ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ی ئابی 2025، لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر، هەردوو شاندی دانوستاندکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامییان بە کۆبوونەوەکانیان دا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هاوبەش، "هەردوولا لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان کردەوە کە؛ لەژێر رۆشناییی ئەو بنەما و پڕنسیپانەی لە دیدگەی هاوبەشی نێوان هەردوولادا رێککەوتنی لەسەر کراوە و ئەو هەنگاوانەی نراون لە پێناو رێکخستنی کاری هاوبەش بۆ قۆناخی داهاتووی حوکمڕانیی کوردستان، بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها باس لە هەنگاوە کردەییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە کرا.
لە راگەیێندراوەکە دا هاتووە: "بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ئەو پێشهاتانەی لە ئارادان، بۆ رێزگرتن لە ویست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان و ئەو بەڵێنانەی هەردوولا بە جەماوەری خۆیان دابوو و دەرئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و پارێزگاری لە پێگەی یاسایی و سیاسیی هەرێمی کوردستان."
ئەوە لەکاتێکدایە، لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو؛ 2-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا و تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دیکە نەکراوە.
لە کاتی ئاساییدا، بەگوێرەی بڕگەی سێیەمی مادەی 51ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان "رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە تایبەت دەبێت بە دانیشتنی پەرلەمان"، بەڵام لە هەشت مانگی رابردوودا پەرلەمان هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە. هاوکات، تاوەکو ئێستا کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهێندراوە.
سەرچاوە: ڕووداو