بەریتانیا مەرجی پێدانی وڵاتینامە بە پەنابەران قورستر دەکات
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڵێن دەدات، پلانی نوێی حکومەت، یارمەتیی کەمکردنەوەی بەرچاوی کۆچبەران دەدات؛ دەشڵێت، بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە پێویستە پەنابەران 10 ساڵ بمێننەوە.

رۆژی دووشەممە 12-05-2025 کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، لەمەودوا ئەوانەی دەیانەوێت وڵاتینامە وەرگرن، پێویستە 10 ساڵ لە وڵاتەکە بمێننەوە. لەکاتێکدا پێشتر ماوەکە 5 ساڵ بوو. وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت، پلانی نوێی حکومەت تاوەکو 2029، "دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی 100 هەزار کۆچبەر."
کێمی بادنۆچ، ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا لە پارتی پارێزگاران گوتی: "ئەمە تەنانەت نزیکیش نییە لەو گۆڕانکارییانەی پێویستمانە."
حکومەتەکانی پێشوو لە کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەران سەرکەوتوو نەبوون. لە حوزەیرانی 2023ـدا چوونی کۆچبەران بۆ بەریتانیا گەیشتە لووتکە و 906 هەزار کەسی تۆمارکرد. ساڵی پێشووش 728 هەزار کەس بوو. ستامەر گوتی، ئەو رێوشوێنە نوێیانەی دایانناون، بۆ گرتنە دەستی کۆنتڕۆڵی هەموو سیستمەکە پێویستن.
بەگوتەی ستامەر: "ئەو پلانە نوێیە دەبێتە هۆی دروستکردنی سیستمێکی دادپەروەرانەی کۆچبەران، کە سەرنج دەخاتە سەر کۆنتڕۆڵکردنی ئەو کەسانەی دێنە نێو بەریتانیا." سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەروەها گوتی: "تەواوی سیستمی کۆچبەری وەک کار، خێزان و خوێندن تووند دەکرێت و یاسای بۆ دادەنرێت. لە هەموو کاتێک زۆرتر یاسا جێبەجێ دەکرێت و کۆچبەران کەمدەبنەوە."
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، ئەو هەنگاوانە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی حەوت بۆ هەشت هەزار کۆچبەر لە ساڵێکدا، کە بۆ کارکردن روو لە بەریتانیا دەکەن. سەرەتا بەریتانیا دامەزراندنی کەسانی بیانی بۆ کاری (چاودێری) رادەگرێت و ڤیزایان پێنادات، کۆمپانیاکان پێویستە کەسانی بەریتانی دابمەرزێنن، یان ڤیزەی ئەو کارمەندانەی پێشتر قبووڵکراون، درێژبکاتەوە.
هەر کۆمپانیایەکیش کارمەندی بیانی دابمەزرێنێت، دەبێت باجی زیاتر بدات. بەریتانیا هەروەها باجی زیاتر دەخاتە سەر ئەو خوێندکارانەی کە خەڵکی ئەوێ نین و لەوێ دەخوێنن، کۆلێژەکانیش یاسای تووندتریان لەبارە خوێندکارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر جێبەجێ دەکرێت.
حکومەتەکەی ستامەر هەروەها داوا دەکات بەشێکی زۆری ئەوانەی داواکاری پێشکێش دەکەن بۆ ئەوەی کاریان دەستبکەوێت، دەبێت بڕوانامەیان لەو بوارەدا هەبێت. لەو کەرتانەی هێزی کاری تێدا کەمە، حکومەت داوای بڕوانامەی نزمتر دەکات، ئەمەش بۆ ئەوەی کورتهێنان روونەدات.
پێشبینی دەکرێت، 180 جۆری جیاوازی کار و پیشە بەهۆی ئەم یاسایە پێویستی بە بڕوانامە بێت. هەنگاوێکی دیکە قورسترکردنی مەرجی زانینی زمانی ئینگلیزییە، بەشێکی پلانەکەش بەهۆی هەستیاریی یاساکانەوە، لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی کۆتایی لەسەر دەدرێت. نایجل فاراج، سەرۆکی پارتی چاکسازیی بەریتانیا رەخنەی لەو پلانە نوێیە گرت و گوتی: "هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات."
سەرچاوە: ڕووداو