان پشت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردنمان لەگەڵ ئەمڕۆی زەویدا دەبەستێت وا دەکات خەمی نەوەکانی داهاتوومان بێت.
لە هەرێمی کوردستان، کە گۆڕانی کەشوهەوا چیتر هەڕەشەیەکی ئەگەری نییە، بەڵکوو ڕاستییەکی بەرهەستە؛ پێویستە لە پێشەنگی ئەوانە بین کە هەوڵی گەڕاندنەوەی هاوسەنگی دەدەن. هەر درەختێک بچێنرێت، هەر کێڵگەیەک بپارێزرێت، هەر هەڵمەتێکی هۆشیاری دەست پێ بکات، هەنگاوێکە بەرەو پاراستنی نەوەکانی داهاتوو.
ئێستا شانازی بە چالاکییەکانی (ڕێکخراوی بەژین بۆ ئافرەتانی ڕزگاربووی ئەنفال)ەوە دەکەم، کە لە ساڵانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٣ هەڵمەتی بەرفراوان و گرنگی کاری ژینگەپارێزی و سەرچاوەی ئاو و پاراستنی هاوسەنگیی کەشوهەوا تەوەری سەرەکیی بەرنامەی کارمان بوو کە لە گەرمیان، چەمچەماڵ، سەنگاو، ئاغجەلەر و گوندەکانی دەوروبەری جێبەجێمان دەکرد. هەروەها دوو کۆنفرانسی فراوانی ژینگەپارێزیمان لە چەمچەماڵ و کەلار ئەنجام دا.
دیسان دەیڵێمەوە، گەردوون لەسەر هاوسەنگییەکی ورد بنیاتنراوە و ئەگەر ئەم هاوسەنگییە بشکێنین - بەوەی ئاژەڵان بێسنوور سەوزایی قڕ بکەن، بڕینی دار و درەخت بێ چاندنەوەی بەرنامەدار بەردەوامبێت، بەکارهێنانی زیاتر لەوەی بەرهەمی دەهێنین- ئێمە بەرەو کارەسات دەڕۆین.
بەڵام ئەگەر بازنەی ژیان بپارێزین، تێبگەین کە ڕووەک ئاژەڵ بەخێو دەکات و ئاژەڵیش مرۆڤ و مرۆڤیش بەرپرسیارە لە هەردووکیان، ئەوا دەتوانین داهاتوویەک بنیات بنێین کە شەپۆلەکانی وشکەساڵی و زیانەکانی لەمەزیاتر نەبن، ئەگەر سەوزایی فراوانتر بکرێت، ئەوا خۆڵبارین و ڕەشەبا قوڕاوییەکان لەمەی ئێستا زیاتر نابن.