ئەمڕۆ دووشەممە 25-8-2025 دەریا رۆستەم، دەروونناسی کلینیکی لەنێو کۆنفرانسەکە بە رووداوی راگەیاند، بە دوو توێژینەوە بەشدارن و دەیانەوێت لە دۆخی دەروونیی قوربانییان و نەوەکانیان بکۆڵنەوە، ئەنجامەکانیش نەرێنین.
دوای 9 ساڵ لە جینۆسایدکردنیان ئەم توێژینەوەیە لەسەر 405 ئێزیدی کراوە لە دوو کەمپی هەرێمی کوردستان، توێژینەوەکە لەماوەی نێوان 1-7-2023 تاوەکو 7-11-2023 کراوە، ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخستووە، تەنگژەی دەروونیی دوای رووداوەکان PTSD بە هەردوو شێوەی مامناوەن و تووند لەنێو نەوەکانی قوربانییاندا دەرکەوتوون.
ئەو رێژەی تەنگژەیە بەجۆرێک بووە، 18 لە نەوەکانی قوربانییان تووشی PTSD و 46ـیان تووشی CPTSD بوون کە دۆخێکی تووندی تەنگژەی دەروونیی دوای رووداو و کارەساتەکانە. هەروەها خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لە قوربانییە مێیەکان زیاتر بووە.
ئەمانە خوارەوە نیشانەکانی تەنگژەی دەروونی دوای رووداوەکانن؛
* خەمۆکی
* هەستکردنی بە تەنیایی
* خەونی ناخۆش
* دڵەڕاوکێ
* ناڕێکیی بیرکردنەوە و بڕیاردان
* کەمخەوی
* هەڵچوون و تووڕەیی
* گۆشەگیری
چارەسەرەکان دەکرێت ئەمانە بن؛
* جیاکردنەوەی کەسی تووشبوو
* گۆڕینی شێوازی ژیان
* پاڵپشتیی دەروونی
* گۆڕینی ژینگە
* دەرمان